لەمانگی نیسانی ئەمساڵ، لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە بەشدارییە ئەرێنییەکانی یونامی کردووە لە عێراق، بەڵام تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە “دوای بیست ساڵ لە گواستنەوەی ئەزموونی دیموکراسی و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگە گەورە و هەمەچەشنەکاندا، ئێستا چیتر زەمینەکانی هەبوونی ئەرکێکی سیاسی لە عێراقدا لەبەردەستدا نەماون، بۆیە دەبێت یونامی ئەرکی سیاسی خۆی لە عێراق کۆتایی پێبێنێت”.
دوو دەیەیە یونامی ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە بۆ پاڵپشتی سیاسی و هەڵبژاردن و گەشەپێدانی ئابووری لە عێراق، ئێستا کە سەرۆک وەزیران بە ئاشکرا باس لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانیان بۆ هەمیشەیی دەکات لە وڵاتەکەدا، لە 31ی کانوونی دووەمی 2025دا و هەروەها ڕێگەیەکی دیکەش بۆ یونامی دیاری دەکات لەو زەمەنەی کە دیاری کراوە، تەنیا دەبێت کار لەسەر فایلەکانی “چاکسازی ئابووری، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، گەشەپێدانی بەردەوام، گۆڕانی کەشوهەوا و کەرتەکانی تری گەشەپێدان” بکات و خۆی بە تەواوی داماڵێت لە ئەرکە سیاسییە گرنگەکەی لە عێراق دا.
محەمەد شیاع سوودانی دەیەوێت بەم هەنگاوەی، دوو پەیام بگەیەنێت، یەکێکیان پەیوەندییەکانی ئاسایی دەکاتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئیقلیمی و هاوکات چیتر تەنیا پشت بە ڕۆژئاوا نەبەستێت لە پرسە سیاسییەکان! بە هەردوو پەیامەکەش دەیەوێت بەرگێکی سەروەریش بە باڵای حکوومەتەکەیدا بکات لە دوواجاردا!
بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندەدا ئەنجوومەنی ئاسایش کۆببێتەوە و ئەم داوایەی بەغدا تاوتوێ بکەن، کە پێدەچێت هەم داواکارییەکەی سەرۆک وەزیران و هەم چارەنووسی نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق وابەستەی بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە بێت، بەڵام سەرەنجام سێ ئەگەر هەیە، ئەنجوومەنی ئاسایش ڕازی دەبێت بە داواکەی محەمەد شیاع سوودانی، یان ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکرێت، یاخود داواکە هەڵدەپەسێرێت بۆ کاتێکی دیکە.
حکوومەتی عێراق و گۆڕانکاری گەورە
ئەمساڵ عێراق بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەدا تێدەپەڕێت، ئەگەرچی زۆر ڕوون نییە ئەوسەری ڕێگاکە چۆنە، بەڵام ڕوونییەک هەیە کە کۆتایی بە نوێنەرایەتی سێ دامەزراوەی کاریگەر لەسەر عێراق بێت کە (یونامی و یونیتاد و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش) دەگرێتەوە. بە کۆتایی ئەم دامەزراوانەش، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ، کە زیاتر مامەڵەی سەربەخۆبوون و خۆبەڕێوەبەری و گەڕانەوەی سەروەری وەک دەوڵەتێکی متمانەبەخۆبوو دەکات.
ئەگەرچی عێراق هێشتا لەبەردەم تەحەدیات و مەترسی تیرۆر و جەنگی تائیفی و ململانێی سیاسی و ڕێکنەکەوتنی پێکهاتەکانیەتی، کە وەک بەشێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن، ئەم داوایەی عێراق دەبێتە هۆی دابڕانی زیاتری ئەو وڵاتە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەڵام وێنە گەورەکە شتێ ترمان پێدەڵێت، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، عێراقی ئەمڕۆ ئەو عێراقە نییە کە بیست ساڵ لەمەوبەر لەسەر داوای خۆی یونامی هاتە وڵاتەکەوە، عێراقی ئەمڕۆ عێراقی دە ساڵ لەمەوبەر نییە کە داعش بەشێکی زۆری خاکەکەی داگیرکرد، بەڵکو عێراق ئەمڕۆ هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ بەرەوپێشچوون و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان و لێکتێگەشتنی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی بەتایبەت لەسەر پرسی ئاو و ئاسایشی سنورەکان، ئەمڕۆ عێراق بە بڕوا بەخۆبوونەوە چاوی لە بەرەو پێشچوونە، ئەگەرچی دەزانێت هێشتا هەموو ئاستەنگەکان کۆتاییان نەهاتووە و بەشێکیان ماون لەبەردەم دەوڵەتدا، بەڵام دەیەوێت بە هاوکاری نێودەوڵەتی، ڕاستەوخۆ خۆی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی خۆی ببێتەوە.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، یونامی بە چەندین شێوە پلانەکانی خۆی بە ئەنجام گەیاندووە لە عێراق، لەوانە هاوکاریکردنی لێکنزیکبوونەوەی نێوان بەغدا و هەولێر، پێشکەشکردنی نێوەندگیری لەنێوان لایەنە کوردییەکان و ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ، دیارترینیان کوێت. بەڵام ئەمڕۆ پێدەچێت دەوڵەتی عێراق چیتر کاری بە هاوکاری سیاسی ئەو نوێنەرایەتییە نەمابێت و بیەوێت بە یەکجاری ماڵئاوایی لە عێراق بکات.