هه‌واڵ

ڕێژەی ٤٠٪ی دانیشتووانی هەولێر بێ ئاو دەبن

لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆەوە، بۆ ماوەی ٣٤ کاتژمێر، بەڕێژەی ٤٠٪ی دانیشتووانی هەولێر کە پشت بە پڕۆژەی ئیفراز سێ دەبەستن، بێ ئاو دەبن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٥ی ئابی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆەوە بۆ ماوەی ٣٤ کاتژمێر پڕۆژەکە دەوەستێت و بەو جۆرەیش ڕێژەی ٤٠٪ی دانیشتووانی هەولێر کە پشت بە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ دەبەستن، بێ ئاو دەبن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، کە ئاوی پاک بۆ ٤٠٪ی دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەکات، بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە جۆری GRP لە نزیک وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ و دوای چاککردنەوەی بۆڕییەکە هێشتاش نەدەتوانرا پڕۆژەکە بە توانای خۆی کاربکات و دەبووایە پێنج پەمپ کاربکات کە توانای هەر یەکەیان (دوو هەزار مەتر سێجا ئاو) لە کاتژمێرێكدایە کە دەبوو ١٠ هەزار مەتر ئاو لە کاتژمێرێك بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری کرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بە ڕێژەی ٨٠٪ی توانای خۆی کاری دەکرد.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و گەیاندنی ئاوی زیاتر بە هاووڵاتییان، لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەی گۆڕینی  هێڵی ١٥٠٠ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی  ئیفراز سێ کۆتایی هاتووە و بەوەش دوو هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێك زیاددەبێت، هاوتەریب لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی تری پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ بە توانای (پێنج سەد مەتر سێ جا ئاو) لە کاتژمێرێك دەکەوێتەکار، کە کۆی گشتی لە ڕۆژێکدا (٦٠ هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، ئاگاداری هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکاتەوە، بەهۆی کارکردن لە بەستانەوەی هێڵی نوێی پڕۆژەکە بەیەکترەوە، لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆی ئەمڕۆەوە بۆ ماوەی ٣٤ کاتژمێر پڕۆژەکە دەوەستێت و لەو ڕوانگەیەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات “لەو ماوەیەدا دەست بە ئاو بگرن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button