
نزيکەی سێ ساڵە شەڕی ناوخۆی سوودان بەردەوامە، ژمارەی کوژراو و ئاوارە و بريندار و تاوانەکانی جەنگ لە سوودان زۆر زیاتر و گەورەترە لە هی شەڕەکەی غەززە. ئەوانيش هەر مسوڵمانن، کەچی بە نيوەی غەززە نەبوونە بابەتی ميديا و ڕای گشتی و ناڕەزایەتی، چونکە خوێنی مسوڵمانە سوودانييەکە گونجاو نەبوو بۆ بازرگانی و سياسەت بە بەراورد بە هی غەززە. بەڵام وا چەند ڕۆژێکە ڕووداوەکانی سوودان، بە تايبەت ڕووداوەکەی شاری “الفاشر” لە هەرێمی دارفور، بووە بابەتێکی ديار لە ميدياکان و زیاتر باس دەکرێت. بێگومان مەسەلەکە مرۆیی و ئايینی نييە، چونکە سێ ساڵە ئەو جۆرە کوشتار و تاوانانە بەردەوامن، ئایا هۆکارەکانی چين؟ چ شتێکی جياواز ڕوويداوە؟ هۆکارەکە ئەوەیە شەڕەکەی سوودان خەريکە دەبێتە هاوکێشەیەکی جيۆپۆلەتيکی گرنگ و بەرەکانی ململانێکە وردە وردە دەردەکەون.
بە کورتی: هێزەکانی پشتيوانی خێرا بە سەرکردایەتی حميدتی، توانیان شاری “الفاشر” لە باکووری هەرێمی دارفور کۆنتڕۆڵ بکەن و هێزەکانی سوپای سوودان بە سەرکردایەتی عەبدولفەتاح بورهان دەربکەن. ئەم شارە گەورەترينە لە هەرێمی دارفور و لە ڕووی مێژووییەوە وەک پايتەختی هەرێمەکە دەناسرێت. بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی پشتيوانی خێرا، تەواوی هەرێمی دارفور کەوتە ژێر دەسەڵاتی حميدتی، چونکە “الفاشر” تاکە ناوچەی دارفور بوو لە ژێر دەسەڵاتی سوپای سوودان بوو. ڕووبەری دارفور لە عيراق گەورەترە و نزيکەی ٢٥٪ی ڕووبەری سوودان پێکدێنێت، ميليشياکانی حميدتی جگە لە دارفور، چەند ناوچەیەکی تريش حوکم دەکەن. دەنگۆ و گومان هەیە کە سوودان بەرەو دابەشبوونێکی تر دەچێت، ئێستا هەرێمی دارفور لەگەڵ ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی حميدتی دەکرێت بەرەو سەربەخۆییەکی ديفاکتۆ هەنگاو بنێن، بە تايبەت کە دارفور ئيتر ئەستەمە گەمارۆ بدرێت لە لایەن سوپای سوودانەوە، چونکە سنووری لەگەڵ ليبيا و چاد و ئەفريقای ناوەند و دەوڵەتی باشووری سوودان هەیە، کە سنوورێکی کراوە و ناسەقامگير و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
ڕاستە کۆنتڕۆڵکردنی “الفاشر” لە ڕووی سەربازی و سياسييەوە ڕووداوێکی گەورەیە، بەڵام ئەوەی ڕووداوەکەی گەورەتر کرد و کردييە هەواڵێکی سەرەکی، بريتييە لە بەرەکانی ئەو ململانێيە. لە ململانێی سوودان بەرەکان ئاڵۆزن و دياريکردنيان ئاسان نييە. چونکە جياوازە لە فۆرم و بکەرەکانی بەرەکانی ناوچەکە. بۆ نموونە لە ناوچەکە، ئيمارات و ميسر و سعوودييە بۆ زۆر بابەت یەک بەرەن، بەڵام لە سوودان، ئيمارات و ميسر لە بەرەی دژ بە یەکن، ئيماڕات هاوکاری حميدتی دەکات، ميسر پشتيوانی بورهان دەکات. سعوودييە تا ڕادەیەک هاوسەنگی راگرتووە، بەڵام نزيکترە لە ميسر و بورهان. قەتەر هەوڵدەدات ناوەندگير بێت، بەڵام ئێستا نزيکترە لە بورهان. ئەمريکا دەيەوێت شەڕەکە بوەستێت و هەردوو بەرەکە ڕێکبکەون. ڕەخنە و فشار و سزای بۆ هەردوو بەرەکە هەیە. بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوو زمانی توند بوو دژ بە هێزەکانی حمديتی و، تۆمەتباری کرد بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە “الفاشر”. تورکيا بە گشتی دۆستی عومەر بەشير بوو، دژی کودەتاکەی بورهان و حميدتی بوو، بەڵام ئێستا پشتگيری بورهان دەکات. بەپێی هەندێک ڕاپۆرت ئێران هاوکاری سەربازی ناردووە بۆ بورهان. ڕووسيا بە فەرمی لەگەڵ هەردوو بەرەکە پەيوەندی هەیە، بەڵام ڤاگنەر لەگەڵ هێزەکانی پشتيوانی خێرایە و دەگوترێت بازرگانی ئاڵتون و چەندين جۆری بازرگانی تر بە یەکەوە دەکەن.
