هه‌واڵ

نەوت بەو خێزانانە دەدرێت ساڵی ڕابردوو پێیان نەدراوە

زێدپرێس

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوی و ساردەکاندا دەست پێکردووە، یەکەمجار نەوت بەو خێزانانە دەدرێت، کە ساڵی ڕابردوو نەوتیان وەرنەگرتووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، لە ڕاگەیەنراوێکدا هاووڵاتییانی سنوورەکە ئاگادار دەکاتەوە، سبەی دووشەم ١٦ی تشرینی یەکەم پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنوری قەزای ڕانیە دەست پێدەکات.

ڕوونی دەکاتەوە، پڕۆسەکە ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە، کە ساڵی ڕابردوو نەوتیان وەرنەگرتووە و دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی ساڵی ڕابردوو، ئینجا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی ئەمساڵ یان ئەو خێزانانەی بڕیارە ئەمساڵ نەوتیان بەسەر دابەش بکرێت.

ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە دەستکردن بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا کرد و بەپێی ڕاگەیەنراوەکە پڕۆسەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات و هەر ماڵێک بڕی ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە ١٠٠ هەزار دینار پێدەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەم ١٥ی تشرینی یەکەم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکاندا دەستی پێکردووە و تا ئێستا ٥٩ هەزار و ٨٤٥ خێزان بەشە نەوتیان وەرگرتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...