،١. له سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه، سه‌ركردایه‌تی شۆڕش هه‌وڵی ده‌دا، نەوت وەک کارتێک دژ بە حکوومەتی عێراق به‌ریتانییه‌كان یان كۆمپانیاكانی نه‌وت به‌كاربێنێت. مەبەست لەوە، هەڕەشەکردنە بە تێکدانی پڕۆژەکانی نەوتی. له‌و قۆناغه‌دا (كارتی نه‌وت) یه‌كێك له به‌هێزترین كارته‌كانی گوشار بوو به‌ده‌ست كورده‌وه، مه‌به‌ست له‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی شۆڕش بوو بە ئاڕاستەی تێکدانی پڕۆژه و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی له خاكی كوردستانی لێكنراو به عێراق. بەدیاریکراوی کێڵگەی نەوتی کەرکووک، کە بڕبڕەی پشتی ئابووری دەوڵەتی عێراقی پێک دەهێنا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە
٢. له ماوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، ده‌یان چالاكی پێشمه‌رگه دژ به پڕۆژه و دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی ئه‌نجام دران؛ له‌ناویاندا گرتنی ناوچه‌ی نه‌وتی عه‌ین زاله، په‌لاماردان و ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆڕییه‌كانی نه‌وت له كه‌ركووك و ئه‌نجامدانی چالاكی جیاجیا له ناوچه‌كانی گه‌رمیان. به بارمته‌گرتنی كارمه‌نده بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وت؛ له‌ناویاندا به بارمته‌گرتنی به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌كانی نه‌وتی به‌ریتانیا له چوارچێوه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی کێڵگەی نەوتی عه‌ین زاله‌دا، ئه‌وه له ١٩٦٢ ڕوویدا. شۆڕش ده‌یویست له‌و ڕێگه‌یه‌وه سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كان بۆ خۆی ڕابكێشێت. په‌لاماردانی دامه‌زراوه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانی و له ماوه‌ی شۆڕشی نوێ‌دا، هیچ كات چالاكییه‌كی نوێ نه‌بوو، به‌ڵكو درێژكراوه‌ی هه‌مان چالاكییه‌كانی شۆڕشی كۆن بوو به‌رانبه‌ر به پڕۆژه‌كانی نه‌وتی، به‌ڵام هه‌لومه‌رج و قۆناغه‌كه، به‌ته‌واوه‌تی جیاواز بوو.
٣. له ماوه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوولدا، هیچ كات شۆڕش ئه‌و كارته‌ی به‌ته‌واوه‌تی به‌كارنه‌هێنا، وێڕای په‌لاماردان و لێدان و چه‌ند هه‌وڵێكی دیكه‌ی سنووردار، به‌ڵام (كارتی نه‌وت) وه‌ك خۆی به‌كارنه‌هێنرا، مه‌به‌ست له‌وه‌ش ڕاگرتنی ته‌واوه‌تی پڕۆژه‌كانی نه‌وت بوو، كه به‌پێی هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا و كۆمیته‌ی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی پێوه‌ست به نه‌وت، شۆڕش ده‌یتوانی هه‌ر زۆر به ئاسانی هه‌موو پڕۆژه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك په‌ك بخات.
