ئابووریسیاسی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: بەرپرسانی هەرێم و بەغدا لە گەندەڵی تێوەگلاون

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە تێوەگلانی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و عێراق لە گەندەڵی دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، کە “بەرتیل، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتیی و دەستبەسەراگرتنی سامانی گشتی بەربڵاون لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکوومەت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی مافی مرۆڤ لە عێراق؛ ٢٠٢٣، کە حەوت بەشی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لە بەشی سێیەمیدا هەڵوەستەی لەسەر ئازادی بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و لە بەشی چوارەمدا سەرنجی لە سەر گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێوەگلانی بەرپرسانی لە شێوە جیاجیاکانی گەندەڵی کردووەتەوە.

ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، کە “گەندەڵیی هێشتا گەورەترین ئاستەنگە بۆ حوکمڕانی کارا لەسەر هەموو ئاستە دامەزراوەییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەرتیل، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتیی و دەستبەسەراگرتنی سامانی گشتی بەربڵاون لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکوومەت”.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر دەڵێ: “ڕەچاوکردنی خێزان، خێڵ، ئیتینک و مەزهەب کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارەکانی حکوومەت لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکوومەت. زۆرجار بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ترسی لێپرسینەوە لە گەندەڵیی تێوەگلاون”.

 

پێشتر، زێدپرێس دوو بەشی ڕاپۆرتەکەی بە زنجیرە بڵاوکردووەتەوە (بەشی یەکەم، بەشی دووەم) و لە ڕۆژانی داهاتووشدا کۆتا زنجیرەی ڕاپۆرتەکە، کە بەشەکانی پێنجەم و شەشەمن، وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگ بڵاو دەکاتەوە.

 

بەشی 3. ئازادیی بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیی

دەستوری فیدڕاڵ و یاسا هاووڵاتییانیان توانادار کردووە بۆ هەڵبژاردنی حکوومەتەکەیان لە هەڵبژاردنی خولیی (دوری) ئازاد و ڕەوا، کە لەڕێگەی دەنگدانی نهێنییەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر بنەمای مافی دەنگدانی گشتی و یەکسان.

 

هەڵبژاردنەکان و بەشداری سیاسیی

پێشێلکارییەکان و سەرپێچییەکان لەدوا هەڵبژاردنەکان: لە کانوونی یەکەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە 15 پارێزگای ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئەنجامدا. هاووڵاتییان ێەوایەتیی ئەنجامەکانیان پەسەندکرد سەرەڕای ڕاپۆرتەکان لەسەر بانگەشەی گەندەڵیی، لەوانە کڕینی دەنگ، ترساندن و پێشێلکردنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن.

 

حزبە سیاسییەکان و بەشداری سیاسیی: حزبە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتییەکان رێکخراون لەسەر هێڵی ئایینی یان ئیتنیکیی، ئەگەرچی هەندێک حزب هێڵە تائیفییەکانیان تێپەڕاندووە. ئەندامێتی لە هەندێک لە حزبە سیاسییەکان، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی هەندێک جیاوگ و سوودی تایبەت لە بوارەکانی کار و پەروەردە.

چاودێرانی هەڵبژاردن ئاماژەیاندا بە گەندەڵیی وەک بەربەستی سەرەکیی بۆ دامەزراندنی حزبی سیاسیی و هێمایان کرد بۆ ئەوەی زۆر کەس ناچارکراون بەرتیل بدەن بە کاربەدەستانی هەڵبژرادن بۆ دڵنیابوون لەوەی داواکارییەکانیان پەسەند دەکرێت. ڕسومی دیاریکراو بۆ دامەزراندن و تۆمارکردنی حزبی سیاسیی 30.000 دۆلاری ئەمریکییە، بەڵام چاودێرانی هەڵبژاردن ڕاپۆرتیانداوە کە پاش بەرتیلدانی پێویست، تێچووی ڕاستەقینە دەگاتە دوو هێندەی ئەو بڕە. پڕۆسەکە تا ماوەی یەک ساڵ دەخایەنێت، بەپێی ئەوەی چەند بەرتیل دراوە و تاچەند کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکان پاڵپشتیی ئەو حزبە دەکەن.

