شرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

مەرکەزیەتی میدیایی لە کابینەی نۆیەمدا

(١)

لەوەتەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم (لە ٢٠١٩)ەوە تا ئەوڕۆ، لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی هەر (١٩) وەزارەت و دوو بەشی تایبەت بە چالاکییەکانی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران، بە تێکڕا شەش هەزار و ٣٩٥ هەواڵ و چالاکی، بڵاوکراونەتەوە.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بە هەر نۆزدە وەزارەت، چوار هەزار و ٦٧٣ هەواڵ و چالاکی بڵاوکراونەتەوە؛ هەروەها هەزار و ٤١٤ هەواڵ و چالاکی تایبەت بە سەرۆکوەزیران و لە بەرانبەردا تەنیا ٣٠٨ هەواڵ و چالاکیی جێگری سەرۆکوەزیران.

 

(٢)

مرۆ دەتوانێت لە دەلاقەیەکی سیاسییەوە لێکدانەوە بکات، بۆ جیاوازی گەورە لە ژمارەی هەواڵەکانی پێوەست بە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، بەدڵنیایی دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت، کە پێگەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ جێگرەکەی قەت هاوتا نین.

 

(٣)

ڕۆژنامەنووسان و توێژەرانی جددی، دەبێت سەرنجی وردتر بدەن، بەڕەچاوکردنی دۆخی کابینەکە و ئەو ترازانەی لە نێوان هەردوو نوێنەرایەتییە سیاسییەکەدا هەیە؛ ئەو چالاکییانەی لە هەژمارە لاوەکییەکەی سەرۆکوەزیران دانراون، وەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێک، زۆرجار هەمان چالاکی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانیش هەیە، بەڵام لە ماڵپەڕەکەدا نییە. ڕەنگە بابەتەکە پێویستی بە قوڵبوونەوەی زیاتر بێت، لەڕووی بنەمای فەرمیی دیدار و کۆبوونەوەکان، دەبێت ئەو پرسیارە بکرێت، داخۆ دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران، بە سیفەتی پێگە حکوومییەکەی بووە؟!

 

(٤)

یەکێک لە هەنگاوەکانی بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندنی حکوومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا، کۆتاییهێنان بوو بە دەسەڵاتی میدیایی وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان؛ بەو ئاڕاستەیە کۆتایی بە ماڵپەڕی سەربەخۆی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان هێنرا؛ لە بەرانبەردا هەر وەزارەتێک لینکێکی لاوەکی وەک پاشکۆ لە ماڵپەڕی سەرەکی حکوومەتی هەرێم بۆ تەرخانکرا.

 

(٥)

لە کابینەی نۆیەمدا، مەرکەزیەتێکی میدیایی پیادە کرا/دەکرێت، بە جۆرێک، کە بە نموونە وەزیرێک لە حکوومەتی هەرێم، دەسەڵاتی ئەوەی نییە، تەنانەت هەواڵێک لە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی خۆی دابنێت، بەڵکوو دەسەڵاتی نییە تەنیا وشەیەک لە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی بڵاوبکاتەوە! وەزارەتەکان ئەگەر بیانەوێت هەواڵێک، چالاکییەک، ڕاگەیەندراوێک، بەڵکوو هەر یاسا و ڕێنماییەکی تایبەت بە وەزارەتەکەیان بڵاو بکەنەوە، دەبێت بینێرن بۆ دەستەیەک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەربە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن کە ئایا بڵاو بکرێتەوە یان نا؟!

 

(٦)

زۆرینەی هەرە زۆری ئەو هەواڵ و بابەتانەی لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەت بە لینکی لاوەکی وەزارەت و دەستەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، بریتیین لە چەند هەواڵ و چالاکییەکی تەشریفاتی؛ لەشێوەی هەواڵی کۆبوونەوەکان، یان پەیام و ڕاگەیەندراوەکانی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، یان وەزیرەکان و … هتد. ئەو بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییانە، بۆ حکوومەت و هاووڵاتییان گرنگ و پێویستن، ئەگەرچی هەڵگری وردەکارییەکان نین. هێشتا ڕۆژنامەنووسانی بەسەلیقە و توێژەرانی جددی، دەتوانن لە پشت هەموو ئەو بڵاوکراوە سادە و ساکارانەوە، بەشی خۆیان هەڵکڕێنن.

 

(٧)

کاتێک دەسەڵاتی ڕاگەیاندن لە وەزارەت و دەستەکان سەندرایەوە-(مەبەست لە ماڵپەڕی فەرمییە)-، ڕاگەیاندنی وەزارەت و دەستەکان، وەک جێگرەوە، لەڕێگەی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەواڵ، چالاکی و ڕاگەیەندراوە ڕۆژنامەوانییەکانیان بە هاووڵاتییان دەگەیەنن. زیاتر پشت بە فەیسبووک دەبەستن، بەهۆی ئەوەی دەرفەتێکی لەبارتر بۆ جۆری بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییەکان دابین دەکات، هەروەها ڕەنگە بەهۆی بەربڵاویی زیاتر لە بەکارهێنانی ئەو پلاتفۆڕمە لەلای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

 

(٨)

پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، هیچ کات ناتوانن جێگرەوەیەکی تەواوی ماڵپەڕە فەرمییەکان بن، بەڵام وەزارەتە کۆتوبەندکراوەکان وەک دەرفەتێکی کراوەتر لە دواندنی هاووڵاتییان پشتی پێ دەبەستن.

