سیاسیشرۆڤه‌

سلێمانی وەک قەرەبوویەک بۆ ئێران

"ئەگەری" سیناریۆی داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئێرانەوە

ڕۆژێک دوای ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەکە، لەمەڕ هێرشە تیرۆرستییەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل و وەڵامی بێڕەحمانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتم کە ئەو ڕووداوە نەک هەر گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، بەڵکوو لە جیهانیشدا دروست دەکات. ئیستا دوای نزیک بە ساڵێک نەک هەر گۆڕانکاری بەڵکوو ڕەشبگیرییەکی بۆ ناوچەکە هێناوە، کە جگە لە سیناریۆی خراپ هیچ شتێکی تری لێ ڕەچاو ناکرێت. ئەودەم گوتم کوردستان خراپترین بەشی بەردەکەوێت لەو گۆڕانکارییانەدا و ئێستاش دەڵێم کوردستان گەورەترین بەشی بەردەکەوێت لەو ڕەشبگیرییەدا. ئەوەی لێرەدا دەیڵێم تەنها ئەگەرە و لەسەر بنەمای چەند خاڵێکە کە لە خوارەوە ڕیزم کردوون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەو بەریەککەوتنە ناوچەییانەی ئاسمانی ناوچەکەیان تەنیوە، ئاڵۆگۆڕی جوگرافی بە مانای تێکشکانی نەخشەکان ناکات، بەڵکوو بە مانای جیاکردنەوەی ناوچەکان بۆ نفوزی سیاسی و سەربازی، بەتایبەت سەربازی و کردنی بە پێگەیەک بۆ هاوسەنگییەکانی لە بەرانبەر یار و نەیاردا.

ئێران شارەزاترین وڵاتە لەم بوارەدا و لەوەتەی هاتۆتە سەر حوکم چەندان ناوچەی ئاوهای لە ناو وڵاتاندا دروست کردووە. بۆ نموونە حزبوڵڵای لوبنان دەوڵەتێکە لە ناو دەوڵەتێکدا، یاخود حەماس لە غەززە لە ناو ئیسرائیل و فەلەستیندا.

سیناریۆکە لەوانەیە ببێت؛

ئەگەر ڕووداوەکانی داهاتوو، لە پەیوەست بە شەڕی حزبوڵلا و ئێرانەوە دژ بە ئیسرائیل، گەر کار بگاتە ئەوەی ئێران لوبنان لە دەست بدات ئەوا هەرێم/سلێمانی یەکەم هەڵبژاردەی دەبێت دوای ئەوەی هەوڵی چەندان جارەی بۆ ئوردن فەشەلی هێنا، چونکە ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیویست ئوردن بکات بە لوبنانێک و فەلەستینێکی تر، بەڵام سەرنەکەوت تێیدا، هەرچەندە ئیستاش هەر بە تەمایە.

ئیستا کە ئێران وا بەتەواوی غەززەی لە دەست دەردەچێت و ترسی لوبنانیشی لە ئارادایە، ئەوا بیر لە بەدیلی تر دەکاتەوە بۆ باڵە بڕاوەکانی لە فەلەستین و لوبنان. ئەو بەدیلەش سلێمانییە، کە لە هەردوو سەری جوگرافی و سیاسییەوە شیاوترین شوێنە بۆ ئەو ئامانجە سیاسییەی.

لە دوای ١٩٩١ەوە سلێمانی ناوچەیەکی مەحسوبە لەسەر ئێران و هەولێریش لە سەر تورکیا. دیارە ئێران دەیەوێت هەولێریش بخاتە ژێر ئەو نفوزە سیاسی و سەربازییەوە، بەڵام تورکیا ڕێگە بەوە نادات و سلێمانی تیکەیەکی حازربەدەستە لەو بارەیەوە.

لە پەیوەند بەم خاڵانەوە:

١. سلێمانی جێگەیەکە زۆر لە مێژە جێگە نفوزی سیاسی ئێرانە و بنکەی سەربازی لە مێژینەی دامەزراوی لێیە، وەک بنکەی سەربازی و لۆجستی قەرارگەی ڕەمەزان لە سلێمانی و ئێرانیش وڵاتێکە بی ئەوە ناژی گەر ناوچەیەکی تایبەت بە نفوزی سیاسی و سەربازی خۆی نەبێت.

٢. ئەو ئۆتۆریتە سیاسی و پەیوەندییە شەخسییانەی ئێران بەسەر دەسەڵاتدارێتی سلێمانیدا هەیەتی، مەگەر هەر ئەو قورساییەی هەبێ بەسەر حزبوڵڵای لوبنانیدا، بەتایبەت ئێران لە مێژە ئیش لەسەر بەشیعەییکردنی ناوچەی سلێمانی دەکات و بەردی بناغەی ئەم دەستپێکەش لە ساڵی ١٩٩٥ەوە بوو لەسەر دەستی جلال تاڵەبانی بە کردنەوەی یەکەمین مزگەوتی حوسێنییەی شیعە لە سلێمانی.

٣. لە دوای بەهاری ساڵی ١٩٩١ەوە سلێمانی وەک شارێک هیچ کات وەک ئیستا بێ شەخسیەت نەبووە؛ هیچ کات خاوەن دەسەڵاتێکی نادیار و پەرتەوازە و ناحەز نەبووە. دیارە ئەمە بەو مانایە نیەی حوکمدارانی جارانی سلێمانی زۆر موهیم بوون، بەڵکوو بۆخودی ئەو دەسەڵاتدارێتییەی خۆیان، سلێمانی هیچ کات ئەوەندە بێخاوەن و بێسەرپەرشت نەبووە.

٤. خاڵێکی تری بنەیی ئەوەیە کە سلێمانی وەک هەر ناوچە و شارێکی تری هەرێم بەهۆی حوکمدارێتی ئەو دەسەڵاتەوە خاسیەتەکانی هیچ جۆرێک لە بەرگری کەم تیدا نەماوە، بۆیە لەوانە نییە ئێران تووشی هیچ یاخی بوونێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی و تەنانەت ئاینیی و فەرهەنگیش ببێتەوە لە لایەن خەڵکەوە.

لەبەر ئەم خاڵانە ئەگەری ئەوە هەیە ئێران سلێمانی وەک قەرەبوویەک وەربگرێت و نە عێراق و نە ئەمریکاش ناتوانن شتێک بڵێن بەتایبەت ئەگەر لە هاوکێشەکاندا ئەمریکا بێدەنگی بنوێنێت کاتێک لوبنانی بۆ نەمێنێت.

ئیدریس مستەفا

شرۆڤەکاری سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button