
وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ٩٥٪ی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەواو بوون.
ئەمڕۆ سێشەم، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، هەنگاوێکی چارەنووسساز و دەستکەوتێکی گەورەی خەڵکی کوردستانە.
ئەو گوتانەی وەزیری پێشمەرگە لە میانەی ڕێوڕەسمی دەرکردنی بڕیاری سەربازی بۆ ئەفسەرانی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی هێزی پێشمەرگە هات، کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕێکخراوە و هاوکات لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەشدا، یەکخستنی هەردوو فەرماندەییەکە ڕاگەیەندرا.
وەزیری پێشمەرگە، هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزی پێشمەرگە تەنیا هێزێکی کاتی نییە، بەڵکو پێشمەرگە ناسنامەی نیشیمانیی کوردە. ئەرکی پێشمەرگە تەنیا پاراستنی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو لە شەڕی داعش بینیمان مرۆڤایەتی پاراست و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا هێزێکی باوەڕپێکراوە.
شۆڕش ئیسماعیل باسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کرد و گوتی: “هێزی پێشمەرگە لە ڕووی سەربازییەوە چەندە بەهێز بێت، هێندە ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا پارێزراوتر و سەقامگیرتر دەبێت. ئێستا هێزی پێشمەرگە لە قۆناغی بنیاتنان و گەشەسەندنی نیشتمانییە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بنیاتنانی دوو دەڤەری سەربازی و ١١ فیرقەی پیادە، لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان”.
وەزیری پێشمەرگە گوتیشی: پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە ٩٥٪ی تەواو بووە، توانیویەتی بگاتە دوا قۆناغی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان”.
دووپاتیشی کردەوە، یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پڕۆسەیەکی چارەنووسسازە و بەردەوامیش دەبێت.



