سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

خوێندنەوەیەک بۆ نامەکەی تیلەرسن‌ بۆ بارزانی

ساڵانە لەگەڵ نزيکبوونەوەی ساڵيادی ڕيفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێتە مایەیی باس، نامەکەی تيلەرسنی وەزيری دەرەوەی ئەمريکایە، کە چەند ڕۆژێک پێش ئەنجامدانی ڕيفراندۆم دەينێرێت بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێم و، داوای لێدەکات ڕيفراندۆم دوابخات. وەک زۆربەی ڕووداو و دياردەکانی کوردستان، ئەو بابەتەش زۆربەی کات لە چوارچێوەی لۆژيکی شەڕی ناوخۆ و ڕق و جنێوفرۆشی… هتد، خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لێرەدا هەوڵدەدەم بە شێوەیەک بابەتی خوێندنەوەیەک بۆ ئەو پرسە بکەم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەوانەی کە پێيان وایە، کە دەبوو ڕيفراندۆم دوابخرایە لەبەر ئەو پێشنيازانەی کە لەو نامەیەدا هاتوون، زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە بەڵێنەکانی ئەو نامەیە جێبەجێ دەکران و سوودی بۆ کورد دەبوو، بەبێ ئەوەی ئەوە پيشان بدەن ئایا چی لە ناوەڕۆکی ئەو نامەیەدا هاتووە و بەڵێنەکان چين و چۆن جێبەجێ دەکرا؟ یان بۆچی دەبوو ئەمريکا پابەند بێت بەو بەڵێنانە؟ ئایا بە چ پێوەرێک دەوڵەت پابەند دەبێت بە نامەیەکی نافەرمی؟

لە ڕێککەوتنامەی سيڤەر، کە سێ ماددە تەرخان کرابوو بۆ پرسی کورد و سەربەخۆیی کوردستان، ئەم ڕێککەوتننامەیە لە نێوان دەوڵەتانی سەرکەوتوو لە جەنگی یەکەمی جيهانی و خودی دەوڵەتی عوسمانی بوو کە کوردستانی لە ژێر دەسەڵات بوو. ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی و فەرمی بوو، ئينجا هيچ کام لە بەڵێن و ماددەکانی سەبارەت بە کورد جێبەجێ نەکرا و کورديش نەيتوانی هيچ بکات. ئينجا دەبێت نامەیەکی نافەرمی وەک ئەوەی تيلەرسن چ گەرەنتييەکی هەبووایە بۆ جێبەجێکردن؟

 

نامەکەی تیلەرسن، نامەیەکی فەرمی نييە لە دەوڵەتێکەوە بۆ حکوومەت و نەتەوەیەکی تر، بەڵكو زۆر ڕوون ديارە نامەیەکی نافەرمی و مۆرکی کەسی پێوە ديارە

 

هەر دوای ساڵێک لەو نامەیە، خودی تيلەرسن لە پۆستەکەی نەما. دەوڵەت بەپێی بنەمای سەروەری، نەک دەتوانێت پەشيمان ببێتەوە لە نامەیەکی لەو شێوەیە، بەڵکو دەتوانێت لە ڕێککەوتننامە و پەيماننامەی نێودەوڵەتی بکشێتەوە. نەک ئەمريکا، بەڵکو هەموو دەوڵەتێک، نەک هەر دەتوانێت، بەڵکو مافی خۆیەتی ڕايبگەيەنێت، کە ئەو جۆرە نامانە ڕای کەسی وەزيرەکەیە نەک دەوڵەتەکە خاوەندارێتی بکات. تەنانەت ئەگەر ئەو نامەیە بەڵێنی فەرمی دەوڵەتی ئەمريکاش بووایە، زۆر بە ئاسانی دەيتوانی لێی بکشێتەوە، بەتايبەت کە بەڵێنەکان لە نێوان دەوڵەتی ئەمريکا و کوردە، کورد دەتوانێت چی بکات بۆ ناچارکردنی ئەمريکا بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی! هەر کەسێک سەيری نامەکەی تیلەرسن بکات، هەست بەوە دەکات کە نامەیەکی فەرمی نييە لە دەوڵەتێکەوە بۆ حکوومەت و نەتەوەیەکی تر، بەڵكو زۆر ڕوون ديارە نامەیەکی نافەرمی و مۆرکی کەسی پێوە ديارە. نامەکە لە لایەن کەسێکەوە ئاڕاستەی کەسێکی تر کراوە، لە تيلەرسنەوە ئاڕاستەی مەسعوود بارزانی کراوە.