مه‌ینارد له یه‌كێك له نووسراوهكانیدا بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌ڵێ: (كورده‌كان تا ئێستا له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون، بۆ ئه‌وه‌ی هێلكه و ڕۆن دروست بكه‌یت، ده‌بێت له سه‌ره‌تادا هێلكه‌كه بشكێنیت)
٤. هه‌ندێك له دیپلۆماتكار و كارمه‌نده‌كانی باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له عێراق له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به سه‌رسوڕمانه‌وه باس له به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و (كارته به‌هێزه) له‌لایه‌ن شۆڕشه‌وه ده‌كه‌ن. لەکاتێکدا دەزانن و دەڵێن ئەو چەک و ناپاڵمەی عێراق لە لەناوبردنی کورد و شۆڕش بەکاری دێنێت، لە داهاتی نەوتەوە دێت. به‌گشتی سێ هۆكار بۆ به‌كارنه‌هێنانی ته‌واوه‌تی كارتی نه‌وت پێش خراوه، ڕه‌نگه به‌هێزترینیان توڕه نه‌كردنی ڕای گشتی عه‌ره‌بی و جیهانی بێت، به‌ڵام ئه‌و پاساوانه به‌لای كارمه‌ندێكی وه‌ك (مه‌ینارد) له باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا لە عێراق، كه زۆرترین نووسراوه‌كانی پێوه‌ست به دۆسیه‌ی شۆڕش و نه‌وت له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا ڕه‌وانه كراون، پاساوی به‌هێز و باوه‌ڕپێكه‌ر نین. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مه‌ینارد له یه‌كێك له نووسراوهكانیدا بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی، ئاماژه به خاڵێكی زۆر گرنگ ده‌دات و ده‌ڵێ: (كورده‌كان هێشتا له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌و بیركردنه‌وه غهمناكهدان، كه پێیان وایه ڕه‌وایه‌تی دۆزه‌كه‌یان، به‌سه بۆ دروستكردنی كاریگه‌ری له‌سه‌ر جیهان)، مه‌ینارد درێژه به باسه‌كه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێ: (كورده‌كان تا ئێستا له‌وه تێنه‌گه‌یشتوون، بۆ ئه‌وه‌ی هێلكه و ڕۆن دروست بكه‌یت، ده‌بێت له سه‌ره‌تادا هێلكه‌كه بشكێنیت). دیپلۆماتکارە بەریتانییەکە ڕوون و ڕاشکاو، دان بەوەدادەنێت، کە “ڕەوایەتی دۆزی گەلی کوردستان”، کە شۆڕش دەیەوێ لەڕێگەیەوە پاڵپشتی جیهانیی بەدەست بێنێت، بەس نییە بۆ پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵکوو، پێی وایە، بۆ ئەوەی جیهان بەدەنگتەوە بێت، دەبێت گرفتی بۆ دروست بکەیت.
٥. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی كۆمبا له ١٩٦٣دا، وەک نوێنەری شۆڕش، هه‌ڕه‌شه له كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌كات و ده‌ڵێ، خاوه‌ندارێتی چاڵه‌كانی نه‌وت بۆ ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام كۆمپانیاكانی نه‌وت مافی ئیمتیازاتهكهی به داگیركه‌ری خاكی ئێمه ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا عێراق داهاتی نه‌وت له پڕۆسه‌ی چه‌كسازی و له‌ناوبردنی گه‌لی كورد به‌كاردێنێت و ئه‌و بارودۆخەش بەلای کورد و شۆڕشەوە قبوڵ ناكرێت. هاوكات مه‌لا مسته‌فا بارزانی له چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا له ساڵی ١٩٧٣دا به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاماده‌یی ئه‌وه پیشان ده‌دات؛ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا كورد له (گورگان) بپارێزێت، ئه‌وه شۆڕش به هاوكاری ئه‌مریكا په‌لاماری پڕۆژه و كێڵگه‌كانی نه‌وتی كه‌ركووك ده‌دات و كۆنتڕۆڵی ده‌كات. سامی عەبدولڕەحمان لە دیدارێکی نەوەدەکاندا لە ڕۆژنامەی برایەتی(خەباتی ئێستا)، باس لەوە دەکات، کە مەلا مستەفا دەستخۆشی لێکردوون لە هێرشکردنە سەر کێڵگەی نەوتی عەین زالە.
خۆماڵیكردنی نه‌وت چیتر ئه‌و كارته‌ی له ده‌ست شۆڕشی كورد ده‌رهێنا، كه هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی نه‌وتی به لێدان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیستعمار پاساو ده‌دایه‌وه
٦. خۆماڵیكردنی نه‌وت له عێراق، ئه‌گه‌ر بۆ دوو قۆناغ و ماوەی حوکمڕانی عه‌بدولكه‌ریم قاسم و پاشان سه‌دام حوسێن دابه‌ش بكرێت، ئه‌وه له لایه‌ن به‌عسه‌وه، وه‌ك كارتێكی سیاسی دژ به شۆڕشی كورد به‌كارهێنرا. خۆماڵیكردنی نه‌وت چیتر ئه‌و كارته‌ی له ده‌ست شۆڕشی كورد ده‌رهێنا، كه هه‌ڕه‌شه‌كانی له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی نه‌وتی به لێدان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئیستعمار پاساو ده‌دایه‌وه. گوتاری شۆڕش بەدژی ڕژێمەکانی عێراقی لەو قۆناغەدا، ئەوە بوو کە نەوتی عێراق(ڕاستی نەوتی کوردستان)یان خستووەتە خزمەت ئیستعمارەوە.