چاودێرانی تر ڕاپۆرتیانداوە لەسەر گرفتەکانی تۆمارکردنی حزبەکان، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵ دەدەن حزبی سەربەخۆ، مەدەنیی و عەلمانی تۆماربکەن. هەندێک باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاستەنگ دەکەن بۆ تۆمارکردنی حزبەکانیان، کە پێدەچێت ئەو ئاستەنگانە نوێ بن بەمەبەستی ڕێگرتن لە تۆمارکردنی ئەم حزبانە.

 

بەشداری ئافرەتان و ئەندامانی گرووپە پەراوێزخراو یان دۆخناسکەکان: هیچ یاسایەک بەشداری ئافرەتان یان ئەندامانی کەمایەتییەکانی لە پڕۆسەی سیاسیی سنووردار نەکردووە، هەروەها ئەم گروپانە بەشدارییان کردووە. دەستوری فیدڕاڵ فەرمان دەدات کە ئافرەتان دەبێت 25 لەسەدی ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان پێکبهێنن. کاندیدی ئافرەت 29 لەسەدی کۆی کاندیدەکانیان پێکدەهێنا و ئافرەتان 97 کورسی پەرلەمانیان بردەوە، لەناویاندا 54 ئافرەت کە پشتیان نەبەست بە پڕۆسەی کۆتا. سەرەڕای ئەمە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە زۆرجار گفتوگۆ سیاسییەکان ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان پەراوێز دەخەن. تۆڕی ئافرەتانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە چەندین دابونەریت هاوشان لەگەڵ بەربەستە یاساییەکان، ڕێگرن لە بەشداری چالاکانەی ئافرەتان لە ژیانی گشتی، بەتایبەتی لە سیاسەت. بەپێی ئەزموونی خۆیان، سیاسەتمەداران، چاودێران و نوێنەرانی کۆمەڵی مەدەنیی، ڕاپۆرتیانداوە کە هەندێک ئافرەتی ئەندام پەرلەمان هیچ سەربەخۆییەکیان نییە کاتێک دێتە سەر قسەکردن یان دەربڕینی بۆچوونی گشتی و کاتێک پێویستیان بە وەرگرتنی ڕێنمایی یان ڕەزامەندیی سەرکردە پیاوەکانی حزبەکانیان هەیە. لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا دوو قەوارەی سیاسیی لەلایەن ئافرەتانەوە سەرکردایەتی دەکرێن. لە هەندێک ناوچەی گوندنشین، ئافرەتان پێویستە لەگەڵ پیاو بچن بۆ دەنگدان لە وێستگەی دەنگدان.

لە 329 کورسی پەرلەمان، یاسا نۆ کورسی داناوە بۆ ئەندامانی گرووپەکانی کەمایەتییەکان: پێنج بۆ کاندیدە مەسیحییەکانی پارێزگاکانی بەغداد، نەینەوا، کەرکووک، هەولێر و دهۆک؛ یەک بۆ ئێزدی؛ یەک بۆ سابیئەی مەندائی؛ یەک بۆ شەبەک و یەک بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست. پێنج کاندیدی گرووپە کەمایەتییەکان کورسی زیاتریان بردەوە لە کۆتای دیاریکراو، لەوانە سێ ئێزدی و دوو کاکەیی.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی کۆتا پەیڕەودەکات بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئەندامانی گرووپی کەمایەتییە ئیتنیی و ئایینییەکان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی 30 لەسەدی تەرخانکردووە بۆ ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق و ئەنجوومەنە جۆخێییەکان. یاسا 11 کورسی تەرخانکردووە بۆ کەمایەتییەکان لەسەر هێڵی ئیتنیکی نەک ئایینیی: پێنج بۆ کاندیدە کلدو-ئاشورییەکان، پێنج بۆ کاندیدە تورکمانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان. هیچ کورسییەک تەرخان نەکراوە بۆ گرووپەکانی تر کە خۆیان جیادەکەنەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئینتیکییەوە وەک کورد یان عەرەب هەژماریان دەکات: وەک ئێزدی، شەبەک، سابیئەی-مەندائی، کاکەیی و کوردی فەیلی.

