ئابووریشرۆڤه‌

مووچەی خەڵک و هەژماری حکوومەت

هەژماری من، بانکیکردن، تەوتین، بە ئەلیکترۆنیکردن، هەژماری بانکی، حیساب بانکی، سیستەمی بانکی هەر هەمووی واتا (هەژماری من  My Account) واتا هەمووی یەک شتە و بە کوردییەکەی خۆمان (خەزێنەی من).

 

بەر لە هەموو شتێک:

یەکەم: لەدیدی من، حیساب بانک، سیستەمی بانک و کارد زۆر گرنگە و باشترین کارە، چیدیکە خەڵک ناڵێت: “دە وەرەقەم لێدزرا! دەفتەرێکم لێکەوت یا سلێمان هەڵشۆیی بیست دەفتەری بردم!”. خەڵک پێویستی بە هەڵگرتنی پارەی کاش نابێت و لە هەژمارە بانکییەکەی دەیهێڵێتەوە.

 

دووەم: هەندێک شت هەن، پێویست ناکات کاتی بۆ تەرخان بکەیت، بەنزینی سەیارەکەت سەرفبکەی، ماندووبوون و گەرما و سەرما ببینی، هەر لە ماڵەوە پارە دەدەیت و پارە وەردەگریت.

 

سێیەم: خەرجی دارایی کەمتر دەبێتەوە، شتێک لە بازاڕ دەکڕیت بە ١٤٥٠ دینار، ڕێک ١٤٥٠ دەدەیت، ٥٠ دینارت بۆ دەگەڕێتەوە، واتە ١٥٠٠ دینار نادەیت و لە بەرانبەر پەنجا دینارەکە ئەوپەڕی شوکلاتەیەکت بدەنێ و تۆش ناچاربیت دەستبەرداری پەنجا دینار و سەد دینار سەد پەنجا و دوو سەد دینار ببیت!

 

حکوومەت نەیتوانی؟!

پرسیار ئەوەیە بۆچی حکوومەت نەیتوانیوە قەناعەت بە مووچەخۆر بکات، کە بە ئاسایی هەژمارەکە بکەنەوە؟

بەر لە هەموو شتێک خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی باوەڕیان بە بانک نییە و نەبووە، ئەوەش هۆکاری هەیە لەوانە:

 

یەکەم: سیستەمی ژیانی کورد لە ڕابردوودا، کە هەر خەریکی جووتیاری و کشتوکاڵ و گاوداری و دووکانداری و ژیانەکی سادەبووە، بۆیە هەرگیز بیری لە بزنس و بازرگانی دەرەوە نەکردووەتەوە و لۆکاڵی بووە.

 

دووەم: گەشەی کەرتی بانک لە هەرێمی کوردستاندا دەرکەوتێکی تازەیە و هێشتا نامۆیە بە خەڵک. تا پێش ٢٠٠٣ دامەزراوەی بانک، تەنیا بەشێک بووە لە سیستەمی ڕاییکردنی هەندێک لە کارەکانی حکوومەت و بۆ پانتایی کۆمەڵایەتی و ناو ژیانی خەڵک شۆڕنەبووەتەوە. لەپاش ئەو گۆڕانکارییانەی لە دوای ڕووخانی بەعس هاتنەکایەوە، لەڕووی سیستەمی ئابووری و بازرگانی و حوکمڕانییەوە، وردە وردە کەرتی بانک وەک پێویستییەک گەشەی کرد.

 

سێیەم: لە سەرەتاکانی گەشەی کەرتی بانک لە هەرێمی کوردستاندا، قەیران و کێشەیەکی گەورە ڕوودەدات، کە وا دەکات خەڵک ئەو متمانە سەرەتاییەی بە بانکەکان بۆی دروستبووە، لەدەست بدات، ئەویش خۆی لە نەمانی پارەی بانکەکان و ڕاکێشانەوەیان لەلایەن حکوومەتەوە دەبینێتەوە، دیارە بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکەوە.

 

چوارەم: پێشوازی نەکردنی بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان لە مامەڵەی بانکی، دەشێت ڕەهەندێکی ئایینیشی هەبێت، ڕەنگە هەندێک کەس وەها تێگەیشتنێکیان هەبێت، بە هەر نزیکبوونەوەیەک لە بانک، تووشی ڕیبا و تاوان دەبێت. ئاسایی لەگەڵ هۆشیاری زیاتر بەرانبەر بە شێوازی کارکردنی بانکەکان، ئەو سڵەمینەوەیەش لە کزی داوە یان دەدات.

 

هۆکاری دیکە:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت نووسینگەکەی، میدیاکانی سەرۆکی حکوومەت، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەت سەرکەوتوو نەبوون لە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و مارکێتینگ بۆ پڕۆژەی (هەژماری من)، بەکورتی نەیانتوانی لەسەرەتای پڕۆژەکەوە، ڕای گشتی لەسەر دورست بکەن و خاڵە ئەرێنییەکانی ڕوون بکەنەوە، بەجۆرێک کە هاووڵاتییان خۆیان بەرەوپیری بچن.

 

بۆچی؟

یەکەم: چونکە ستافەکەی وەک شتێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کرد، هەر وایانزانی وەک “پڕۆژەی سەکۆ”یە! کۆبوونەوەیەکە و تەواو، بۆیە گرنگیان بە هەڵمەتی میدیا نەدا.

