هه‌واڵ
ئاراستەکان

بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕاگەیەندرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تەنیا یەک سەعات پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتە مەترسیدارەکەی، ڕاگرتنی سەرجەم هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.

 

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس ڕایگەیاند، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و مارشاڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای ئەو وڵاتە، بڕیاری داوە بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکان ڕابگرێت، ئەم بڕیارە مەرجدار کراوە بە کردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و بێمەرجی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە.

 

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشیکرد، ئەم هەنگاوە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت و بۆ ماوەی ١٤ رۆژ هیچ هێرش و بۆردمانێک ئەنجام نادرێت.

 

ترەمپ دەشڵێت پێشنیازێکی ١٠ خاڵییان لەلایەن تارانەوە بەدەستگەیشتووە و واشنتن وای دەبینێت کە بنەمایەکی باشە بۆ دانوستان و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

 

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی خاڵە ناکۆکەکانی ڕابردوو لە نێوان ئەمریکا و ئێران چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیە بۆ ئەوەیە کە ڕێککەوتننامەی ئاشتیی درێژخایەن ئیمزا بکرێت.

 

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، هێزەکانیان سەرجەم ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان پێکاوە و ئێستا کاتی دیپلۆماسییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

لە کۆتایشدا ترەمپ دەڵێ، بەناوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها وەک نوێنەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جێگەی شانازییە کە ئەم کێشە درێژخایەنە وا لە چارەسەربوون نزیکە.

 

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێک دیکەی کە لە هەمان تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا ڕاستەوخۆ هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو تەنگژەیەی هاتوچۆ کە لە گەرووی هورمز دروست بووە.

 

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەم ئاگربەست و ڕێککەوتنە نوێیەوە، ئێران دەتوانێت دەست بە پڕۆسەی بنیادنانەوەی ژێرخانە وێرانبووەکانی بکات. “ئێمە کەشتییەکانمان بە هەموو جۆرە پێداویستییەک بار دەکەین و تەنیا لەو دەوروبەرە (تەنگەی هورمز) دەمێنینەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بین هەموو شتێک بە باشی بەڕێوەدەچێت”، سەرۆکی ئەمریکا وای گوت.

 

زیاتر دەڵێ: “متمانەم هەیە کە هەموو شتێک باش دەبێت. ڕێک وەک ئەوەی لە ئەمریکا ئەزموونی دەکەین، ئەمە دەکرێت ببێتە سەردەمی زێڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button