ئابووریشرۆڤه‌
ئاراستەکان

تۆقی خه‌رجیی فیعلی له‌ گه‌ردنی خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان

له‌باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی 2024ه‌وه‌

به‌شی پێنجه‌م: تۆقی خه‌رجیی فیعلی له‌ گه‌ردنی خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان

 

هه‌ر به‌پێی لێدوانی كاربه‌ده‌ستان و په‌رله‌مانتارانی كورد ئاڕاسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه‌ پشكی هه‌رێم له‌ خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنان له‌بودجه‌ی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی هه‌ژمار بكرێن نه‌ك به‌پێی ته‌رخانكراوه‌كانی بودجه‌، ئه‌وه‌یش دیسان له‌لایه‌ن نوێنه‌ر و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ئاسایی و ته‌نانه‌ت وه‌ك چاره‌سه‌ر ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، له‌كاتێكدا هه‌م نادروسته‌ و هه‌میش زیانی زۆره‌ بۆ هه‌رێم.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێمه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینەوە كه‌ ته‌رخانكردن له‌سه‌ر بنه‌مای فیعلی له ‌بودجه‌دا بۆ هیچ بوار و لایه‌نێك له‌گه‌ڵ ڕێسای بودجه‌ ناگونجێت و سته‌مه‌ و، ئێستایش كه‌ بابه‌تی ناردنی ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی مانگانه‌ و وردبینی و پێداچوونه‌وه‌ی چاودێری دارایی بۆ هه‌موو داهات و خه‌رجییه‌كان به‌شێكن له‌ یاساكانی بودجه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگایش جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوەتەوە‌، بۆیه‌ پێمان وانییه‌ هیچ بیانوویه‌ك هه‌بێت بۆ كۆتوبه‌ندكردنی هیچ ته‌رخانكراوێكی هه‌رێم به‌ خه‌رجیی فیعلی، خۆ عێراق خۆیشی بۆ فه‌رمانگه‌كانی له‌و ڕێكارانه‌‌ زیاتر ئه‌نجام نادات، ئیدی ئه‌م جیاكاری و كۆتوبه‌ندكرنه‌ بێبنه‌ما و بێپاساوه‌ له‌پای چی؟

 

ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ زیانی زۆر ده‌بێت بۆ هه‌رێم، ته‌نیا به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ته‌رخانكراوانه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای خه‌رجیی فیعلی هه‌ژمار بكرێن، هه‌رێم زیاتر له‌ نیوه‌ی ته‌رخانكراوه‌كانی خۆی له‌و بوارانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات، له‌كاتێكیشدا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ته‌رخانكراوه‌ خه‌مڵێنراوه‌كانیشی به‌كه‌متر له ‌شایسته‌ی خۆی بۆی هه‌ژمار ده‌كرێن.

 

هه‌ر بۆنمونه‌، له‌ ته‌رخانكراوه‌ خه‌مڵێنراوه‌كانی وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌ی ساڵی 2023ی بۆ هه‌موو عێراق، به‌پێی یاسای بودجه‌ زیاتر له‌ 49 ترلیۆن دینار بوو، هه‌رێم ته‌نیا نزیكه‌ 2 ترلیۆن و 850 ملیار دیناری بۆ دانرابوو، واته‌ نزیكه‌ی 6%ی كۆی كۆی ته‌رخانكراوه‌كانی ئه‌و بواره‌، ئه‌وه‌یش به‌هۆی زۆری خه‌رجییه‌ سیادییه‌كانی ئه‌و بواره‌ و كه‌می به‌شی هه‌رێم له‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ به‌قه‌رزی ده‌ره‌كی ته‌مویل ده‌كران. ئه‌وه‌‌ به‌پێی بودجه‌ خه‌مڵێنراوه‌كه‌ وابوو، به‌ڵام به‌پێی خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی هه‌مان ساڵ له‌ هه‌موو عێراق ته‌نیا 24 ترلیۆن بۆ بواری وه‌به‌رهێنان خه‌رجكرابوو، له‌وه‌یش به‌شی زۆریان بۆ خه‌رجییه‌كانی نه‌وتی عێراق بوون كه‌ له‌سه‌ر خه‌رجیی سیادی هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌شێكی تریشیان له‌ خه‌رجییه‌كانی تری سیادی پێكهاتبوون له‌ بواری وه‌به‌رهێنان، هه‌موو ئه‌وانه‌یش به‌ده‌رده‌كرێن له‌ هاوكێشه‌ی هه‌ژماركردنی پشكی هه‌رێم، بۆیه‌ له‌ خه‌رجیی فیعلی ئه‌و بواره،‌ ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ تاكوو پشكی هه‌رێمی لێبدرێت له‌ باشترین باردا نزیكه‌ی 10 ترلیۆن دینار ده‌بوو، هه‌رێمیش ئه‌وپه‌ڕی 1 ترلیۆن و 260 ملیار دیناری له‌وه‌ به‌رده‌كه‌وت. واته‌ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ بووه‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌ ته‌رخانكراوه‌كانی له‌و به‌شه‌ی بودجه‌كهدا‌، سه‌ره‌نجامیش به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم نزیكه‌ی 5%ی خه‌رجییه‌ فیعلییه‌كانی عێراقی له‌و بواره‌ پێده‌هێنا، كه‌ ده‌یكرده‌ ده‌وروبه‌ری 2%ی كۆی ته‌رخانكراوه‌ خه‌مڵێنراوه‌كانی  بواری وه‌به‌رهێنان له‌ بودجه‌ی عێراق.