٧. سه‌دام حوسێن له چاوپێكه‌وتنه ڕۆژنامه‌وانییه درێژه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ فواد مه‌ته‌ری له كۆتاییه‌كانی دەیەی حه‌فتادا، به زمانی خۆی باس له ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌ی خۆماڵیكردنی نه‌وت ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، ئه‌گه‌ر به بۆچوونی پسپۆڕانی نه‌وت بووایه، ئه‌وه بڕیاری خۆماڵیكردنی نه‌وت نه‌ده‌درا، به‌ڵكو ئه‌و بڕیاره به “سه‌ركێشی سیاسی” پێناسە دەکات، كه “سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه” ده‌یكات. لەو بەشەی دیدارەکەدا، سەدام حوسێن بەراورد لە نێوان سەرکردە و شارەزا دەکات. لەکن سەدام، شارەزا و ئەکادیمییەکان خەسڵەتی سەرکێشییان نییە، بەڵام سەرکردەی ڕاستەقینە یەکێکە کە دەتوانێت بوێرانە بڕیار بدات و سەرکێشی بکات.
٨. تێبینی بكه‌ن، خۆماڵیكردنی نه‌وت لە عێراق، بە خۆماڵیکردنی نەوت له كه‌ركووك ده‌ستی پێكرد، پاشان به‌سڕه و مووسڵ. شارەزاکان دەڵێن، بۆ تاقیکردنەوەی پڕۆسەیەکی گەورە، دەبێت نموونە بچووکە هەڵبژێدرێت، بۆ ئەوەی لە ئەگەری شکستدا، زیانەکە بچووک بێت(لە دۆخی خۆماڵیکردنی نەوتدا، کەرکووک گەورەترین بوو، هێشتا نەوتی بەسڕە، تازە لە دەستپێک بوو). ڕاستی، به‌عس ده‌بوو سه‌ره‌تا نه‌وتی ناوچه‌كانی كوردستان خۆماڵی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڕه‌شه‌ی شۆڕشی كورد پارێزراوی بكات. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو، كه شۆڕش یان پارتی دیموكراتی كوردستان له‌و قۆناغه‌دا ته‌واو له پڕۆسه‌ی خۆماڵیكردنهكه نیگه‌ران بوو، چونكه خۆماڵیکردنی نەوت ئه‌و كارتی فشاره‌ی له‌ده‌ست ده‌رده‌هێنا، بەکورتی بەعس دۆخێکی دروست کرد، چیتر گوتاری “دەستی ئیستعمار لەسەر نەوتی عێراق” ئیش نەکات، بەڵکوو بەعس پیشانی دا، خۆی دەستی ئیستعمارەکە دەبڕێت!
خۆماڵیكردنی نه‌وت، له چه‌ندان لاوه گورزی له گه‌لی كوردستان دا، سه‌دان كوردی ئێزدی، كه پاسه‌وانی پڕۆژه‌كانی نه‌وتی بوون، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه نانبڕاوكران و چهكهكانیشیان پێ داندرا
٩. خۆماڵیكردنی نه‌وتی كه‌ركووك، نه‌ك هه‌ر یارمه‌تیده‌ر نه‌بوو له پێڕۆییكردن له سیاسه‌تێكی نیشتمانی بۆ نه‌وت، به‌ڵكو ده‌رفه‌تی ته‌واوی بۆ به‌عس یان ده‌وڵه‌تی عێراق ڕه‌خساند، كه په‌ره به سیاسه‌تی ناعه‌داله‌تی جوگرافی له دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت یان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌وتی بدات. خۆماڵیكردنی نه‌وت، له چه‌ندان لاوه گورزی له گه‌لی كوردستان دا، سه‌دان كوردی ئێزدی، كه پاسه‌وانی پڕۆژه‌كانی نه‌وتی بوون، له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه نانبڕاوكران و چهكهكانیشیان پێ داندرا، له‌به‌رئه‌وه خۆپیشاندانی كوردانی ئێزدی له شنگال ده‌ستی پێكرد و هاوكات به داماڵینی چه‌ك له ئێزدییه‌كان، حكوومه‌تی عێراق توانی پڕۆسه‌كانی ته‌عریب و ڕاگواستن له ده‌ڤه‌ره‌كه چالاكتر بكات. خێری گەلی عێراقیش لە خۆماڵیکردنی نەوت، مەگەر کوشتارگەی شەڕی عێراق-ئێران بێت. لەدوای ٢٠٠٣یشەوە، ئەفسانەی خۆماڵیکردنی نەوت بۆ هەمووان ڕوون بوویەوە.