بەڵام با گريمانەی ئەوە بکەين، کە ئەو نامەیە فەرمی بووە و لە لایەن دەوڵەتی ئەمريکاوە ئاڕاستە کرابوو و، ئەمريکاش پابەند دەبوو بە هەموو بەڵێن و پێشنيازەکانی کە لەو نامەیەدا هاتووە. ئەم خاڵانە پێويستە لەبەرچاوبگرين لەو بارەیەوە:

١. پێش هەموو شتێک، نامەکە زۆر بە ئاشکرا و بەڕوونی ڕەزامەندی و دانوستانی ئاشتيیانە لەگەڵ بەغدا دەکاتە بنەمای هەموو شتێک. دەيکاتە بنەمای سەرەکی بۆ ئايندەی پەيوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەيکاتە بنەمای سەرەکی بۆ پرسی فيدڕاڵيزمێکی ڕاستەقينە و کۆنفيدڕاڵی و سەربەخۆیی.

“Negotiation with Baghdad remains the basis for reaching an understanding and finding a common agreement on the future relationship between the Kurdistan Region and the Government of Iraq. Whether this means a truly functioning federalism or some other formula confederation, or independence, it must be reached through a peaceful negotiation”

ئەمە بۆ پرسی سەربەخۆیی نەتەوەیەک لە داگيرکارێکی وەک عێراق کە سەد ساڵ تەمەنی هەیە لە ستەمکاری و گەندەڵی و خراپەکاری و شکست، سەد ساڵ نەک تەنيا هەر کورد، بەڵکو هاووڵاتيیانی خۆیشی دەکوژێت و برسی دەکات و دەچەوسێنێتەوە،  چۆن دەبێت بکرێت بە بنەما و مەرجی سەرەکی! یانی لە چ بارودۆخێکدا عێراق ئەوەندە ديموکراسیيانە و ئاشتيیانە ڕازی دەبێت بە سەربەخۆیی کوردستان!

 

خودی تيلەرسن لە نامەکەيدا بە ناڕاستەوخۆ دان دەنێت بەوەی کە ڕەگی کێشەکانی کورد و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی عێراق  لە ١٩٢١

 

٢. لەسەر بنەمای خاڵی یەک، هەر خودی تيلەرسن لە نامەکەيدا بە ناڕاستەوخۆ دان دەنێت بەوەی کە ڕەگی کێشەکانی کورد و عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی عێراق  لە ١٩٢١، هەر لەو کاتەوە کورد چەوسێنراوەتەوە و کورد ناڕازييە لەوەی بەشێک بێت لە عێراق.

“we recognize your frustrations over the past decade, and, indeed, the historic wrongs suffered by the Kurdish people in Iraq since 1921.”

ئایا ئەگەر دەوڵەتێک هەر لە دامەرزاندنيەوە بە ڕەزامەندی خۆی دان بە مافەکانی کورد نەنێت، بۆچی بە دواخستنی ڕيفراندۆم ئەو دەوڵەتە لە پڕ دەبێتە دەوڵەتێکی ديموکرات و کورد قبوڵ دەکات؟ ئەم خوێندنەوەیە هەر لە ڕووی زانستيشەوە هەڵەیە.