ئيسرائيل لەگەڵ هەردوو بەرەکە پەيوەندی هەیە، چونکە هەردووکيان سەبارەت بە ئيسرائيل بۆچوونيان پۆزەتيڤە و لەگەڵ ئەوەن سوودانيش بچێتە ناو ڕێککەوتنامەکانی ئيبراهيمی. هەر بۆیە لە سەرەتای شەڕەکەوە ئيسرائيل چەندين جار هەوڵيداوە هەردوو بەرەکە دانوستان بکەن و تەنانەت ئامادە بوو دانوستانەکان بهێنێتە تەل ئەڤيڤ. بەڵام حمديتی زیاتر خۆی نزيک دەکاتەوە لە ئيسرائيل بەو هيوایەی هاوکاری سەربازی و دیپلۆماسی وەربگرێت دژ بە بورهان، تەنانەت براکەی خۆی نارد بۆ ئيسرائيل لە پێناو دروستکردنی پەيوەندييەکی باشتر و تۆکمەتر. بەڵام ئيسرائيل بە فەرمی دەيەوێت پەيوەندييەکانی لەگەڵ هەردوو بەرەکە باش بێت، چونکە پێیوایە ئایيندەی سوودان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو دووانە بە یەکەوە، یان لە ژێر دەسەڵاتی یەکێکيان دەبێت. دەنگۆ هەیە گوایە هاوکاری حمديتی کردووە، ئەگەر ئەوە ڕوويدابێت لەبەر دوو هۆکارە، فاکتەری ئيماڕات، هاوکات نزيکبوونەوەی بورهان لە ئيخوانەکان لە کاتی شەڕەکە.
ئەوەی ئاماژەی پێکرا ئەکتەرە گرنگەکانن، ئەگەرنا، دەوڵەت و ئەکتەری ديکەش هەن کە ڕۆڵيان هەیە لەو هاوکێشەیە، وەک خەليفە حەفتەر و ميليشياکانی ليبيا، چاد و باشووری سوودان، بەڵام لەناو ئەو ئەکتەرانە، ميسر و ئيماڕات ڕۆڵی سەرەکی و ئاشکراتر دەبينن. ميسری سيسی و ئيماڕات لە زۆربەی هاوکێشەکان لە یەک بەرەن، کەچی لە هاوکێشەی سوودان، لە واقعدا دژی یەکترن. لە سوودان، ميسری سيسی لە هەڵوێستی قەتەرەوە نزيکترە، نەک ئيماڕات، ئەمە ڕێککەوتێکی سەيرە. هۆکاری زۆر هەیە بۆ ئەم ئاڵۆزييە، گرنگترينیان:
١. بورهان و حميدتی هەردووکيان هاوپەيمان بوون، بە یەکەوە عومەر بەشيريان لابرد، هەر بە یەکەوە دواتر کودەتایان بە سەر حکوومەتە نوێيەکەی دوای بەشير کرد و دەسەڵاتی سەربازييان سەپاند.
٢. سوودانی سەردەمی عومەر بەشير نزيک بوو لە ئيخوان و ئەردۆگان و قەتەر و ئێران، دژە ئەمريکا و ئيسرائيل و ڕۆژئاوا بوو. کاتێک بورهان و حميدتی بەشيريان لابرد، ئيخوان و ئەردۆگان و ئێران و قەتەر نيگەران بوون. ئەمريکا و سعوودييە و ئيماڕات و ئيسرائيل و ميسر خۆشحاڵبوون.
