هه‌واڵ

سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی: ناردنی پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق جەخت لە بەردەوامی ناردنی پارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، د. لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ جاسم محەمەد عەبوود سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆبۆوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە ھەژماری بانکی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، د. لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوە کردووە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ پڕۆسەی سیاسی عێراق لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ داڕێژراوە، کە خواستی سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر بووە و لە دەستوردا بەڕوونی ھەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتانەی ئێستای پەسندکردووە. هەروەها گوتی: “ھەربۆیە دەسەڵاتدارانی ھەرێم دەسەڵاتی تەواویان بەسەر ھەرێم و ھاووڵاتییاندا ھەیە، بەشێوەیەک کە جگە لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ، دەستوور و یاسا پێشێل نەکات”.

لە بەرانبەردا سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئاماژەی بەوە کرد، “ئەو فەرمانبەرانەی ھەرێمی کوردستان کە بەھۆی کێشەی تەکنیکییەوە دروستکردنی ھەژماری بانکییان دوادەکەوێت، دەتوانن بە کاش مووچەکانیان وەربگرن”.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵی گوتیشی: “ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم بەردەوام دەبێت تاوەکو پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران تەواودەبێت، بەوپێیەی ڕێوشوێنەکانی پڕۆسەی بەبانکیکردن کاتی پێویستە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...