٣. لەوانەیە گرنگترين خاڵ لەو نامەیەدا ئەوە بێت کە تيلەرسن دەڵێت ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەيشتنە ڕێککەوتنێک، کە جێگای ڕەزامەندی هەردوولا بێت، یان ئەگەر دانوستانەکان شکستيان هێنا بەهۆی نەبوونی نيازپاکی لە لایەن بەغداوە، ئەوا ئەو کات دان بە پێويستی ئەنجامدانی ڕيفراندۆمدا دەنێين.

“At the end of this process, of course, should the talks not reach a mutually acceptable conclusion or fail on account of lack of good faith on the part of Baghdad we would recognize the need for a referendum.”

ئەم خاڵەش پڕە لە کێشە و ناڕوونی. ڕێککەوتنێک کە ڕەزامەندی هەردوو لایەن لەخۆبگرێت، دەستەواژەیەکی گونجاوە بۆ پەيوەندی نێوان دوو دەوڵەت، نەک نەتەوەیەک کە دەيەوێت سەربەخۆ بێت. پاشان سەد ساڵ ئەم دوو لایەنە ناتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک کە هەردوو لایان ڕازی بن، بۆچی دواخستنی ڕيفراندۆم ئەو موعجيزەیە دەخوڵقێنێت و عێراق دەکاتە سويسرا، کە هەموو پێکهاتەکان ڕازی بکات. مێژوو پێمان دەڵێت هەر ڕێککەوتنێکی ئەو دوو لایەنە هەميشە کاتی بووە و بنەمایەکی پتەوی نەبووە.

 

سەرکردایەتی کورد ئەوکات داوایان کرد لە بری ئەم دەستەواژەیە، وشەی “پشتگيری” دابنرێت، بەڵام تيلەرسن ڕازی نەبوو. واتە ئەگەر نياز خراپی بەغداش دەستنيشانکرا، ئەوکاتيش ئەمريکا پشتگيری ڕيفراندۆم ناکات

 

ئينجا سەبارەت بەوەی ئەگەر دانوستان و ڕێککەوتنەکە شکستی هێنا بەهۆی نەبوونی نيازپاکی بەغدا، ديسانەوە دەستەواژەیەکی ناڕوونە و لە واقعدا جێبەجێ ناکرێت. کێ بڕيار دەدات کە بەغدا نيازی پاک نييە؟ چۆن بزانين بەغدا نيازی پاکە یا خراپ؟ تاوەکو دەستنيشانی دەکەين کە بەغدا نيازی چۆنە، سەد ساڵێکی تر دەڕوات. لە کۆتایی ئەو پەڕەگرافەدا تيلەرسن دەڵێت، ئەوکات دان بە پێويستی ئەنجامدانی ڕيفراندۆم دەنێين. سەرکردایەتی کورد ئەوکات داوایان کرد لە بری ئەم دەستەواژەیە، وشەی “پشتگيری” دابنرێت، بەڵام تيلەرسن ڕازی نەبوو. واتە ئەگەر نياز خراپی بەغداش دەستنيشانکرا، کە ئەمە نيمچە مەحاڵە لە سياسەتدا، ئەوکاتيش ئەمريکا پشتگيری ڕيفراندۆم ناکات، بەڵکو تەنيا پێی وایە ڕيفراندۆم پێويستە.

٤. تيلەرسن لە نامەکەيدا هۆکارێکی سەرەکی بۆ دواخستنی ڕيفراندۆم بۆ فاکتەرێکی زۆر بێمانا و ناواقعی دەگەڕێنێتەوە، کە شەڕی داعشە! هەر لەو نامەیەدا خۆی ستايشی ڕۆڵی گەورەی کورد دەکات لە شەڕی داعش، بەڵام نازانين بۆچی کاتێک کورد دەوڵەتی نييە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە شەڕی داعش، بەڵام ئەگەر ببێتە خاوەن دەوڵەت ئەوا کورد ناتوانێت شەڕی داعش بکات و داعش ناوچەکە دەخوات! هيچ مانایەکی تيا نييە نەتەوەیەک بيەوێت سەربەخۆ بێت، داوای لێ بکرێت دوای بخات، چونکە گرووپێکی تيرۆريستی لە حەويجەن و ئەگەر ئەو نەتەوەیە سەربەخۆ بن، ئەوا تيرۆر ناوچەکە داگير دەکات!

