
ئەمڕۆ سێشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای شلەمبەرگەر بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار واژۆ کردووە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست دەستکەوتێکی گەورەیان بەدەستهێناوە، کە دەمێکە چاوەڕوان دەکرێت، ئەویش وەبەرهێنانی گازە لە کێڵگەی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای نەوتی ناوەڕاست بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە ڕاسپێردراوە، لەو چوارچێوەیەشدا، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای شلەمبەرگەر واژۆ کردووە، بەمەبەستی هەڵکەندنی بیرەکان و بەرزکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان بۆ ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا. ئەوەش ئاماژەیە بە هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بەو گرێبەستەکەی پێشتر لە نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیایەکی ئۆکرانی “ئۆکریزم ڕیسۆرس” واژۆ کرا بوو.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە چوارچێوەی گەڕمی سێیەم مۆڵەتپێدان لە ساڵی ٢٠١١دا، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای کۆگاسی کۆری واژۆ کرد، بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکە، بەڵام هیچ بەرەپێشڤەچوونێک لە مەیدانەکە ڕووی نەدا، تاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمپانیایەکە بەهۆی شەڕی داعشەوە پاشەکشەی کرد. لەو ماوەیەدا، تیمێکی عێراقی بەردەوامبوون لە کارکردن لە کێڵگەکە، تاوەکوو لە ساڵی ٢٠٢٤دا، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ کۆمپانیا ئۆکرانییەکە ڕاگەیاند. بەڵام ئەویش تێیدا سەرکەوتوو نەبوو.
پێشتر، پسپۆڕان و ئەندامانی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بەتوندی ڕەخنەیان لە وەزارەتی نەوتی عێراق گرتووە لەسەر ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا ئۆکرانییەکە واژۆ کراوە، چونکە کۆمپانیایەکی بێناونیشانە و ئەوەی هەیەتی تەنیا یەک ماڵپەڕی ئەلیکترۆنییە و تەنانەت نووسینگەیەکیشی لە عێراقدا نییە، لەو ڕوانگەیەوە، زیاتر بە کۆمپانیایەکی وەهمی لەقەڵەم دەدرا.
لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی گرێبەستەکەدا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی شلەمبەرگەر ئاماژەی بەوە دا: “خۆشحاڵین بە واژۆکردنی گرێبەستێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگەیەکی گاز لە عێراق، و ئێمە کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی گرێبەستەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و هیوادارین کە هەماهەنگی زیاتر لە داهاتوودا هەبێت”.
هەرچەند لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا، کۆمپانیای شلەمبەرگەر وەک کۆمپانیایەکی ئەمریکایی ناوی هاتووە و ئەوەش بەرزنرخێنراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا کۆمپانیایەکی فرەنەتەوەییە؛ فەڕەنسی، ئەڵمانی و ئەمریکایی. ئۆفیسە سەرەکییەکەی لە ئەمریکا-هۆستۆن-ە.
بەدرێژایی چەندین ساڵ، شلەمبەرگەر، وەک کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری بواری نەوت لە هەرێمی کوردستاندا کاری دەکرد، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ لەلایەن دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق، بەدوای بڕیارەکەشدا، گوشار و داواکاری حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، خۆیان لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکانی کارکردنی عێراق لە بواری نەوتدا بگونجێنن، هەریەک لە شلەمبەرگەر و چەند کۆمپانیایەکی دیکەی خزمەتگوزاری بواری نەوت، لەناویاندا؛ (Baker, Haliburton, Hughes) بەدەنگ داخوازییەکەی بەغدا چوون و کارەکانیشیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگرت.
کشانەوەی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لە ژێر ئەو کارتێکەرییەدا بوو، کە ئەگەر وەڵامی ئەرێنییان بە داواکارییەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق نەدابووایە، چاوەڕوان دەکرا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بخرێنە لیستی ڕەشەوە و زیاتر لەوەیش کار و پڕۆژەکانیان لە باشوور و بەشەکانی دیکەی عێراق لەدەست بدەن.
کۆمپانیای شلەمبەرگەر، هاوکاتی کارکردن لە هەرێمی کوردستاندا، لە چەند کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق، بەتایبەت لە کێڵگەکانی باشووری وڵاتەکە کاری دەکرد.
هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق، گرێبەستێکی دیکەی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا سەرکارەکان لە کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (ئێچ کەی ئێن) بەمەبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرین واژۆ کرد.



