ساڵی ٢٠١٦ لە چوارچێوەی شەڕی داعش و هاوکاريکردنی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری ئەمريکا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم یاداشتنامەیەکی لە یەکتێگەيشتنيان مۆرکرد”Memorandum of Understanding (MoU)” ئەو یاداشتنامەیە لە مانگی ٩ی ٢٠٢٢ نوێ کرایەوە بۆ چوار ساڵی تر. پاساوی فەرمی ئەم یاداشتنامەیە شەڕی داعشە، بەڵام لە ڕاستيدا مەبەستەکە لە شەڕی داعش فرەوانترە. لایەنی سياسی و جيۆپۆلەتيکی دوورمەودای هەیە بۆ ئەمريکا. لای زۆرينەمان ئەم یاداشتنامەیە تەنيا یەکخستنەوەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هەرچەند ئەوە خاڵێکی سەرەکييە لەو پڕۆسەیە، بەڵام چەندين خاڵی تر دەگرێتەوە، لەوانە: ڕاهێنانی سەربازی و گۆڕينی عەقيدەی پێشمەرگە (لە هێزێکی ميليشيایی کە ئينتيمای بۆ حزب و بەرپرسێک هەیە بۆ هێزێک کە ئينتيمایەکی فرەوانتری هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان)، پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازی، پێدانی ٢٠ مليۆن دۆلاری مانگانە. بە کورتی مەبەستی ئەمريکا ئەوەیە هێزێکی ڕاهێنراوی یەکگرتوو و تا ڕادەیەک بەهێز درووست بکات لە هەرێمی کوردستان وەک هاوپەيمانێکی متمانەپێکراوی خۆی. ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هەژموونی ئێران و تورکيا و حەشد، هەروەها پاراستنی هەژموون و بەرژەوەندی ئەمريکا لەو ناوچە ئاڵۆزەدا.
دوای تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر یاداشتنامە کۆنەکە و تێپەڕبوونی زیاد لە ساڵێک بەسەر یاداشتنامە تازەکە، ئەمريکا نيگەرانييەکی زۆری پێوە ديارە. تەنانەت هەڕەشەی کردووە بەوەی هاوکارييە مانگانەکەی لە ٢٠ مليۆنەوە بکاتە ١٥ مليۆن دۆلار و، ئەو یاداشتنامەیە فەشل بێنێت و کۆتایی پێبێت. بەڵام ئەگەر زیاترە کە یاداشتنامەکە تاوەکوو وادەی فەرمی خۆی بەردەوام ببێت.
ئەمريکا پێی وایە کە هەردوو حزب، پارتی و یەکیتی ئيرادە و ويستيان نييە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانيان و متمانەیان بە یەکتر نييە. تا ڕادەیەک بێهيوایی پێوە ديارە، دەڵێت هەنگاونراوە، بەڵام هەنگاوەکان باش ناڕۆن و پڕۆسەکە بەو شێوەیە ناڕوات کە لەسەری ڕێککەوتووين. ئەوان دەڵێن هەنگاوی کەم نراوە و پڕۆسەکە خراپە، بەڵام لە ڕاستيدا هەر هەنگاو نەنراوە و پڕۆسەکە نەک هەر خراپە، بەڵکو شکستی هێناوە لە سەرەتاوە.
ئێستا ئەمريکييەکان ئاشکرا بە پارتی و یەکێتی دەڵێن ئەم دەرفەتە زێڕينە بۆ بەهێزبوونی کوردستان لە دەست خۆتان مەدەن و سوودی لێ ببينن. ناڕاستەوخۆ بە پارتی و یەکێتی دەڵێن لاوازی و زەليلی و خۆدانە پاڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی داگيرکەر بەسە، با هێزێکی یەکگرتوو و نيشتمانيتان هەبێت و بتوانن بۆ یەک خولەک بەرگری لە خۆتان بکەن بەرانبەر بە حەشد و تورکيا و ئێران. ئەمريکا بۆ ئەو پڕۆسەیە هاوکاریيەکی زۆر جددی و باشی ماددی و سەربازی و سياسی و لۆجستی… دەکات.