١٠. بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتووانی كوردستان یان ته‌رخانكردنی به‌شێك له داهاتی نه‌وت بۆ كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژه‌ی دانیشتووان، یه‌كێك له پێشنیازه‌كانی شۆڕشی كۆن بوو، له یه‌كه‌م دانوستانه‌كانه‌وه له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو تا ده‌گات به دانوستانەکان له‌گه‌ڵ به‌عس له شه‌سته‌كاندا و پاشان لە گفتوگۆکانی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئادار (به زمانی به‌عس به‌یاننامه‌ی ئادار)ی ١٩٧٠، خاڵێکی سەرەکی لە داخوازییەکانی کورد یان شۆڕش ئەوە بوو، کە بەشێک لە داهاتی نەوت بۆ کوردستان تەرخان بکرێت، لەسەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان. ڕاپۆرت و هەواڵدەرە بیانییەکان لەو قۆناغەدا(١٩٧٠)، ئەو داواکارییەی شۆڕش، واتە دابینکردنی بەشێک لە داهاتی نەوت بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بۆ کورد، بە یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم ئەگەری ڕێککەوتن لە نێوان دەوڵەتی عێراق و کورد دادەنێن.
١١. ئه‌و ١٧٪یەی پاش ٢٠٠٣ وه‌ك به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌تی عێراق، بڕیاری لەسەر درا، بیرۆکەیەکی نوێ نەبوو، بەڵکوو هه‌مان داخوازی كورد بووه به‌درێژایی هه‌موو بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد له شۆڕشی كۆنه‌وه بۆ ئێستا. ئەو داواکارییە، هەر تەنیا لە شۆڕشی کۆندا قەتیس نابێت، هەروەها یەکێک لە داخوازییەکانی بەرەی جود بوو، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بەو جۆرەی ڕاگەیەنراوەکە، لە کتێبەکەی ڕەسوڵ مامەنددا هاتووە. به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و مێژووه دوور و درێژه، ئه‌سته‌مه متمانه به عێراق بكرێت، كه ئه‌و ڕێژه‌یه وه‌ك خۆی، ته‌رخان و دابین ده‌كات.
تاریق عه‌زیز پێی ده‌ڵێ، ئێمه كورده‌كان له ناوچه‌كانی نه‌وتی دوور ده‌خه‌ینه‌وه و عه‌ره‌بیان له شوێن داده‌نێین، ده‌مانه‌وێت نه‌وت بپارێزن
١٢. له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه بۆ شۆڕشی نوێ و تا ده‌گات به قۆناغی ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ١٩٩١ و دانوستانه‌كانی نێوان به‌عس-به‌ره‌ی كوردستانی و پاشان عێراقی پاش ٢٠٠٣، نه‌وت خاڵێکی كرۆكی بووە، لە هه‌موو كێشه‌كانی كورددا. ئه‌و بابه‌ته به كێشه‌ی خاكه‌وه گرێدراوه، مه‌به‌ست له‌وه‌ش دابڕینی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیکەیە له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی و پاشان له هه‌رێمی كوردستان. عێراقی پێش ٢٠٠٣ و پاش ٢٠٠٣ و وڵاتانی ناوچه‌كه و زلهێزه‌كانیش له هیچ قۆناغێكدا زۆر لارییان له جیابوونه‌وه یان هه‌ر شێوه ئیداره‌دانێكی پارێزگاكانی سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك نه‌بووه، كێشه‌كه له‌سه‌ر كه‌ركووك بووه. ئه‌وه‌یش پێوه‌سته به هه‌بوونی یه‌ده‌گێكی گه‌وره‌ی نه‌وت له‌و پارێزگایه‌دا. عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا له ساڵی ١٩٧٥دا، له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ تاریق عه‌زیز، له زاری ناوبراوه‌وه هه‌ر ئه‌وكات ده‌گێڕێته‌وه، كه تاریق عه‌زیز پێی ده‌ڵێ، ئێمه كورده‌كان له ناوچه‌كانی نه‌وتی دوور ده‌خه‌ینه‌وه و عه‌ره‌بیان له شوێن داده‌نێین، ده‌مانه‌وێت نه‌وت بپارێزن. نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه سه‌دام حوسێن له دانوستانی یه‌كێتیی نیشتمانی-به‌عس له ١٩٨٤دا و تاریق عه‌زیز له دانوستانی نێوان به‌ره‌ی كوردستانی-به‌عس له ١٩٩١دا، به زمانی خۆیان پێداگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، كه هیچ كات ڕازی نابن كه‌ركووك بخرێته سه‌ر ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی، چونكه به ده‌ربڕینی سه‌دام حوسێن و تاریق عه‌زیز له زاری نه‌وشیروان مسته‌فاوه: (كه‌ركووك نه‌وتی تێدایه، ئه‌گه‌ر ئێمه ڕازی بین كه‌ركووك بخه‌ینه سه‌ر ناوچه‌ی حوكمی زاتی، كه‌واته به‌ده‌ستی خۆمان ژێرخانێكی ئابووری بۆ ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ده‌كه‌ین). نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی شایه‌تحاڵی قسه‌كه‌ی تاریق عه‌زیز بوو له دانوستانی ١٩٩١دا و ئه‌و قسه‌یه‌ش له تاریق عه‌زیزه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه به شاندی به‌ره‌ی كوردستانی ڕاگه‌یاندووه: (ئه‌گه‌ر كه‌ركووك بخرێته سه‌ر ناوچه‌ی حوكمی زاتییه‌وه، كێ ده‌ڵێ ئێوه له‌گه‌ڵ توركیا ڕێك ناكه‌ون، له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی كه نیوه‌ی نه‌وته‌كه‌ی به خۆڕایی پێبده‌ن، توركیا پشتیوانی له ده‌وڵه‌تی كوردستان ناكات؟).
