بارودۆخی هەنووکەیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەندین ڕوویێکەوە باش نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە و گرفتەکان لە هەڵکشانە.
دیارە ئێمە بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان زیاتر لا مەبەستە، کە بە داخەوە ئێستا بەرەو پوکانەوەی ناوخۆیی دەچێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، سیاسەتمەدارە بڕیاربەدەستەکانیش خۆیان لە قەرەی دانپێدانان بەو ڕاستییە مەترسیدارە نادەن. هەر بۆیەشە ناتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای تەمەلوق و پێداهەڵگوتنی ناڕاست و بێ مانا، سەری نەک تەنیا لە سیاسەتوانان، بەڵکو لە خەڵکیش شێواندووە.
ئێستا پێوەری لێهاتوویی و کارامەیی و دڵسۆزی بووەتە زۆرترین و خەستترین ماستاوکردن، عەرەب گوتەنی (تملق للتسلق) بووەتە هونەر و ڕێگای وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات، کە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە و بەدیاردەبوونی و زۆری ماستاوچییەکان، مەترسییە لەسەر کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسیمان. لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و باکیان بە ئایندەی وڵات و تەنانەت خودی ئەو بەرپرسەش نییە، کە لە تەمەلوقکردن بۆی ڕیکۆردیان شکاندووە. لە فەرهەنگی ئەواندا قیەمی وەفا و (ولاء) بوونی نییە.
ماستاوچییهكان لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و باکیان بە ئایندەی وڵات و تەنانەت خودی ئەو بەرپرسەش نییە
دەبووایە ئێستا کاری هەرە لە پێشینەی سیاسەتمەدارە بڕیاربەدەستەکان، ئاشتکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتری و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان بووایە، بۆ ئەوەی بۆ پاڵپشتیکردن لە حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکان لە بەرانبەر بەغدا، بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوومان هەبووایە. سەرکردەکان دەبێت ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو بێت ئەو کارە باشانەی ئەمڕۆ دەتوانن ئەنجامی بدەن، ڕەنگە بەیانی و لە ئایندەدا ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسێت.
بەداخەوە وەکو تێبینی دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان، زۆربەی سیاسەتوانەکان زیاتر لە هەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە، پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن. لەکاتێکدا ئەم مینبەرە نەک هەر نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو قوڵتری کردۆتەوە.
زۆربەی سیاسەتوانەکان زیاتر لە هەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە، پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن. لەکاتێکدا ئەم مینبەرە کێشەکانی قوڵتر کردۆتەوە.
وێڕای لایەنی ئەرێنی کەناڵی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەگشتی، ئەم سەکۆیە دەرفەتە بۆ ماستاوچییەکان، هەر کات بیانەوێت و چەندی دووریش بن، خۆیان بخزێننە ناوی، بە پێچەوانەی قۆناغی ڕابردوو، کە پێداهەڵدان و تەمەلوق ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو دەکرا.
دیارە ئەو دیاردە ناشرین و پەتا وێرانکەرە، دیاردەیەکی تازە نییە و ماستاوچییەکان لە دێرزەمانەوە بەدەوری دەسەڵاتداران دەخولێنەوە.
بۆنموونە ماکیاڤیلی لە کتێبی (میر) ئامۆژگاری میر دەکات، کە خۆی لە ماستاوچییەکان بپارێزێت.
هەروەها دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی لویسی چواردەدا، دارودەستەی پاشای فەڕەنسا لە دەوروبەری کۆدەبوونەوە و دەستیان دەکرد بە مەدح و سەنای خاوەن شکۆ، جارێک پاشا پرسیار لە یەکێک لە ئامادەبووان دەکات، کە هاوسەرەکەی دووگیان بووە و دەپرسێت: کەی هاوسەرەکەت منداڵی دەبێت، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: کەی خاوەن شکۆ بیەوێت منداڵی دەبێت.
دیارە وێڕای مەترسی پەتای تەمەلوق، تەنیا گوتنی ڕاستییەکان ئازایەتی دڵسۆزی ناخوازێت، بیستن و بینینی ڕاستییەکانیش لەلایەن دەسەڵاتداران مەردایەتی و بوێری گەرەکە.
تەنیا گوتنی ڕاستییەکان ئازایەتی دڵسۆزی ناخوازێت، بیستن و بینینی ڕاستییەکانیش لەلایەن دەسەڵاتداران مەردایەتی و بوێری گەرەکە.
زۆرجار دەسەڵاتداران لە ناو کۆشک و تەلارەکانیان بە هەلپەرست و موتمەلقەکان دەور دەدەرێن و هالەیەک و دنیایەکی ناڕاستیان بۆ دروست دەکەن، کە دڵخوازی دەسەڵاتدارانە، بیستنی ڕاستییەکان ئەو هالەیە لە ناو دەبات، وێنەی جیهانە جوان و دڵخوازیەکەی خەیاڵیان دەشێوێنێ، ڕاستییەکان بە هەموو دیوە خوار و پڕ لە گرفت و کەموکوڕییەکانەوە، بە دیار دەخات. هەر بۆیەشە کە بیستن و بینینی ڕاستییەکان ئازایەتی زیاتری پێویستە.
ئەرکی دەسەڵاتدارە کە ئازایەتی لە بڕیاردانی دروست و کرداری ڕاستەقینەی هەبێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لە خۆی و لە ئازیزەکانی دەست پێ بکات.
بۆیە جەخت لەو ڕاستییە دەکەینەوە لە هەموو بارودۆخێکدا هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ئازایەتی بیستن و بینینی ڕاستییەکانە، پاشان داننان بە هەڵەکان دەست پێ دەکات.