حزبە سیاسییە گەورەکان هاوپەیمانی دەکەن لەگەڵ حزبی کەمایەتییەکان، یان لە هەندێک دۆخدا حزبی سیاسی کەمایەتییەکان دروست دەکەن، بۆ مەبەستی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنەکانی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها هانی عێراقییەکانی تر دەدەن دەنگ بدەن بە کاندیدی کەمایەتییەکانی هاوپەیمانی خۆیان بۆ کورسییەکانی کۆتا. سەرکردە ئایینییەکان و چالاکوانانی کەمایەتییەکان، سکاڵا دەکەن لەوەی ئەم پڕۆسەیە بێبەشیان دەکات لە مافی دەنگدان و داوای چاکسازیی دەکەن لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ سنووردارکردنی دەنگی کەمایەتییەکان تەنیا بۆ کورسی کۆتای تەرخانکراو بۆ کەمایەتی پەیوەندار، هەروەها داوای کورسی کۆتای زیاتر دەکەن لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستانی عێراق.

 

بەشی 4. گەندەڵیی لە حکوومەت

یاسا سزای تاوانی داناوە بۆ حکومدان لەسەر گەندەڵیی لەلایەن بەرپرسانەوە، بەڵام حکوومەت بەشێوەیەکی کاریگەر یاساکە جێبەجێ ناکات. چەندین ڕاپۆرت هەبوون لەسەر گەندەڵیی حکوومەت. یاسا ڕێگەدەدات بە هەندێک کەسی حوکمدراو لەسەر گەندەڵیی لێبوردن بیانگرێتەوە پاش گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی لەڕێگەی گەندەڵییەوە دەستیان کەوتبوو، کاریگەری ئەمەش ڕێگەدانیان بوو بە هەڵگرتنی ئەو دەستکەوتەی بەدەستیان هێناوە لە پارە دزراوەکەوە.

 

گەندەڵیی: گەندەڵیی هێشتا گەورەترین ئاستەنگە بۆ حوکمڕانی کارا لەسەر هەموو ئاستە دامەزراوەییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. بەرتیل، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتیی و دەستبەسەراگرتنی سامانی گشتی بەربڵاون لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکوومەت. ڕەچاوکردنی خێزان، خێڵ، ئیتینک و مەزهەب کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارەکانی حکوومەت لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکوومەت. زۆرجار بەرپرسانی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ترسی لێپرسینەوە لە گەندەڵیی تێوەگلاون. لە مانگی ئادار، نوێنەری تایبەتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە گوتەیەکدا بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند کە گەندەڵیی خەسڵەتی بنەڕەتییە لە ئابووری سیاسیی و هەوڵەکانی چاکسازیی چالاکانە ئاستەنگ دەکرێن و شکستیان پێدەهێنرێت. هەروەها گوتی کە بیست ساڵی ڕابردوو “ڕێگەیەکی زۆر سەخت بووە” بەڵام حکوومەتی نوێ پێداگریی نیشانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەندین پرسی بەپەلە. هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئاستەنگکراون بەهۆی نەبوونی ڕێککەوتن لەسەر ئەرکە دامەزراوەییەکان، ئیرادەی سیاسیی، فشاری سیاسیی، نەبوونی شەفافیەت، ناڕۆشنیی یاساکانی بەڕێوەبردن و ڕێکارە کارگێڕییەکان. هەبوونی میلیشیای چەکدار، کە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە گەندەڵیی و دابینکردنی پاراستن بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان، بۆتە هۆی سەختکردنی جێبەجێکردنی هەوڵە ڕژد و بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.

ئەگەرچی دامەزراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی هاوکاریی زیاتر دەکەن لەگەڵ گرووپەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، بەڵام ئەنجامەکان سنووردار بوون. ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان هەوڵیاندا سەربەخۆ گەندەڵیی ئاشکرا بکەن، بەڵام توانایان سنووردار بوو. کاربەدەستانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، جێبەجێکردنی یاسا و دادوەریی، هەروەها ئەندامانی کۆمەڵی مەدەنیی و ڕاگەیاندنەکان، ڕووبەڕووی هەڕەشە، ترساندن و پێشێلکاریی دەبنەوە لەکاتی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاری.

حکوومەت دۆسیەی گەندەڵیی بۆ 14 کەس کردەوە، لەوانە بەرپرسانی باڵای ئاسایش لە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە ساڵی 2020، بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی ڕاگیراوان.

