
بڕی ١٢٠ ملیار لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەم، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئەیلوول خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەم، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجییەکانی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نارد و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو تەرخانکراوی دارایی بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.