١٣. هه‌ڵچنینی ئومێد لەسەر عێراق و به‌دیاریكراوی له دۆسیه‌ی نه‌وتدا، بۆ كورد جێگه‌ی به‌زه‌ییه. هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت له داخوازی و نیگه‌رانییه‌كانی كورد به‌رانبه‌ر به‌و دۆسیه‌یه، مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق تا ئێستا درێژ ده‌بێته‌وه. بیرکردنەوەیەکی غەمناکانەیە، ئەگەر پێمان وا بێت ئه‌وه‌ی له سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ كورد له‌و ڕووه‌وه به‌دی نه‌هات، به سه‌د ساڵی دیكه‌ش به‌دی دێت. ڕه‌نگه هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی خوێندنه‌وه كورته و پوختەكهی نه‌وشیروان مسته‌فا پێوه‌ست به دۆسیه‌ی نه‌وت له پێوه‌ندی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له ساڵی ٢٠٠٧دا، ڕوون و گونجاو نه‌بێت، نه‌وشیروان له وه‌ڵامی هه‌ڵوێسته‌كانی مالیكی و شه‌هرستانی دژ به دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌ڵێ، (شه‌هرستانی به عه‌قڵیه‌تی عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كانی عێراقی جمهوری و مه‌له‌كی بیر ده‌كاته‌وه. نایانه‌وێ كورد له پاشكۆیایهتی ئابووری و سیاسی عێراق ده‌ربازی ببێت).
نه‌وت كه یه‌كێك له هۆكاره به‌هێزه‌كانی لكاندنی خاكی باشووری كوردستان بوو به ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردنی عێراقه‌وه، له توانادا هه‌یه پێچه‌وانه‌كه‌ی بێت
١٤. هیچ ڕێگه‌چاره‌یه‌ك له ئارادا نییه، جگه له خاوه‌ندارێتی له سیاسه‌تی نیشتمانی و كوردستانییانه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وتی كوردستان له‌لایه‌ن كورد خۆیه‌وه. نه‌وت كه یه‌كێك له هۆكاره به‌هێزه‌كانی لكاندنی خاكی باشووری كوردستان بوو به ده‌وڵه‌تی ده‌ستكردنی عێراقه‌وه، له توانادا هه‌یه پێچه‌وانه‌كه‌ی بێت، ئه‌وه كاتێك ڕووده‌دات، كه كورد بتوانێت خاوه‌ندارێتی له ستراتیژیه‌تێكی كوردستانییانه له به‌ڕێوه‌بردن و ئاڕاسته‌كردنی کەرتی نه‌وت له‌ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه بكات. چۆن دەتوانرێت داهاتی دەستکەوتوو لە بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بەکاربهێنرێت؟ لەتوانادایە سیاسەتی پێشوو پێچەوانەوە بکرێتەوە، تەنیا بە ڕەچاوکردنی ستراتیژیەتێکی کوردستانیانە، کە پێشخەری بە خەمی نیشتمانەکە بدات. چارەسەرییەکە هەموو کات لەناوخۆی کوردستانە. ئێستا دەکرێت بە ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی داهات پێناسەی بکەینەوە.
تێبینی:
ئەم بابەتە، بەشێکە لە توێژینەوەیەکی فرەلایەن و بڵاونەکراوە، لەمەڕ نەوت لە پێوەندی کورد و دەوڵەتی عێراق.