دووەم: میدیا و میدیاکانی سەربە حکوومەت و سەرۆکی حکوومەت نەیانتوانی لە کاتی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە باس لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەکە بکەن و شکستیانهێنا، هاوکات تا ئێستایشی لەگەڵ بێت سەرکەوتوونەبوون لە بانگەشە و گرنگی پڕۆژەکە و خزمەتگوزارییەکانی.

سێیەم: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لەسەرەتاوە بە دوودڵی لەگەڵ پڕۆژەکە بووە، نەیویستووە ببێتە بەشێک لەو پڕۆژەیەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، ئەوەش لە میدیاکانی یەکێتی و ڕێکخستەکانیان بەتەواوی ڕەنگیداوەتەوە.

چوارەم: ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە نەدەبوو وا بە سادەیی و ئاسایی بێت، دەبوو یەکێک لەو داواکارییانەی تێدابووایە کە مووچەخۆر هەیەتی، بۆ نمونە: گوتبایان هەرکەسێک هەژمارەکە بکاتەوە(مانگانە سەدا پێنج مووچەکەی) وەک پاشەکەوت وەردەگرێتەوە. واتا دەکرا ئەوە بەجۆرێک بێت فەرمانبەر نەتوانێت پارەی پاشکەوتەکەی ڕاکێشیت، بەڵکو تەنیا قەرزەکانی بداتەوە یان بازاڕی ئۆنڵاینی پێبکات، کە ئەوە هاندانێکی باش دەبوو بۆ کێشکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران.

 

بۆچی عێراق دژایەتی دەکات؟

دەسەڵاتیی عێراق بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەوم پڕۆژەکە دەدات، بەئاسانی دانی پێدانانێت و هەروەها لەڕێگەی شانەکانی لە کوردستان، هەوڵی زۆریدا خەڵکی هەرێمی کوردستان دڕدۆنگ و بەدگومان بکات بەرانبەر بە پڕۆژەکە. عێراق لەوڕووەوە دوو ئامانجی ئابووری و ئەمنی هەیە؛ ئابوورییەکە ئەوەیە کە بەغدا دەیەوێت پارەی مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی کوردستان لە بانکەکانی خۆی بمێنێتەوە، لەکاتێکدا بانکەکانیان کێشەی بەردەستنەبوونی پارەیان هەیە، ئەوەش لەسەر حیسابی لاوازکردنی بانکەکانی کوردستان. ئامانجە ئەمنییەکەی بریتییە لە دەستگەیشتن بە زانیارییە نهێنییەکانی پێوەست بە دەزگاکانی سەربازی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو زانیارییە هەستیارییانەی کە نابێت ئاشکرا ببن.

 

بۆچی یەکێتی گومانی هەیە؟

یەکەم: پێی وایە بەتەواوی ئابووری هەرێم دەکەوێتە دەست پارتی.

دووەم: کۆنتڕۆڵی داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەڵەبجە لەدەست دەدات.

سێیەم: پارتی لە هەموو جوڵەکانی ئابووری و دارایی سنوری سلێمانی و یەکێتی ئاگادار دەبێت، ئەوەش بۆ یەکێتی بەئاسایی وەرناگیرێت.

چوارەم: کارتی فشاری مووچە و دارایی لای یەکێتی نامێنێت بەرانبەر ئەندامانی و مووچەخۆرانی سنورەکە.

 

بۆچی ئێران و هەندێک بازرگان دژی پڕۆژەکەن؟

یەکەم: ئێران وەک جاران ناتوانێت بە ئاسانی دۆلار بکڕێت و ئاودیوی بکات، سیستەمەکە بە جیهان دەبەسترێتەوە.

دووەم: بەشێک لە بەرپرس و بزنسمان و گەندەڵەکان، پێیان وایە: پڕۆژەکە ڕێگر دەبێت لە سپیکردنەوەی پارە و هەندێک جوڵەی دارایی نایاسایی.

سێیەم: بازرگان و وەبەرهێنەران، کۆی داهات و  سەرمایەکەیان ئاشکرا دەبێت، هاوکات دەبێت بەگوێرەی قەبارەی سەرمایە و داهات و قازانجەکانیان باج بدەن و ناتوانن خۆیان لە باج بدزنەوە.

چوارەم: پارەدارکردنی تیرۆر و بەکرێگیراوەکان و هاتن و ڕۆیشتنی پارە لە هەرێم بۆ دەرەوە و بە پێچەوانەوە، قورس دەبێت.

 

بەگشتی، بانکیکردن و پەرەپێدانی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستاندا، بابەتێکی گرنگ و هەستیار و هاوچەرخانەیە، هەرێمی کوردستان بە سیستەمێکی جیهانی دەبەستێتەوە، هاووڵاتییان لە چەندین ڕووەوە سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە بانکییەکان و لە داهاتووشدا ڕوون دەبێتەوە، ئەوانەی ئێستا دژایەتی دەکەن یان بەگومانەوە سەیری دەکەن، ڕەنگە زیاتر لە هەر یەکێک ستایشی بکەن!

هانا چۆمانی

نووسەر و ڕۆژنامەوان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button