٣. سەرەتا هەردووکيان پەيوەندييەکی باشیان هەبوو لەگەڵ ميسر و ئيمارات و سعوودييە، هاوکاری دەکران لە لایەن ئەو دەوڵەتانەوە، چونکە هەردووکيان دژە ئيخوان بوون. کاتێک ئەو دوو هاوپەيمانە دەبێتە شەڕيان، وردە وردە هاوکێشەکە دەگۆڕێت. بۆ نموونە بورهان بۆ ئەوەی سەرباز و هێزی زیاتر بەدەستبهێنێت و حميدتی بچووک بکاتەوە، ناچار بوو پەيوەندی لەگەڵ ئيخوانەکان دروست بکاتەوە، ئيخوانەکانيش ئەوەیان بە هەلزانی بەو هيوایەی لەو ڕێگایەوە دەسەڵات بگرنە دەست، یاخود هيچ نەبێت پێگەی سەردەمی بەشيريان بۆ بگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوەی بورهان، هەرچەند ناچاری و تەکتيکی بێت، لای ئيماڕات مەترسيدارە. بۆیە ئيماڕات وردە وردە لە کاتی شەڕەکە لە بورهان دوورکەوتەوە و هاوکاری حميدتی کرد. سەرچاوە نافەرمييەکان دەڵێن ئيماڕات لە ڕێگەی وڵاتی چاد و ليبيا (خەليفە حەفتەر)ەوە هاوکاری دەنێرێت بۆ حميدتی، ئێستا ئەو پڕۆسەیە ئاسانتر دەبێت چونکە دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دارفور لە لایەن هێزەکەی حميدتی، تەواو سنووری نێوان سوودان و چاد کەوتە ژیر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتيوانی خێرا.
٤. ميسر هاوسنوورە لەگەڵ ئەو ناوچانەی سوودان کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکەی بورهانە. ئێستا چەند مليۆنێک لە سوودانييەکان پەنابەرن لە ميسر، ترسی ئەوە هەیە ژمارەیان زیاتر ببێت. هاوکات، بورهان و سيسی لە ڕووی کەسایەتی و پێگە و شێوەی گەيشتنيان بە دەسەڵات هاوشێوەی یەکترن، ئەمە وای کردووە ميسر بورهان بە هاوپەيمانی خۆی بزانێت و چاوپۆشی لەو پەيوەندييە تەکتيکیيەی بکات لەگەڵ ئيخوان.
ميسر باش دەزانێت ئيماڕات هاوکاری حميدتی دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ئيماڕات هەژموونێکی گەورەی بەسەر ميسری سەردەمی سيسی هەیە، تا ئێستا بە فەرمی گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستەی ئيماڕات نەکردووە. سياسەتی دەرەوەی ئيمارات لەسەردەمی مەحەمەد زايد، بە تايبەت لە سەردەمی بەهاری عەرەبی، گۆڕانکارييەکی ڕيشەیی بە خۆیەوە بينی. پێش محەمەد زايد ئيمارات سياسەتێکی نەرم و دیپلۆماسی هەبوو لە دەرەوە، زیاتر تەرکيزی لەسەر ناوخۆ و گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بوو. کە نموونەکەی شاری دوبەیە. لە سەردەمی محەمەد زايد سياسەتی دەرەوەی ئيماڕات ڕەهەندێکی تری وەرگرت، لە هەندێک بارودۆخ و کات زۆر یەکلاکەرەوە و بەهێز و توندە، وەک دەوڵەتێکی زلهێز دەستتێوەردان دەکات و هاوکێشەکان دەگۆڕێت. لە بەهاری عەرەبی لە ئەردۆگان و قەتەر و ئيخوانی بردەوە، لە ميسر و تونس ئيخوانی لابرد، لە ليبيا و یەمەن ڕێگەی نەدا دەسەڵات بگرنە دەست. سياسەتی ئيمارات بەرانبەر بە ئيخوانی وڵاتانی ناوچەکە بە دوو شێوەیە، یان لە دەسەڵات لايان دەبات وەک لە ميسر و تونس، یاخود ڕۆڵی دەبێت لە لێدان لە سەقامگيری وڵاتەکان کە ئيخوان نەتوانێت دەسەڵات بگرنە دەست وەک لە ليبيا و یەمەن و تاڕادەیەک لە سووريای ئەسەد. ناڕاستەوخۆ پەيامی بۆ جۆلانيش ناردووە ئەگەر ئيخوان دەسەڵات بگرنە دەست، هەڵوێستی دەگۆڕێت لە سووريا.
