هه‌واڵ

وەزیری دارایی: سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە 

زێدپرێس

ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا، بەڵام عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی پارتە جیاوازەکانی وڵاتەکە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی لەبارە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تا وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا بکەن و ئامادەیی و پشتیوانی وەزارەتی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەک لەوڕوەوە دەربڕیوە و ڕوونیشیکردەوە کە یاسای وەبەرهێنان کارئاسانی تەواوی کردووە لەو بارەیەوە، هەر لە دابینکردنی زەوی تا لێخۆشبوون و لە باج و گومرگ.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، شاندی پەرلەمانی کەنەدا خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند دەیانەوێت هاوکاربن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی و هاریکاری ئابووری لەنێوان کەنەدا و هەرێمی کوردستان، هیواشیان خواست کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەزووترین کات چارەسەر بکرێت.

هەر لە دیدارەکەدا، “وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر ئەو چاکسازییانە بۆ شاندی پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە سەرەتای ئەم کابینەیە لە بواری باج و گومرگ و بانک و سێکتەرە جیاوازەکان ئەنجامیانداوە، لەڕێی بەئەلکترۆنیکردنی سیستەمی خەرجی و چەند سێکتەرێکی تر توانیویانە خەرجی ناپێویست کەمبکەنەوە و خزمەگوزاری زیاتر پێشکەش بە هاووڵاتیان بکەن”.

دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، ئاوات جەناب نوری ڕوونیکردەوە، سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستور، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام دواتر بەهۆی پابەندنەبوونی حکوومەتی عێراقەوە ڕێککەوتنەکان جێبەجێ نەکراون، گوتیشی ئەگەر یاسای بودجەی عێراق وەک خۆی جێبەجێبکرێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکانی چارەسەر بکات، ڕونیشیکردەوە چەندین هەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەئارادایە بۆ چارەسەری کێشەکان و داوای لە شاندی پەرلەمانی کەنەداش کرد ڕۆڵی خۆیان لەو بارەیەوە ببینن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...