ئابووریشرۆڤه‌

خۆشخەیاڵی کەرتی تایبەت؛ سەرمایەداریی

زوو زوو گوێبیستی ئەوە دەبین کە دەبێت بگوێزینەوە بۆ ئابوورییەکی سەرمایەداری یان کەرتی تایبەت. ئەم گواستنەوەیە، لە ئەنجامی تێگەیشتن لە خودی ئابووری بازاڕ، یان کەرتی تایبەت یان سەرمایەداریی یان کەپیتالیزمەوە نەهاتووە، بەڵکو لەو دیدە کورتبینەوە سەرچاوە دەگرێت بەوەی ئەوەی هەیە، ئابووری بازاڕ نییە و خراپە، بۆیە ئەگەر بتەوێ باشی بکەیت دەبێت بیکەیت بە ئابووری بازاڕ یان کەرتی تایبەت.

 

هەریەک لە چەمکەکانی کەرتی تایبەت و ئابووری بازاڕ/ئازاد و سەرمایەداریی و کەپیتالیزم، مانا و سەدا و مێژووی لۆکاڵی و گەردونوی خۆی هەیە، هەندێکیان نەزانراون، وەک بازاڕ، یان کەرتی تایبەت، هەندێکیان بارگاویین بە مێژوویەکی سیاسی ئایدیۆلۆژی تایبەت وەک سەرمایەداری و کەپیتالیزم.

کەواتە سەرەتا بە هەڵە دەست پێدەکەین. چونکە دەستنیشانکردنی ئەوەی هەیە بەوەی ئابووری بازاڕ یان سەرمایەداری یان کەرتی تایبەت نییە، هەڵەیە، بەڵام پۆلێنکردنیشی بەوەی ئابوورییەکی لەو جۆرەیە هەڵەیە. بۆیە دەستنیشانکردنی ئەوەی هەیە، بنەمای ئەوە دادەڕێژێت کە دەیخوازیت.

گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت، تەنیا بریتی نییە لە دروستکردنی کۆمپانیا و مۆڵ و دەوڵەمەندکردنی کەمینەیەک و کردنی زۆرینە بە هەڵسوڕێنەری سیستەمەکە. دەڵێم هەڵسوڕێنەر، نەک کرێکار، چونکە مۆدێل و سەرمایەداری دنیای ئێمە پێویستی بە کرێکار نییە. پێداویستی کرێکار یەکێک بوو لە گرێکوێرەکانی کەپیتالیزمی ڕۆژئاوایی، بۆ زیاتر تێگەیشتن مارکسیزم بخوێنەوە. بەڵام لە مۆدێلی سەرمایەداری ئێمەدا کرێکار بوونی نییە.

سەرمایەداری دەکرێت باش بێت و هەروەها خراپیش. چونکە سیستەمێک نییە، خاوەن یەک خەسڵەت بێت.

سەرمایەداری بەبێ دیموکراسی ڕاستەقینە و دەوڵەت یان حکوومەتی ڕاستەقینە دەکرێت چەتەگەریی بێت. بەڵام کاتێک دیموکراسی دەسەڵات دەدات بە خەڵک و دەوڵەت بەرجەستەی دەکات، ئەوا سەرمایەداری ڕێک دەخات. بەڵام ئێمە لە دیموکراسی و حکوومەتدا کڵۆڵین، چونکە سیاسەت لە خزمەتی سەرمایەدایە. سەرمایەدارەکان یان سیاسییەکان خۆیانن یان ئەوانەی پێیان دەڵێن سەرمایەدار تەنیا دەڵاڵن. بۆیە گواستنەوە بۆ کەرتی تایبەت لە دنیای ئێمەدا، دۆخێکی ناسەقامگیری سەخت بەرهەم دەهێنێت، لە بری چارەسەر. دۆخێک کە ناوەندێک نامێنێت بۆ هاوسەنگکردن و دابەشکردنەوە.

ئەوەی هەیە لە ڕێگای سیاسەتەوە سامانی گشتی دەبردرێت، لە هەناو بازاڕدا سپی دەکرێتەوە و شەرعیەتی پێ دەدرێت، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی، هەتا قۆرغکاری تەواو تەکامول بکات.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...