سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئایا حازری بۆ ئیمام؟

عێراق لە ڕووی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانییەوە بەرەو وەرچەرخانێکی گەورە دەڕوات. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، مۆدێلێک لە حوکمڕانی لە عێراق پەیڕەوکراوە کە بە مۆدێلی پێکهاتەیی ناسراوە. ئەم مۆدێلە، یان چەمکە، گەرچی ناوازەیە، بەڵام دەرخەری کۆمەڵێک گرێ و ترسە لە هەناو سیستەمی دەسەڵاتداریی عێراقدا، لە سەری هەموویانەوە ترسی زاڵبوونی لایەک و پەراوێزخستنی ئەوانی ترە. مۆدێلی پێکهاتەیی لە سەر ئەو بنەمایەیە کە شیعە و کورد و سووننە، پێکهاتەن، بەو مانایە دەبێت وەک یەک بەشداربن لە حوکمدا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەگەڵ ئەمەدا چەمکی کەمینە بۆ ئەو گرووپانە بەکاردێت کە هەمان مافی یەکسانی ئەو سێ پێکهاتەیان نییە، وەک تورکمان، کەمینە ئایینییەکان و ئەوانی تر.

بەمجۆرە عێراقی پاش سەدام، خۆی لە چەمکی زۆرینە دەپاراست. چونکە زۆرینە میکانیکییەن، کەمینە بەرهەم دەهێنێت، ئەم میکانیزمەش، مایەی ترسە، چونکە پێکهاتەکانی عێراق خاوەن مێژوویەکی خوێناوین.

ئێستا ئێمە هەست بە وەرچەرخان دەکەین لە سەر بنەمای ئەوەی کە چەمکی زۆرینە بەکاردەبرێت لە لایەن شیعەوە. زۆرینە، یانی بوونی مافی زۆرتر لە ئەوانی تر. خۆی لە هەناو سیستەمی زۆرینە و کەمینەدا، زۆرینە خاوەن هەموو مافێکە، بەڵام جێگای کەمینە دەکاتەوە وەک بەشێک لە خۆی یان پێدانی ئەو مافانەی کە هیچ لە پێگەی زۆرینەیی زۆرینە کە مناکاتەوە. بە زمانێکی تر کەمینە، دەگونجێنرێن لە هەناو سیستەمی زۆرینە و کەمینەدا، بەجۆرێک کە هیچ ئالنگارییەک بۆ زۆرینە دروست نەکات. دیارە ئەمە لە باشترین دۆخدا، ئەگینا بە گشتی کەمینە دەسەڵاتی بە سەردا پیادە دەکرێت، بۆیە بە گشتی کەمدەسەڵات یان بێدەسەڵاتە.

ڕەنگە گوتەکانی بەها ئەلئەعرەجی زەقترین دەربڕی ئەم دۆخە بێت، بەڵام بەکاربردنی چەمک و دیدی زۆرینە هەتابێت زیاتر دەبێت.

ڕەنگە پڕۆژەی سەدر لە هەمووان زیاتر جەخت لە سەر ئەم ئاڕاستەیە بکاتەوە. سەدر نەک بەوەی لەگەڵ حەلبووسی و بارزانیدا ویستی حکوومەتی زۆرینە و کەمینە پێکبهێنێت، بەڵکو دوا هەوڵی بۆ تێپەڕاندنی پشووی ڕۆژی غەدیر بە چڕی کارکردنە بۆ ئەم ئاڕاستەیە.

غەدیر تەنیا ڕەهەندی تایفی یان جەدەلی نەوان سووننە و شیعە نییە، بەڵکو هێنانی چەمک و دونیابینی ئیمامەتە بۆ ناو سیاسەت. بەپێی تەفسیری شیعە بۆ غەدیر، لەو ڕۆژەدا خوێن و بنەماڵەیی و نەسەب دەبێت بە بنەمای حوکمڕانی ئیسلام. ئەمەش خۆی لە چەمکی ئیمامدا دەبینێتەوە. ئیمامەت ڕەهەندی زۆرە، بەڵام دەرکەوتەی کردەیی ئێرانە.

ئێران لە سەر بنەمای ئیمام و سەرۆک کار دەکات. وەک ئەمیر تاهیری نووسیبووی ڕەئیسی تەنیا سەرۆک بوو کە پێگەی ئیمامی لە ناو کایەی سیستەمی ئێرانیدا بەباشی دەزانی، بۆیە هەمیشە خۆی وەک بچووک و موتیعێک دەبینی نەک سەرۆک.

لە سیستەمی ئیمامیدا، ڕۆژانە و دینییانە تێکەڵ دەبن. نهێنی نییە کە سەدر دەخوازێت سیاسییەکی پیرۆز بێت. وەک سیاسییەک گوتە و بڕیارەکانی مشتومڕ نەکرێن، بە هەناو ناوەند و کەناڵ و دەزگادا تێنەپەڕن، بەڵکو دەستبورد پیادە بکرێن.

ئیمامەت کۆتایی بە عەلمانیەیتی حکوومەتی عێراقی دەهێنێت. زۆرینەی کورد نازانن عەلمانی یانی چی، چونکە هێزە ئیسلامییەکان بە ئەنقەست شێواندوویانە، بۆ دروستکردنی بەرە و دوژمنی وەهمی. عەلمانی یانی سیاسەتکردن بۆ پرسە دنیاییەکان بە شێوازیی دنیایی، یان مرۆیی. بۆ نمونە داڕشتنی بودجە کردەیەکی عەلمانییە. دەبێت بزانرێت داهات چەندە، لە کوێوە دێت، چۆن سەرف بکرێت، بۆ کوێ بڕوات باشترە، چۆن بنەمای داهاتووی لێ دابڕێژێت.

ئێران لە بەر بوونی کەلتووری ئیمپراتۆریی، ئەم دەزگایانەی هەیە، بەڵام عێراق نیەتی. بۆیە لەم بۆشاییەدا، مەرجەعیەت، کەسایەتییەکان، هێزە دەسەڵاتدارەکان، بۆشاییەکە پڕ دەکەنەوە.

دیارە بێگومان ئیمام نایەت، چونکە ئیمام لێرەیە. بەڵام کەس نایناسێتەوە، هەتا گەڵاکە نەکەوێت. ئەمە جۆرێکە لە مەسیانیک پۆلەتیک messianic politics

سیاسەتکردن لە چاوەڕوانی عیسادا، وەک ئەوەی عیسا لێرە بێت.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...