هۆکار زۆرە بۆ شکستهێنانی پڕۆسەی ڕيفۆرم و یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، گرنگترينيان:
١. تەواوی هێزە چەکدارەکان، لە مێژووی خۆیاندا، ڕۆژێک لە ڕۆژان هێزێکی کوردستانی نەبوونە. هێزی پێشمەرگە، هەواڵگری و ئەوانی تر… ئەگەر حزب و سەرکردەکانيان فەرمانيان پێ بکەن شان بە شانی پاسداران و جەندرمە پەلاماری خەڵکی کوردستان بدەن لە سلێمانی و هەولێر، بەدڵنيایيەوە ئەنجامی دەدەن. کەسانێک پلەی ليوایان هەیە لە هێزی پێشمەرگە، وەک پاسەوان لە پشت کوڕی بەرپرسێکی حزبيەوە دەڕوات، کە نە کوڕەکە و نە باوکی پلەی حکومی و سەربازييان نييە. ليوا هەیە تەحيە بۆ کوڕی بەرپرس دەکات. ئينجا دەبێت پێشمەرگەکانی ژێر دەستی ئەم ليوایە چی بن! ئەم هێزە بەم عەقيدە و مێژوو و پاشخانەوە، زۆر ئەستەمە بکرێت بە هێزێکی نيشتمانی.
٢. لە پڕۆژەکەی ئەمريکادا وەزارەتی پێشمەرگە کراوە بە سەنتەر. واتە، ئەو هێزەی بچێتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، کەواتە بووە بە هیزێکی نيشتمانی. ئامرازی سەرەکی بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، وەزارەتی پێشمەرگەیە. بەڵام پارتی و یەکێتی ئەو دووبەرەکی و لۆژيکی دێگەڵە و شەڕەکەی مەلایی و جەلاليان بردە ناو وەزارەتی پێشمەرگە. ئێستا هەموو ئەو ليوا و هێزانەی کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن، هيچ جياوازييەکيان نييە لەگەڵ هێزەکانی ٧٠ و ٨٠. هەمان دووبەرەکی و هەمان دابەشبوون لە وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە. بە کورتی ئەو ئامرازەی کە لە یاداشتنامەکەی ئەمريکا و هەرێم دانرابوو بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە، ئەو ئامرازەش کرا بە ئامرازێک بۆ دووبەرەکی و پەرەپێدانی لۆژيکی دێگەڵە. ئێستا ئەگەر ئەمريکا بيەوێت هێزەکان یەکبخاتەوە، دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست پێبکاتەوە! مەگەر وەزارەتێکی تر دابنێت بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە! ئەمەی سەرەوە، شيکردنەوەی خۆم نييە و تەنيا پشتم بە ڕاپۆرت و سەرچاوەکانی ئەمريکا نەبەستووە، بەڵکو زانياری کەسانێکن کە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و شارەزای وردەکاریی پڕۆسەکەن.
٣. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی پێشوو پارتی، لە ڕێگەی لق و بەرپرسەکانييەوە، هەستاوە بە دامەزراندنی دوو هەزار پێشمەرگە بۆ یەکەی هەشتا. لە کاتێکدا هەرێم زیاد لە ٢٠٠ هەزار پێشمەرگەی هەیە و پێويستی بە دامەزراندنی زیاتر نييە، بەڵکو دەبێت ژمارەکە کەم بکاتەوە بە تايبەت کە قەيرانی دارایی و مووچە لە لوتکەدایە. ساڵی پاريش هەزار و ٣٠٠ کەس لە دەڤەری بارزان دامەزرێنران بۆ فەرماندەی بارزان. هەروەها بەرپرسێکی سەربازی پارتی لە سنوری کەرکووک و چەمچەماڵ ئاشکرای کردووە، هەر لە ساڵی ڕابردوو ٦٠٠ پێشمەرگەیان لەو دەڤەرە دامەزراندووە.
