سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

میلیشیا و خێڵ

سیستمە سیاسییەکان، چەند لە مۆدێرنیتەوە نزیک ببینەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی دوور دەکەوینەوە، چەندیش لە مۆدێرنیتە دوور بکەوینەوە، هێندە لە دیاردەی میلیشیایی و خێڵگەرایی نزیک دەبینەوە. ئەرکی سەرەکی دەوڵەت، مۆنۆپۆڵکردنی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهاتە. لە سایەی سیستمێکی سیاسیی مۆدێرندا، هاووڵاتییان ئەرک و مافەکانی خۆیان بە وردەکارییەوە دەزانن و دەوڵەتیش لە بەرانبەردا بە وردەکارییەوە ئەرکییەتی بە شێوەیەکی یەکسان پارێزگاری لە هەموو هاووڵاتییان بکات.

 

ئەوەی لە گوڵەخانە ڕوو دەدا، بۆی هەیە هەموو چرکەساتێك لە هەموو ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕووبدات. تا ئەو ڕۆژەی هەرێمی کوردستان نەبێتە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانی و خاوەنی دەزگایەکی پسپۆڕیی ئاسایش و پۆلیسی کارا، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و سەروەریی یاسا هەرگیز بەدەست نایەت.

 

هۆکاری پشت ڕووداوەکەی گوڵەخانە، هەمان ئەو هۆکارەیە کە لە کۆتایی 1993 شەڕی نێوان بزووتنەوە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووی دا. هەمان ئەو هۆکارەیە کە دواتر زۆری نەبرد شەڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕووی دا و تا ئەمڕۆش لە ناو کاردانەوەکانی ئەو شەڕەدا دەژین. هەمان ئەو هۆکارانەن کە شەڕەکانی دواتر و تیرۆرکردنەکان و تەسفییە ناوخۆییەکانی حزبەکان و تاد بە بەردەوامی ڕوویان داوە و شەڕی گوڵەخانەش زنجیرەیەکە لەو زنجیرانە. بەشێکە لە قۆناغی سەرەتاییبوونی ئەقڵ، بەمانای ئەوەی هێشتا گرووپە مرۆییەکانی ناو ئەو هەرێمە، نەگەیشتوونەتە قۆناغی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و خاوەن سەروەریی یاسا. هەر بەو مانایەش، ئەوەی ڕووی داوە و ڕوودەدات تانەیە لەوەی کە نەتەوەیەک بەمانا سیاسییەکەی لەو هەرێمەدا هەبێت.

 

ئێوە بەرێ خۆ بدەنێ، هەموو ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی میلیشیان لە دۆخێکی نائارام و ناسەقامگیردا دەژین. حزبێک کە زیاتر ڕەهەندی خێڵی هەن، مانای چییە لە کۆتایی چارەگی یەکەمی سەدەی بیست و یەك، خاوەنی چەک و جبەخانە و هێزی چەکدار بێت، بەخۆشی بڵێت سۆسیال دیموکرات؟ ئەو قسەیە بۆ هەموو حزبەکانی دیکەش ڕاستە، ناوی زل و دەرگەی وێران. ئەمە نموونەیەکی بچووککراوەی ئەو ئەقڵ و مێنتالیتییەیە کە تا ئەمڕۆ لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات. هەڵبەت کارم بە عێراقەوە نییە، ئەگینا دۆخی عێراق زۆر وێرانتر و دواکەوتووترە، بەڵام جیاوازییەکە تەنیا لە پلەدایە نەک لە جۆر.

 

کورتترین پێناسەی میلیشیا، واتە “هێزێکی ڕێکخراوی چەکدار لەدەرەوەی یاسا”. لە باشترین دۆخدا، هێزێکە حکوومەتێکی نادیموکرات و ئۆتۆریتێر لەپێناو کۆمەڵێک ئامانجی تایبەت لەپاڵ سوپادا دروستیان دەکات، وەک ئەوەی لە عێراق بە زنجیرە بینیومانە، هەر لە حەرەس قەومییەوە بگرە، بە جەیشی شەعبی تێپەڕ دەکات، تا دەگاتە حەشدی شەعبی. هیچ دەوڵەتێکی مۆدێرن و خاوەن دامەزراوەی نیشتمانی، خاوەنی میلیشیا نین. دۆناڵد تڕەمپ، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، ویستی لەڕێی هەوادارانییەوە، وەکوو گرووپێکی میلیشیایی دەست بەسەر کۆشکی سپیدا بگرێت و ویلایەتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکەوت و خێڵ، بەڵام هەر زوو دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت لێی هاتنە دەست و کۆتاییان پێ هێنا. تا ئەوڕۆش، بەلامەوە سەیرە، کە یاسا ڕێگا بە کەسێکی وەها دەدات ببێتەوە بە پاڵێوراو بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەوڵەتێکی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان.

 

سەرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بیانەوێت نەتەوەی کورد لەو سەرگەردانییە بێتە دەرەوە و ببێتە ئەکتەرێکی کارا لە ڕووداوە مەدەنییەکانی مێژوودا، دەبێت لەو دۆخە میلیشیایی و دەستەڵاتی حزب بێتە دەرەوە. حکوومەتێکی نیشتمانی، خاوەن سەروەریی یاسا دابمەزرێنێت، (مۆنۆپۆڵی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و سەرچاوەکانی داهات بکات)، خاوەنی دامەزراوەی ڕاستەقینە بێت. ئەوسا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەوڵ بدات وەکوو سەنگاپور، لە ڕووی ئابووریی و پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە ببێتە نموونەی تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

هەرێمی کوردستان بە شەڕ ناتوانێت سەقامگیری بۆ هاووڵاتییانی بێنێت، چونکە لەلایەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، هەرێمێکە گەمارۆدراوە بە داگیرکەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان. بەغدا، لەڕێی شەرعییەت و یاسا و سوپا و دەیان هەزار چەکداری میلیشیایییەوە، ئەگەر بیەوێت هەمیشە دەتوانێت بەهێزی سەربزی گرەو لە هەولێر بباتەوە، ئەگەر لە دوورمەوداش بێت، بەڵام ئەگەر هەرێم بیەوێت، لەڕێی بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە و ئابوورییەکی نیشتمانی، پیشەسازی و بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری دەتوانێت گرەو لە بەغدا و تاران و ئەنقەرەش بباتەوە. کەواتە، پشتبەستن بە هێزی ئەقڵ و ئابووری، دەیان قات گرنگترە لە پشتبەستن بە ئەقڵ و لۆجیکی هێز.

 

بەڵام بەر لەو هەنگاوانەی سەرەوە، پێویستە حزبەکان خۆیان بگۆڕن بۆ حزبی مۆدێرن، لەپێش هەموو شتێکیشەوە داماڵینی تەواوی حزبەکان لە چەک و هێز و مۆنۆپۆڵکردنییان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. دوورخستنەوەی دەستی حزب لە تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دەرکردنی یاسایەک بۆ حزبە سیاسییەکان، یەکێک لە بڕگەکانی ئەو یاسایە، پێویستە حزب بۆی نەبێت پەیوەندییە دەرەکییەکان ببەستێت، حکوومەتی هەرێم مۆنۆپۆڵی تەواوی ئەو پەیوەندییانە بکات. بەکورتی چەک و پەیوەندییە دەرەکییەکان لە حزبە سیاسییەکان قەدەغە بکرێن. ئەوکات، تەنیا ئەوکات دەتوانین بڵێین خاوەنی دەستەڵاتێکی نیشتمانین.

 

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...