
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی کشانەوەی حزبەکەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دان بە پەرلەمان و هەر ئەنجامێک دانانێن کە بەدوایدا بێت و بە فەرمی زەنگی دووئیدارەیی لێدا.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: وەک یەکێتی دان بە پەرلەمان و هیچ ئەنجامێک دانانێن کە لێی دەکەوێتەوە. گوتیشی: “لەم حکوومەتە فاشیلە دەکشێینەوە کە پێی دەڵێن حکومەتی کوردستان، خۆمان ئیدارەی ناوچەکانی خۆمان دەدەین”.
هەر لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، کە لە سەر بنەمای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کاراکردنەوەی، بەو شێوازەی کراوە، ئەگەر لە هەولێر سەرۆکی هەرێم دابنێن، ئەوانیش لە سلێمانی سەرۆکی هەرێم دادەنێن، ئەگەر سەرۆکی حکومەت دابنێن، ئەوانیش لای خۆیانەوە سەرۆکی حکومەت دادەنێن. ئەوەش بە مانای ڕاگەیاندنی دووئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەر لە پەیامەکەیدا و ڕوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “بڕیارێکتان داوە و دەزانن بڕیارەکەتان ڕاست نییە، بەڵام ئەو هێز جوڵاندنەی لە دوێنێوە دەستتان پێکردووە، وازی لێ بهێنن، بڕیارێکی وا دەدەن نابێت لێی بتۆقن”.
ئەو پێداگیری لەسەر هەڵوێستی حزبەکەیشی کرد بە دژی بەرپابوونی شەڕ و گوتی: “ناهێڵین دڵۆپێک خوێنی کەس بڕژێت لە کوردستان”.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوو لە پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: “ئێوە دەستتان پێکرد من تەواوی دەکەم”.