ئەمە تەنيا نموونەیەکە کە ئەوە دەردەخات کە چۆن هێزە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتی نەک وەزارەت و حکوومەت نين، هەندێک کات لە ژێر دەسەڵاتی حزبەکانيش نين، بەڵکو بەرپرسەکان یان بنەماڵەیەک دەسەڵاتی تەواوی هەیە. لێرەدا هێزەچەکدارەکان و دامەزرانديان دەبێتە پڕۆسەیەکی تاکەکەسی و خێزانی، کە جگە لە زیان، هيچ سوودێکی نييە بۆ بەرژەوەندی گشتی کوردستان. لەکاتێکدا بەپێی نەريت و ڕێسا سەربازييەکان دامەزراندن دەبێت بە تيروپشک بکرێت و لە پڕۆسەیەکی ئاشکرا و شەفافدا لە لایەن وەزارەتی بەرگری (وەزارەتی پێشمەرگە) و وەزارەتی ناوخۆوە ئەنجامبدرێت، نەک بە شێوەیەکی نهێنی لە لایەن حزب و کەسایەتی حزبييەوە بۆ بەرژەوەندی حزبی و خێزانی خۆیان، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
٤. ڕاستە کەسانێک هەن لە وەزارەتی پێشمەرگە و لەناو پارتی و یەکێتيش باوەڕی تەواویان بە یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوانە کەمينەن و دەسەڵاتيان نييە. یان لەبەر بەژرەوەندی خۆیان بێدەنگن. زۆرينەی هەرە زۆری ئەندامانی هێزە چەکدارەکان، لە چەکدارێکی ئاسایيەوە تا سەرکردە و سەرۆکی حزبەکان، باوەڕی تەواويان بە لۆژيکی دێگەڵە هەیە. بە کورتی، تا مەسعوود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ڕازی نەبن بە یەکخستنەوەی هێزەکان، ئەوا نيمچە مەحاڵە یەکخستنەوە ڕووبدات. مەگەر ئەمريکا هەڕەشەی جددی بکات، ئەوەش قورسە، چونکە پێشمەرگە نە سوپای ژاپۆنە نە سوپای ئۆکڕانيایە کە ئەمريکا بەکاريان بهێنێت بۆ ئيحتيواکردنی زلهێز و هێزە ئەتۆمييەکانی وەک چين و ڕووسيا و کۆریای باکور. پێشمەرگە ئەوپەڕی بتوانێت بۆ ئيحتيواکردنی ئێران و حەشد بەکاربێت، ئەمريکا ئەوەش بە ئيسڕائيل و سعوودييەی دەکات. بۆیە ئەو بایەخەی ئەمريکا بۆ هێزی پێشمەرگەی هەیە بایەخێکی کەمە و ئەوە ناهێنێت وزەیەکی زۆر و هەڕەشەی جددی بەکاربێنێت. دواجار یەکخستنەوەی هێزەکانی کوردستان، ئەگەر یەک سوودی بۆ ئەمريکا هەبیت، سەدان سوودی بۆ کورد هەیە.
٥. پڕۆژەکەی ئەمريکا زیاتر بایەخ بە پێشمەرگە دەدات، لەکاتێکدا پاراستن و زانياری، دژە تيرۆری هەردوولا، بە ئەندازەی پێشمەرگە گرنگن بۆ یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان.
٦. ئاستی فکری هێزە چەکدارەکانی کوردستان، لە چەکدارێکی ئاساییەوە تا سەرکردە و سەرۆک حزبەکان، ئاستێکی زۆر نزم و لەوپەڕی بێئاگاییە لە هاوکێشە نێودەوڵەتی و ئيقليمييەکان. تێڕوانينيان بۆ سياسەت و ململانێ، زۆر بچوک و سنووردارە. دوژمن و نەيار لای چەکدار و سەرکردەیەکی یەکێتی، تەنيا پارتييە. لای چەکدار و سەرکردەیەکی پارتی، تەنيا یەکێتييە. فکری ئەم مرۆڤە ئەستەمە بەرزی بکەيتەوە و بگاتە ئەو ئاستەی لەو پڕۆژەیەی ئەمريکا تێبگات.
٧. ڕاستە یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان نەک تەنيا سوودی گەورەی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەکە. ڕاستە بۆ دوورمەودا سوودی بۆ خودی حزبەکانيش دەبێت، بەڵام بۆ نزيک مەودا، بەپێی ئەو فکر و کەسایەتييە سياسيیەی پارتی و یەکێتی هەیانە، یەکخستنەوەی هێزەکان دژی بەرژەوەندی ئەوانە. چونکە ئيتر پارتی و یەکێتی ناتوانن هێزێکی نيشتمانی بەکاربهێنن بۆ شەڕە شەقی خۆیان و بۆ پاراستنی کاروانی قاچاخ لە سنوورەکان و بۆ سەرکوتکردنی کوردە نەيارەکانيان. ڕاستە ئەگەر هێزێکی نيشتمانی هەبێت، دەچێتە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم، کە پارتييە. بەڵام پارتيش ئەوەی ناوێت، چونکە ئەوکات ناتوانێت بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەوکات هێزە چەکدارەکان سەربەخۆييەکی خۆیان دەبێت و چیتر هێزی چەکداری تاکەکەس و بنەماڵە نابن.