ئەم گۆڕانکارييە لە سياسەتی دەرەوەی ئيماڕات هەندێک جار پێی دەڵێن زاڵبوونی جيهانبينی و سياسەتی ئەبو زەبی بەسەر دوبەی. ئێران تاڕادەیەک سوودی لەم سياسەتەی ئيماڕات وەرگرت، بە تايبەت لە سووريا و یەمەن. چونکە دوژمنی یەکەم و سەرەکی لای محەمەد زايد ئيخوانە، پاشان ئێران، هەر بۆیە لە یەمەن ئيمارات دواجار حووسييەکانی پێ باشتر بوو لە حيزبی ئيسلاحی ئيخوانی.
پاش شکستی بەهاری عەرەبی و ئيخوان، ئيمارات بۆ چەند ساڵێک پشووی دا و گەڕایەوە بۆ پەيڕەوکردنی سياسەتێکی نەرم و دیپلۆماسی. لە سوودان وا ديارە دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ دەستتێوەردانە بەهێزەکانی. محەمەد زايد تێڕوانينێکی ئيسرائيليیانەی هەیە بۆ هێز، پێیوایە دەکرێت دەوڵەتێکی بچووک بە قەبارە و دانيشتووان، بەهێز بێت و دەستپێشخەری بکات و هاوکێشەکان بگۆڕێت. دەوڵەت ئامرازی تری هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازیی دوو فاکتەرە سەرەکييەکەی هێز کە ڕووبەر و دانيشتووانە. لە پرسی جورئەت و سەرکێشی و سەربەخۆیی لە بڕيار، بە هەمان شێوە لە فکری ئيسرائيلەوە نزيکە، دەستتێوەردان لە هاوکێشەی زۆر قورس و ئاڵۆز و مەترسيدار دەکات و سەرکەوتووش دەبێت. بۆ دەوڵەتێکی وەک ئيمارات کە سوپایەکی بچووک و بێ ئەزموونی هەیە، سەرکێشييە دەستتێوەردان لە کۆمەڵێک هاوکێشە بکات کە تورکيا و ئێران و ڕووسيا و ئەمريکای تێدایە، لە هەمووشی گرنگتر، تاڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیانە دەستتێوەردان دەکات، بۆ نموونە ئێستا تاکە دەوڵەتە بەو شێوە کاريگەرە هاوکاری حميدتی دەکات. لە یەمەن و سووريا و ليبياش سەربەخۆ کاری خۆی دەکرد. هەندێک پێیان وایە، ئيماڕات ڕۆژێک باجێکی قورسی ئەو سياسەتەی دەدات، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، بۆ ئايیندە ڕوون نيیە.(١)
ئەگەر ڕووداوەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، ئەوا ئەگەر هەیە پەيوەندی ئيسرائيل و ئيماڕات پتەوتر و نزيکتر بێت (ئەگەر پرسی لکاندنی کەناری خۆرئاوای فەڵەستين بە ئيسرائيلەوە سەرهەڵنەدات). هيچ دوو دەوڵەتێک بە ئەندازەی ئيسرائيل و ئيماڕات هاوڕانين لەسەر بابەتە سەرەکييەکان و هاوکێشەکان، تەنانەت ئيسرائيل و ئيمارات تێڕوانينان لە یەکترەوە نزيکترە وەک لە ئيسرائيل و ئەمريکا بۆ هەندێک بابەت و کێشەی ناوچەکە. هەر بۆیە، ئەگەر هەیە لەسەر داوای ئيمارات، ئيسرائيل هاوکاری بنێرێت بۆ حميدتی. ئيماڕات تاکە دەوڵەتی ناوچەکەیە، جگە لە ئيسرائيل، پەيوەندی دروست کردووە لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارييانەی غەززە کە دژی حەماسن و چالاکن لە نيوەی زیاتری ڕووبەری غەززە کە لەژێر چاودێری ئيسرائيلە. تەنانەت پێشنيارەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەستەکەی غەززە، تاڕادەیەکی زۆر پێشنياری ئيمارات بوو کە چەند مانگێک لە پێش ترەمپ پێشکەشی کرد، بەڵام ئەو کات تەنيا لە لایەن ئيسرائيلەوە قبوڵکرا و حەماس و قەتەر قبوڵيان نەکرد.
