دادگای فیدڕاڵی بۆ بڕیاردان لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ژمارەکنای ٢٢٤ و ٢٢٧ کۆدەبێتەوە.
سكاڵای یەکەمیان لەلایەن مەحموود حوسێن ڕەزا ئەلعکێلی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عێراقی تۆمارکراوە، کە تیایدا داوا دەکات مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مووچەخۆرانی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق لەلایەن حکوومەتی عێراق و لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت.
سکاڵای دووەم کە لەلایەن ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کراوە، بەهەمان شێوە، داوای خەرجکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات.
لای خۆیەوە، سلێمان مستەفا شارەزای یاسایی ڕایگەیاند، خەرج نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆی وەک باقی فەرمانبەرانی عێراق پێشێلکارییەکی سەرەتاییترین ماف و پڕەنسیپەکانی یاسا و دەستورە، چونکە ئەوە مافێکی ڕەوای فەرمانبەرانە و وەک دەڵێ “بەگەڕانەوە بۆ دەستور، حکوومەتی فیدڕاڵ هیچ بەهانەیەکی یاسایی بەدەستەوە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکاتە بارمتە، بۆیە باشترین شرۆڤە گەڕانەوەیە بۆ دەستوور، لە حاڵەتێکدا گەر بەهانەیەکی یاساییش هەبێت نابێتە سەند بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەران”.
شارەزا یاساییەکە ڕوونی دەکاتەوە، لە ماددەی یەکەمی دەستوردا هاتووە، “كۆمارى عێراق دەوڵەتێكى فيدڕاڵى يەكگرتووى سەربەخۆى خاوەن سەروەريیە، ڕژێمى حوكمڕانى تێيدا كۆمارى نوێنەرايەتى (پەرلەمانى) ديموكراسيیە، ئەم دەستورەش يەكپارچەيى عێراق دەپارێزێت”، لەکاتێکدا وەک شارەزا یاساییەکە دەڵێ “قووتی هاووڵاتییانی هەرێم و ئەو جیاکارییەی لەماوەی ڕابردوو کراوە، پێچەوانەی ئەو بنامایەمان پێدەڵێن”.
ئاماژە بەوەش دەکات، لە ماددەی ١٣ی دەستور پێداگری لەسەر ئەوە کراوە، کە دەبێت ڕێز لەم دەستورە بگیرێت و نابێت یاسایەک دابنرێت پێچەوانەی ئەم دەستورە بێت، کەواتە گەر حکوومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی یاسای بودجە بەکاردێنن دژی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەمەش سەرپێچی ماددەی ١٣ی دەستورە، چونکە ناکرێت ژیان و گوزەران و ئاشتی کۆمەڵایەتی هاووڵاتییان بکرێنە بارمتە.
سلێمان مستەفا، هەروەک ماددەی ١٤ی دەستور بیردەخاتەوە، کە تیایدا هاتووە “عێراقیيەكان يەكسانن لەبەردەم ياسادا بەبێ جياوازى ڕەگەز يا نەژاد يا نەتەوە يا بنەچە يا ڕەنگ يا ئايين يا ئايينزا يا بيروباوەڕ يا بۆچوون يا بارودۆخى ئابوورى يا كۆمەڵايەتيیان”، بەڵام وەک دەڵێ “مامەڵەی حکوومەتی فیدڕاڵ پێچەوانەی ئەوەمان پێ دەڵێت”.