٨. ئەمريکا هەوڵ و پڕۆژەکەی سادەیە و تەنيا ڕەهەندێکی سەربازی و ئابووری و سياسی هەیە. لە کاتێکدا ئەو پڕۆسەیە دەبوو ڕەهەندی پەروەردەیی و کەلتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەروونیشی هەبێت. بێگومان ئەمريکا بە پێويستی نازانێت ئەو هەموو وزەیە تەرخان بکات بۆ کورد.
٩. هەژموونی تورکيا و ئێران لە کوردستاندا، لە هەژموونی ئەمريکا زیاترە. هەردوو حزب هێز و مانەوەی خۆیان بە ئەو دوو دەوڵەتەوە بەستووەتەوە، نەک ئەمريکا. متمانەیان بە ئەو دوو دەوڵەتە زیاترە، زیاتر حەز دەکەن لەگەڵ تورکيا و ئێران کار بکەن و مامەڵە بکەن، نەک ئەمريکا. هەردوو حزب، ناوێرن بە ئاشکرا باسی بکەن، بەڵام بێزارن لە مامەڵەی ئەمريکا. پێيان وایە ئەمريکا داواکاری زۆرە و تەدەخول دەکات. تورکيا و ئێران وا نين. بۆ نموونە ئەمريکا داوا دەکات هێزە چەکدارەکان یەکبخرێنەوە، ئازادی ڕۆژنامەوانی زیاتر بێت، دەنگدان بکرێت، پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت و گاز بە باشی بەڕێوە بچێت… بەڵام تورکيا و ئێران ئەو داواکاریيانەیان نييە و بە پارتی و یەکێتی دەڵێن جگە لە خزمەتی کورد و کوردستان، هەرچی دەکەن بيکەن، بە ئارەزوی خۆتان تاوان و تاڵانی و هەڵە بکەن، کوردستان کاول بکەن، بنەماڵەی خۆتان بکەنە ملياردێر و پاشان سواڵی مووچە لە بەغدا بکەن… پارتی و یەکێتی حەزيان لەو مامەڵەیەی تورکيا و ئێرانە، نەک ئەوەی ئەمريکا. بێگومان یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکانی هەرێم، هەڕەشەی جددی و گەورەن بۆ تورکيا و ئێران، پارتی و یەکێتی هەرگيز ئامادە نين ئەو هەڕەشەیە بکەن لە تورکيا و ئێران و کوردستان بەهێز بکەن. چونکە ئەگەر کوردستان سوپایەکی نيشتمانی هەبێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو دەزگایە لە ژێر هەژموونی ئەمريکا دەبێت، نەک تورکيا و ئێران.
بە کورتی، هەر وەک چۆن هەلە مێژووييەکەی ١٩٩١ کە ئەمريکا پێیداين و دەمانتوانی ئەو هەلە بکەينە هەنگاوی یەکەم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام هەر دوای دوو ساڵ پارتی و یەکێتی کوردستانيان کاول کرد بە شەڕی براکوژی و ئەو هەلە مێژووییەیان لەدەستدا. وەک چۆن ئەو هەلەی کە ديسانەوە ئەمريکا دایە کورد لە ٢٠٠٣ سەدام و عيراقی ڕووخاند، هەرێمی کوردستانی کردە فەرمی و یاسایی، دەکرا بکرێت بە بناغەیەک بۆ دەوڵەتی کوردی، بەڵام پارتی و یەکێتی ئەوەشيان فەوتاند. پاشان بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورد، هەلی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە لایەن کوردەوە، ئەويش هەر ئەمريکا بوو، بەڵام ديسانەوە پارتی و یەکێتی ئەو هەلەی کە دەکرا بکرێتە بناغەی سەربەخۆیی کوردستانێکی دەوڵەمەند و بەهێز، گۆڕيان بۆ بێمووچەیی و سواڵکردن لە مالکی و عەبادی و ڕادەستکردنی کوردستان و نەوتەکەشی بە خەزعەلی. بە ئەگەری زۆرەوە، ئەم هەلەی کە ئەمريکا ٧ ساڵە پێيداوين و هاوکاريمان دەکات بۆ ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کورد ببێتە خاوەن سوپایەکی نيشتمانی و فەرمی، ئەم هەلەش هەر پارتی و یەکێتی لەدەستی دەدەن.