“We have expressed our concerns. These concerns include the ongoing campaign against ISIS, including upcoming operations in Hawija, the uncertain regional environment, and the need to focus intensively on stabilizing liberated areas to ensure ISIS can never return. Accordingly, we respectfully request that you accept an alternative, which we believe will better help achieve your objectives and ensure stability and peace in the wake of this necessary war against ISIS”

٥. بەڕای من گرنگترين کەموکوڕی کە لەو نامەیەدا هەیە، تەنيا ئەوە نييە کە فەرمی نييە و ئەمريکا بە ئاسانی دەيتوانی ڕەتی بکاتەوە، یان هەموو شتێکی بەستووەتەوە بە ڕەزامەندی عێراق، بەڵکو لەو نامەیەدا بە هيچ شێوەیەک باس لە تورکيا و ئێران نەکراوە، کە جەوهەری پرسی دژایەتیکردنی ڕيفراندۆمە. کە ڕۆڵی سەرەکيان هەیە لەوەی کورد نەتوانێت سەربەخۆ بێت و، ڕۆڵی سەرەکيان هەبوو لە دژایەتی ڕيفراندۆم و ڕێگرتن لە پڕۆسەی سەربەخۆیی لە دوای ڕيفراندۆم. ئەگەر ئێران و تورکيا نەبان، ئەوا عێراقی ٢٠١٧ هەرگيز بە تەنيا نەيدەتوانی ڕێ لە کورد بگرێت بۆ سەربەخۆیی و کەرکووک داگيربکات.

 

بایەخ نەدان بە ڕۆڵی ئێران و تورکيا لە پرسی ڕيفراندۆم و ئايندەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، کۆی نامەکە و پڕۆژەکە و پێشنيازەکان بەتاڵ دەکاتەوە و دەيکاتە شتێکی بێمانا، کە لە واقعدا جێبەجێ ناکرێت

 

خودی عێراق بە فشار و هاوکاری ئێران و تورکيا توانی گورز لە کورد بدات لە دوای ڕيفراندۆم. لە ڕاستيدا پێش و پاش ڕيفراندۆم، عێراق ڕۆڵێکی لاوەکی هەبوو لە دژایەتیکردنی ڕيفراندۆم، ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی دەبينی تەنيا ئێران و تورکيا بوون. کەچی لەو نامەیەدا کە تايبەتە بە ڕيفراندۆم، بە وشەیەک باس لەوە نەکراوە کە ئایا ئەگەر کورد ڕيفراندۆمی دواخست و پاشان عێراق نيازی پاک نەبوو لە دانوستانەکاندا و، کورد داوای ڕيفراندۆم بکات و ئەمريکاش دان بە پێويستی ئەو پڕۆسە دەنێت، ئەو کات، چ سوودێکی دەبێت ئەگەر تورکيا و ئێران هەر دژی بن؟ ئەوکات ئەمريکا چۆن ئەو پرسە چارەسەر دەکات؟ لە نامەکەدا عێراق وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرييەکی تەواو پيشاندەدرێت، لە کاتێکدا ئەگەر زۆرينەی عێراقييەکان بە سياسی و خەڵکەوە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بن، ئەوا ناتوانن دان بە سەربەخۆیی کوردستان بنێن، چونکە ئێران و تورکيا، عێراق ناچار دەکەن، کە دژایەتی هەر هەنگاوێکی کورد بکات بۆ سەربەخۆیی. بۆیە بایەخ نەدان بە ڕۆڵی ئێران و تورکيا لە پرسی ڕيفراندۆم و ئايندەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق، کۆی نامەکە و پڕۆژەکە و پێشنيازەکان بەتاڵ دەکاتەوە و دەيکاتە شتێکی بێمانا، کە لە واقعدا جێبەجێ ناکرێت.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button