لە مانگی ئاب، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ وەزیری پێشووی دارایی عەلی عەلاوی و سێ هاوکاریی نزیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو موستەفا کازمی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە فێڵ و ساختەکاری باج کە ناسراوە بە “دزیی سەدە” و بڕی 2.5 ملیار دۆلار دزرا لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە دەستەی باج. ڕۆژی 6 ئاب، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی دادوەر حەیدەر حەنوون، داوای بانگەوازی سووری ئینتەرپۆڵی کرد بۆ دەستنیشانکردن و دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەوانەی تێوەگلاون و پاشان ڕادەستکردنەوەیان لە چەند وڵاتێکەوە، لەوانە تورکیا، ئوردن و سعوودیە.

هەرێمی کوردستان دەستەی دەسپاکیی خۆی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی و ڕاپۆرتیداوە کە 799 سکاڵای گەندەڵیی بەرپرسانی تۆمارکردووە لەنێوان کانوونی دووەم و تەمووزدا. لەم ماوەیەدا، دەستە 143 کەیسی ڕەوانەی دادگاکان کردووە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و دادگاییکردن.

بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی گەندەڵیی لە عێراق، تکایە بڕوانە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بەناونیشانی “ژینگەی وەبەرهێنان لە وڵات”، هەروەها ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بەناونیشانی ڕاپۆرتی ستراتیژی نێودەوڵەتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، کە زانیاری تێدایە دەربارەی تاوانە داراییەکان.

 

بەشی 5. هەڵوێستی حکومیی لەسەر چاودێریی و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی و ناحکومیی بۆ بانگەشەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە لە زیادبوونی هەوڵەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بۆ داخستنی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان لەڕێگەی نوێنەکردنەوە و نەبەخشینی مۆڵەتی کارکردن، زیادکردنی کاتی چاوەڕوانیی بۆ ڕێکارەکانی تۆمارکردن، هەروەها داواکردنی گۆڕانکاریی هەڕەمەکیی و نایاسایی وەک گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ یان ناوی ڕێکخراو. هاوکات ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان نووسراوی ئاگادارکردنەوەی ناردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕێکخراوە ناحکوومییەکە ئادابی گشتی و شەریعەتی ئیسلامی پێشێلکردووە و داوایان لێکردوون یان ڕێکخراوەکەیان دابخەن یان بەڵیننامە واژۆبکەن کە پابەند دەبن بە ئادابی گشتییەوە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ناحکوومییەکان زیاتر ڕووبەڕوووی هەڕەشە و گێچەڵی نافەرمیی دەبنەوە. بەرپرسانی حکوومەت تاڕادەیەک هاوکاربوون بۆ کارەکانیان بۆ چاودێرییکردن و لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافی مرۆڤ و کەیسەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام زۆر بەردەست نەبوون بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. چەندین ڕاپۆرت هەبوون کە دەسەڵاتەکان گێچەڵ، هەڕەشە و دەستگیرکردن بەکاردەهێنن لەدژی کارمەندانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ڕێکخراوە مرۆییەکان لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراوی تیرۆر.

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەست بە توانای مرۆیی بوونەتەوە، دەستگەیشتنی بەردەوامیان نەبووە بە بەرپرسانی حکوومەت و لەئەنجامدا نەیانتوانیوە پاراستنی بەرچاو دابین بکەن لەدژی شکستی حوکمڕانی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. نەبوونی سەرچاوەی دارایی بەردەوام بۆ ڕێکخراوە ناحکوومییە ناوخۆییەکان، ڕێگرە لە گەشەی درێژخایەنی ئەم کەرتە. لەکاتێکدا کە یاسا قەدەغەی کردووە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بەشداری بکەن لە چالاکی سیاسیی، حزبە سیاسییەکان یان گرووپە مەزهەبییەکان ڕێکخراوی ناحکوومییان پێکهێناوە، دارایی کردووە یان کاریگەریی گەورەیان هەبووە لەسەر زۆر ڕێکخراوی ناحکوومیی ناوخۆیی. فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بوو لە داواکردن لە ڕێکخراوی ناحکوومیی ڕەزامەندی پێشوەخت وەربگرن پێش ئەنجامدانی هەر ڕووپێو یان ڕاپرسییەک لە وڵات.