لەوانەیە ساردييەک، یاخود ناکۆکييەکی شاراوە دروست بێت لە نێوان ئيماڕات و ميسر، هەروەها ئيماڕات و سعوودييە. لەگەڵ قەتەر لێدان لە یەکتر بەردەوامە، بەڵام بە فەرمی پەيوەندييەکان ئاسايين، لەوانەیە ناکۆکييەکان زیاتر ببن. دۆخی سوودان ڕوون نييە بەرەو کوێ دەڕوات، لەوانەیە شەڕێکی دیکەی ناوخۆیی لە دارفور دەست پێبکات لە نێوان هێزەکانی حميدتی و هۆز و گرووپەکانی هەرێمەکە، چونکە کۆمەڵکوژی دارفور لە سەردەمی بەشير، هێزەکەی حميدتی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە جێبەجێکردنی، بۆیە دارفور وەک ناوچەیەکی دژە حميدتی ناسراوە.
سەرەڕای چەندين فاکتەر، بەڵام فاکتەرێکی سەرەکی دۆخی سوودان و زۆر وڵاتی تری ناوچەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو وڵاتانە سوپایەکی نيشتمانيان نييە و ميليشيا شوێنی دەزگا و سوپا و حکوومەت و دادگای گرتووەتەوە. لاوازترين و بچووکترين سوپای نيزامی، دەزگا و حکوومەتی فەرمی، بەسوودترە لە بەهێزترين ميليشيا و حزبی جيهان.
لە سەرەتای سەربەخۆیی ئيسرائيل، بێگن کە یەکێک بوو لە کەسایەتييە گەورەکانی بزووتنەوەی زايۆنی و سەربەخۆیی ئيسرائيل، ئامادە نەبوو ميليشياکەی هەڵبوەشێنێتەوە و فەرمانەکەی بن گۆريۆن جێبەجێ بکات کە ئيسرائيل دەبێت یەک سوپا و یەک حکوومەت و یەک دەسەڵاتی دادوەری هەبێت. لەو کاتە ميليشياکەی بێگن چەکيان کڕیوە و بە کەشتييەک ڕەوانەی ئيسرائيل دەکرێت، کاتێک کەشتييەکە نزيک دەبێتەوە لە کەنارەکانی ئيسرائيل، هەواڵ دەگاتە بن گۆريۆن، ئەويش فەرمان بە ئيسحاق ڕابين دەکات-ئەو کات ئەفسەرێکی سوپا بوو-، دەڵێت بە تۆپ کەشتييەکە نوقم بکەن. ڕابين دەڵێت ئەو کەشتييە بۆ چەکدارەکانی بێگن هاتووە، چۆن تۆپی ئاڕاستە بکەين؟ (ئەو چەکدارانە ڕۆڵێکی گەورەیان بينی لە سەربەخۆیی ئيسرائيل)، بن گۆريۆن دەڵێت فەرمانەکە جێبەجێ بکە و نوقمی بکەن، دواجار فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت. دواتر لە کينيستی ئيسرائيل لێپرسينەوە لەگەڵ بن گۆريۆن دەکەن سەبارەت بەو فەرمانە قورس و توندە، لە وەڵامدا دەڵێت ئەوە تۆپی پيرۆز بوو، وای کرد ئيسرائيل ببێتە خاوەن یەک سوپای نيشتمانی و فەرمی. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکييەکانی جياوازی هێز لە نێوان ئيسرائيل و فەڵەستينييەکان بريتييە لەوەی ئيسرائيل لە سەرەتاوە یەک سوپای نيشتمانی و نيزامی هەبوو، فەڵەستينييەکان هەرگيز سوپایان نەبووە، بەڵام دەيان ميليشيایان هەبووە و هەیە. ئاستی تەکنەلۆژی و هاوکاری ئەمريکا بۆ ئيسرائيل و پێشکەوتوویی چەک و توانای سەربازی هەر هۆکارە سەرەکييەکەی ئەوەیە کە ئيسرائيل خاوەن یەک سوپای نيزامييە.
سوپا دەتوانێت پيشەسازی سەربازی دروست بکات و چەک لە وڵاتان بکڕێت و بفرۆشێت، ميليشيا دەبێتە چەتەی ئەو دەوڵەتەی چەکێکی سنوورداری پێدەدات و بۆ بەرژەوەندييەکی تايبەت بەکاری دەهێنێت.
١- (بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیماڕات تەماشای توێژینەوەکەی دکتۆر شێرکۆ کرمانج و من بکە لەو بارەیەوە).