ژمارەی ئەو هەواڵ، چالاکی و ڕاگەیەندراوانەی یەک وەزارەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە، نزیکە یان زیاترە لە تێکڕای ئەو هەواڵ و بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییانەی لە ماڵپەڕی لاوەکی هەر (١٩) وەزارەت بڵاوکراونەتەوە.

 

(٩)

یەکێک لە لایەنە نەرێنییەکانی پشتبەستن بە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، جگە لە ملکەچکردنی ناچاری بۆ ڕێسا و یاسای سەپێندراوی پلاتفۆڕمەکە، لەڕووی ڕێپێدان بە جۆر و ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکان، نەبوونی دەسەڵاتە بەسەر شێوازی پۆلێنکردن و هەڵگرتنی زانیارییەکان، وەک ئەوەی لە ماڵپەڕێکی سەربەخۆدا دەکرێت. لەو دۆخەدا، ڕۆژنامەنووسان، توێژەران و هەر هاووڵاتییەک کە بەدوای زانیارییەک دەگەڕێت، بەئاسانی دەستی بەو زانیارییانە ناگات، کە تەنانەت پێشتر بڵاوکراونەتەوە و بەردەستخراون. ئاسایی، ڕێکاری بەدواداگەڕان لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا ڕێکخراو نییە.

 

(١٠)

هێشتا یەکێک لە لێکەوتە ئەرێنییەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، زانین و گەیشتنە بە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی هاووڵاتییان لەسەر ناوەڕۆکی هەواڵ، چالاکی و ڕاگەیەندراوەکان. زانینی ئەو کاردانەوانە، بۆ ناوەندەکانی بڕیار گرنگن، هەروەها بۆ ڕۆژنامەنووسان و توێژەران. بەڵکوو بۆ هاووڵاتییانی ئاسایی، کە دەتوانن لەڕێگەیەوە، ئاگاداری بۆچوونە جیاجیاکان بن یان بناغەیەکی گفتوگۆ لەسەر پرسە دیاریکراوەکان دابمەزرێنن.

 

(١١)

ئەو مەرکەزیەتەی کابینەی نۆیەم لەڕووی ڕاگەیاندنەوە دایمەزراندووە، چەندین دیوی خراپ و نەرێنی هەیە. هەم بۆ حکوومەتەکە خۆی، هەم بۆ کۆمەڵگا بەگشتی.

مەرکەزیەتەکە، توانای حکوومەت سنوردار دەکات لە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی تەنانەت ئەو پەیامانەیش کە وەزارەت و دەستەکان خۆیان دەیانەوێت بگات، بەتایبەت ئەو پەیامانەی کە دەستکەوتێک بۆ خودی کابینەکە پیشان دەدەن. هەروەها زۆر لە ڕادەی شەفافیەتی کابینەکە، لەڕووی بەردەستخستنی زانیاری کەم دەکاتەوە. من ئەگەر وەک ڕۆژنامەنووسێک یان وەک توێژەرێک سەیری ماڵپەڕی وەزارەتێک بکەم، کە بەدرێژایی هەموو تەمەنی کابینەی نۆیەم، لەماوەی چوار پێنج ساڵدا، تەنیا شەش هەواڵی تەشریفاتی بڵاوکردبێتەوە- ئەوە نموونەیەکی ڕاستەقینەیە-کام خەڵک و خوا دەتوانن دانی بەخێری پێدا بنێن؟!

 

(١٢)

هیچ ستاف و دەستەیەک، ئەگەر بەوپەڕی توانا و لێهاتوویی لەڕادەبەدەریشەوە خەیاڵی بکەین، ناتوانن بڕیار لەسەر گرنگیی و بایەخی سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییانە بدەن، کە لە نزیکەی (٤٠) وەزارەت و دەستە و فەرمانگەی جیاجیاوە دێن. ئەوان خۆیان لە بەها و بایەخی زانیارییە تایبەتەکانی گرێدراو بە بوارە تایبەتمەندەکانیان-لە پێوەندی لەگەڵ خەڵک و کۆمەڵگا بەپێی کایەی کارکردنیان تێدەگەن. لەبەرئەوە هەر خۆیشیان دەبێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە بە گرنگ و جێی بایەخی دەزانن.

لەبەرئەوەیە  هەر بەچاوپێداخشانێکی سەرپێی دەتوانین تیبینی ئەوە بکەین، کە ماڵپەڕە فەرمییەکانی وەزارەتەکان تا پێش ئەم کابینەیە، داتا و زانیاری گرنگتر لەخۆدەگرن بەراورد بە ماڵپەڕە لاوەکییەکانی ئێستا.

 

(١٣)

مەرکەزیەتی میدیایی بۆ هەر حکوومەتێک، لەشێوەی مەرکەزیەتە میدیاییەکەی کابینەی نۆیەم، دەرفەتی هاتنەئارای شێوەیەک لە دیکتاتۆریەت دەڕەخسێنێت، سەرپێییانە دەتوانین بە دیکتاتۆریەتیی زانیاری ناوی بنێین.

 

تێبینی:

  • جیا لە ماڵپەڕی لاوەکی وەزارەتەکان، لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ماڵپەڕی لاوەکی (١٢) دەستە، فەرمانگە و نووسینگەی گرێدراو بە ئەنجوومەنی وەزیران هەیە. لە دیاریکردنی ژمارەی هەواڵ و بڵاوکراوە ڕۆژنامەوانییەکان کە لە خاڵی یەکەم پیشاندراوە، ئەوان ڕەچاو نەکراون.
  • ئەو نووسینە، هەڵهێنجراوی کارێکی بەدواداچوونی و شیکارییە لەبارەی ڕاگەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button