 

له‌ كۆی خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستنیش له‌ هه‌مان ساڵدا، له‌ پێویستییه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان و پێداویستیی كاڵا و چاككردنه‌وه‌ی هه‌بووه‌كان له‌ هه‌موو عێراق نزیكه‌ی 14 ترلیۆن دینار به‌فیعلی خه‌رجكرابوو، به‌هۆی لێده‌ركردنی  خه‌رجییەكانی سیادییه‌وه‌، ئینجا به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌و خه‌رجییانه‌ له‌ باشترین باردا ده‌گه‌یشته‌ نزیكه‌ی 1 ترلیۆن و 500 ملیار دینار(له‌ به‌شه‌كانی تری خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن هه‌رێم شتێكی ئه‌وتۆی پێ نادرێت).

 

واته‌ ئه‌گه‌ر خه‌رجییه‌كانی وه‌به‌رهێنان و به‌گه‌ڕخستن له‌سه‌ر بنه‌مای فیعلی بۆ هه‌رێم هه‌ژمار بكرێن ئه‌وا له‌باشترین باردا له‌ بودجه‌یه‌كی 200 ترلیۆنی وه‌ك ئه‌وه‌ی 2023 ئینجا به‌ركه‌وته‌ی هه‌رێم له‌و خه‌رجییانه‌ ده‌گاته‌ ده‌وروبه‌ری 2 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ ساڵێك، ئەوه‌یش له‌ كاتێكدا كه‌ له‌به‌رانبه‌ردا به‌غدا داوای زۆر زیاتر له‌و بڕه‌ ده‌كات له‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم.

 

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ مووچه‌ی هه‌رێم خه‌رج ده‌كرێت زیاتر بێت له‌وه‌ی كه‌ له‌ناو یاسای بودجه‌ی عێراقدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دیاریده‌كرێت، ئه‌وا له‌ به‌شی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنانی هه‌رێم ده‌بڕن بۆ ته‌واوكردنی، به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمیش هه‌ر له‌ خه‌رجییه‌كانی به‌گه‌ڕخستن داده‌شكێنرێن… هتد. به ‌واتا حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌ك نابێت چاوی له‌وه‌ بێت كه‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی به‌ناوی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ بۆ بێت، به‌ڵكو دەبێت بزانێت كه‌ به‌رده‌وام به‌بڕی زۆر قه‌رزاریش ده‌بێته‌وه‌.

 

بەشی یەکەم:

بودجەی سێ ساڵی یان فێڵی سێ ڕەهەندی؟

بەشی دووەم:

هه‌مواركردنه‌وه‌‌؛ مه‌ته‌ڵ و پارادۆكس

بەشی سێیەم:

پشكی هه‌رێم؛ گرفتی زۆر و ده‌رفه‌تی كه‌م

بەشی چوارەم:

مووچه‌ و خه‌رجیی حاكیمه‌؛ چاره‌سه‌ر یان گرفتێكی نوێ؟

 

جیهانگیر سەدیق گوڵپی

پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button