ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆوە
نووسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە ژمارە ٣٨٣٢٠ی ڕێککەوتی ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و بە واژۆی هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاڕاستەی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کراوە و تیایدا داوا دەکات کە ئاگاداری ھەموو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانیان بکەن ئەوانەی بە ھەر ھۆکارێک کارتی نیشتمانیان دەرنەھێناوە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی بەڕێوەبەراتی کارتی نیشتیمانی تایبەتمەندی خۆیان بکەن بۆ دەستپێکردنی مامەڵەو لایەنی کەم دەرھێنانی وێنەی تۆماری ئەلیکترۆنی (صورە قید الکترونی) کە ژمارەی تایبەتی کارتی نیشتیمانی تێدا دەنووسرێت.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەوەی بە ھەر ھۆکارێک دەستی ناگاتە بەڕێوەبەرایەتی خۆی، بەتایبەت ئەوانەی ناوچە کوردستانیەکانی ماددەی ١٤٠، دەتوانن سەردانی بەشی تۆماری ناوەندی لە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و کارتی نیشتمانی ھەولێر یان دھۆک بکەن بۆ ئەوەی بەپەلە کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەوە، بەشێکە لەو داواکاری و پێداویستییانەی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق داوای کردووە و کاریگەری دەبێت لەسەر مووچەی ھەر کەسێک کارتی نیشتمانی نەبێت و لەو ڕوانگەیەشەوە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: “بۆیە تکایە بەپەلە گشتاندن بکەن ئاگاداری ھەموو ئەوانە بکەنەوە کە کارتی نیشتمانیان دەرنەھێناوە”.