هه‌واڵ

بەرەی گەل: لێدوانەکەی سەرۆکی حکوومەت بەسە

دوابەدوای لێدوانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار لە سلێمانی، بەرەی گەل ڕایگەیاند، دەربڕینەکەی سەرۆکی حکوومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجوومەنی دادوەری دۆسیەی ڕووداوەکە بجوڵێنن.
ئەمڕۆ یەکشەم، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی گوتارێکیدا کە لە میانەی بانگەشە بۆ لیستی حزبەکەی لە شارۆچکەی شەقڵاوە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە ڕووداوەکەی لالەزار کرد، کە تێیدا بە تانک و چەکی قورسەوە هێرشکرایە سەر ئەو هۆتێلە کە شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل و هێزەکەی بوو.
دوای گوتارەکەی مەسرور بارزانی، هەر ئەمڕۆ یەکشەم بەرەی گەل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ: “ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حزبەكەی خۆیدا لە شاری شەقڵاوە زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوی دەستنیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لالەزاریاندا لە شاری سلێمانی، چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە هەڤاڵەکانیان دەستگیرکرد، جگە لەوێران کردنی چەندین باڵەخانە و تاڵانکردنی، گوزمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد”.
بەرەی گەل لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “ئەم دەربڕینەی سەرۆکی حکوومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەم ڕووداوە بجوڵێنن، تاكوو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button