سوودانی: بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی گەیشتین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێگەی پەیامێکەوە ڕایگەیاند، بە ڕێککەوتنێکی مێژوویی گەیشتوون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا نەوتی هەرێمی کورددستان ڕادەستی وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکرێت بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی عێراق- تورکیا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر لەو پەیامەیدا دەڵێ: “١٨ ساڵ بوو چاوەڕوانی ئەو دەستکەوتە بووین”.
ڕاگەیەندراوەکەی محەمەد شیاع سوودانی، دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلوولی ئەمساڵ، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت ڕێککەوتنێکی سێقۆڵییان واژۆ کرد بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێککەوتنەکە، گەرەنتی دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی سامان و فرەچەشنکردنی ڕێگەکانی هەناردەکردن دەکات و هانی وەبەرهێنان دەدات.