ڕێکخراوە ناحکوومییەکان ڕێگریان لێکراوە بۆ کارکردن لە هەندێک کەرت. ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییانەی لە هەولێر تۆمارکراون، ناتوانن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرباری بەغداد (بڕوانە بەشی 2.b.). بەپێی یاسا پێویستە هەموو ڕێکخراوە ناحکومییەکان تۆماربکرێن لەلای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و لە هەندێک باردا ڕەزامەندی سەرباری ئەنجوومەنە خۆجێییەکان پێویستە بۆ ئەوەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان بتوانن چالاکییەکانیان جێبەجێ بکەن. سەرەڕای ئەوە، ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییانەی لە حکوومەتی فیدڕاڵ تۆمارکراون، ڕێگەیان پێنادرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاربکەن، بەبێ تۆمارکردن و مۆڵەتی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستانی عێراق کۆمەڵگەیەکی چالاکی ڕێکخراوی ناحکوومیی هەیە کە زۆرینەیان کوردین، زۆربەیان پەیوەندی نزیکیان هەیە و کۆمەک وەردەگرن لە حزبە سیاسییەکان. لە مانگی ئاب، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردووە لە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت، پاش ئەوەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان سکاڵایان کردووە کە ڕێکارەکان زۆر بارگرانن. بەڵام ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکوومیی ڕاپۆرتیاندا کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدینەهاتووە پاش ئەو ڕاگەیاندنە.

لە مانگی ئاب، ڕێکخراوێکی ناحکوومیی ناسراو ڕاپۆرتیدا کە نادادپەروەرانە سکاڵای لەدژ کراوە لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش کۆتاییهێنان بە کارکردن لەگەڵ پارێزەرە کوردەکەی، کە بە بڕوای ڕێکخراوەکە تێوەگلابوو لە گەندەڵیی و پەیوەست بوو بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان.

 

تۆڵەسەندنەوە لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ: لە مانگی شوبات، ڕوانگەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ (IOHR) ڕایگەیاند کە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ترسیان هەیە لەوەی پەلامارەکانی حکوومەت و دەستگیرکردنەکان بەشێک بن لە هەڵمەتێکی بەرفرەوان بۆ بەئامانجکردنی ناڕەزایی لە دەسەڵاتداران. لە مانگی ئاب، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە نوێنەرانی کۆمیسۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ (United Nations Commission on Human Rights) لە عێراق ڕاگەیاند کە “نابێت ئاڵوگۆڕکردنی داتا و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیدار بێت.” ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (HRW) ڕایگەیاند داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ڕووبەڕوون لەگەڵ هەڕەشە، گێچەڵ و ڕاگرتنی هەڕەمەکیی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەت و گرووپە چەکدارەکانەوە. چەند چالاکوانێک تووشی پەلاماری جەستەیی بوون کە هەڕەشە بوون لەسەر ژیانیان. لە 16 شوبات، جاسم ئەلئەسعەدی، پارێزەرێکی بەناوبانگ و ناسراو بۆ دانانی زۆنگاوەکانی باشووری عێراق لە لیستی شوێنەواری یونسکۆ (UNESCO)، ئازادکرا پاش ڕفاندنی لەلایەن گرووپێکی چەکداری نەناسراوەوە، کە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە دەستبەسەربوو و سزادرابوو لەسەر ئەوەی گوتبووی تورکیا و ئێران ئاوی پێویست بەرنادەنەوە بۆ زیندووهێشتنەوەی زۆنگاوەکان. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دامەزراوەکانی حکوومەت چالاکوانی تری ژینگەییان دەستگیر و دادگایی کردووە بەمەبەستی بێدەنگکردن و هەڕەشەکردن.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی تر: هەندێک کات حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگریان کردووە لە دەستگەیشتنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر بە شوێنە هەستیارەکان، وەک بنکەکانی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ناوخۆ کە گومانلێکراوانی تیرۆریزم لەوێ بەندکراون.

 

دامەزراوە حکوومییەکانی مافی مرۆڤ: یاسا سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی داوە بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق، هەروەها دەسەڵاتی فرەوانی پێداوە، لەوانە مافی وەرگرتن و لێکۆڵینەوە لە سکاڵای پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، دەستپێکردنی داوای یاسایی پەیوەست بە پێشێلکاریی یاسای مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ بەندیخانە و بنەکانی دەستبەسەرکردن. هەندێک چاودێر ڕاپۆرتیانداوە کە ئەجێندای تاکەکەسیی و حزبیی کۆمیسیاران تاڕادەیەکی زۆر بۆتە هۆی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ و لە ئەنجامدا سنووردارکردنی سەربەخۆیی و کارایی کۆمیسیۆنەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...