
وەک چاوەڕوان دەکرا پەکەکە پەیامی کۆنگرەی ١٢ی ڕاگەیاند کە تێیدا بڕیار لە کۆتاییهێنانی خەباتی چەکداری درا.
هەر تاکێکی کورد سەر بە کامە ئەقڵییەت و کەلتوور بێت، کەلتووری ئاشبەتاڵ یان بەرخۆدان، بڕیارەکە وا دەبینێت.
ئەوانەی سەر بە کەلتووری ئاشبەتاڵن بڕیاری کۆتاییی خەباتی چەکداری بە ئاشبەتاڵ و ئەوانەش کە سەر بە کەلتووری بەرخۆدانن، بە نوێبوونەوە و ژیانەوەی دەبینن.
لە پەیامی کۆنگرەکەدا دوو خاڵی ڕێنیشاندەر هەن.
یەکەم؛
ئەو ئامانجەی پەکەکە بۆی دامەزرا و خەباتی چەکداری لەپێناودا کرد بەدیهاتووە و پەکەکە وەک ئامانج و وەک شێوازی خەبات ئەرکی خۆی بەجێهێنا و ئەم ڕۆڵەی تەواو بووە.
هەر بەگوێرەی پەیامەکە، ئیتر کورد وەک نەتەوە لە باکوور قۆناغی بوون و مانەوەی ناسنامەیی و نەتەوەیی کامڵ کردووە، ئەمەش ئەو ئەرکە بوو کە پەکەکە لەپێناویدا دامەزرا و بەجێی گەیاند.
دووەم؛
پەیامی کۆنگرە ئەرکی داهاتووی کورد لە باکوور و لەناویشیدا کادیر و ئەندام و لایەنگری پەکەکە دیاری دەکات.
پەیامەکە بە ئاشکرا دەڵێت، کاری ئێمە ڕێکخستن و ڕێکخراوکردنی کۆمەڵگای کوردییە لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو بوارەکاندا، لەوانەش سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و تەنانەت بەرخۆدانیش.
سەرنجراکێشترین بڕگەی ناو پەیامەکە ئەوەیە کە لە کاتی کۆنگرەکەدا تورکەکان بەردەوام بوون لە هێرشە سەربازییەکانیان.
ئەم بەردەوامییەی تورکەکان لە کارە شەڕانگێزییەکانیان تەنانەت لە ئانی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەدا هەندێک دیوی تاریکی پڕۆسەکە ڕووندەکاتەوە.
یەکێک لەو دیوە تاریکانە ئەوەیە، تورکەکان ئارەزووی ئەو پڕۆسەیە ناکەن و سەرگرانن پێی. ئەو پڕۆسەیەی کە تەنانەت جلخوارەکانیشیان لە باشوور بە تەسلیم بوون و ئاشبەتاڵ وەسفی دەکەن.
دەکرێت لێرە، گومانێکی تر بوروژێنرێت، ئەویش کۆی پڕۆسەکە، واتە پڕۆسەی ئاشتی و کۆتایی خەباتی چەکداری و لێکەوت و دەرەنجام و ئیلتیزاماتی ئەم پڕۆسەیە بۆ تورکەکان.
هاوکێشە و ئاڵوگۆڕەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، پێمان دەڵێت تورکەکان لە ئاشتی کورد دەترسن نەک لە شەڕی کورد.
ناهەقیشیان نییە…
دیقەت بدەن ئەوە ئاشتی بوو کە باڵە سیاسییەکەی تەڤگەری پەکەکەی گەیاندە ناو جومگە و ناوەندەکانی سیستمی سیاسی تورکەکان و لەناو کۆمەڵگای کوردیشی کردە هێزی یەکەم و بێڕکابەر.
نموونەی ئەم بەهێزتربوونە لە سایەی ئاشتییەوە زۆر و زەمەندن. لەوانەش:
١. کورد بۆ یەکەمجار بەربەستی ١٠٪ی بڕی و گەیشتە ناو پەرلەمان.
٢. زۆرینەی شارەوانییەکانی گرتە دەست و جۆرێک لە خۆسەری لە زۆربەی شارەکان دامەزراند.
٣. کورد ڕۆڵی دروستکەری پادشا لە ناو تورکەکاندا دەبینێت. واتە بە دژایەتی و لایەنگری کورد بڕیار دەدات کێ سەرۆک کۆمار یان سەرۆک شارەوانییە گەورەکانی تورکەکان بێت.
٤. وەفد و نوێنەری کوردان لە پەرلەمانەکانی ئەوروپا و ڕووسیا و ئەمریکا پێشوازیان لێدەکرێت و مافی زمانحاڵی کوردیان لە تورکەکان و دەوڵەتەکەیان سەندەوە.
ئەمانە هەمووی زادەی پڕۆسەی ئاشتیین.
تورکەکان ئەوە دەزانن، بۆیە بەردەوام هەوڵیان داوە کە هەموو ئەو دەستکەوتانەش کە لەسایەی ئاشتی بەدەست هاتوون بە سەپاندنی شەڕ و بەناوی دژایەتی تیرۆر هەوڵیان داوە لە کوردی بستێننەوە، لەوانەش شارەوانییەکان.
خیتابی ئیستیفزازیانەی بەردەوامی مەقاماتی تورکەکان دەرهەق بە پەکەکە و پڕۆسەی ئاشتی، بەردەوامی هێرش و پەلاماری سەربازی تورکەکان تەنانەت لەکاتی کۆنگرەدا و سپاردنی شەڕی تایبەت بە جلخوارەکانی باشوور دژی پڕۆسەی ئاشتی، پێمان دەڵێت کە تورکەکان لەم پڕۆسەیە نیگەرانن و لە بەرژەوەندی خۆیان نایبینن.
بەلەبەرچاو گرتنی، ئەم هەقیقەتانەی سەرەوە، دەکرێت بڵێین پڕۆسەی ئاشتی خواستێکی تورکەکان نییە و بەسەریاندا سەپێندراوە.
ئێستا با جارێکی تر بیر بکەینەوە، ئەگەر پڕۆسەکە وەک پەکەکە و کورد خۆی بۆ ئامادەکردووە ئاشبەتاڵە یان بوژانەوە؟