
وەزارەتی دارایی لە وەڵامێکیدا کە بە زمانی عەرەبی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کردووە، ڕایگەیاندووە: ئەو ڕێچکەیەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتە بەر، لە دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بە پشتبەستنی خەرجی کردەیی (الإنفاق الفعلی)، دژی بنەماکانی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان پێویستە پشت بە داھاتە فیدڕاڵییەکان ببەستێت نەک خەرجیی فیعلی.
وەزارەتی دارایی دەڵێ: بنەمای دەستووری لە ماددەی ١٢١/دووەم ئاماژەیە بۆ دابینکردنی داھاتەکان لەسەر بنەمایەکی دادپەروەر بۆ ھەرێمەکان و پارێزگاکان، بەشی ھەرێمیش پێویستە بەشێوەیەکی فیدراڵی بێت نەک لەسەر ئینفاقی فیعلی.
ھەروەھا ئەمەش ھاتووە: بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە ٢٢٤ و ٢٦٩ لە ٢٠٢٣ لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٤، تێیدا خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی لە بودجەی ساڵانەدا ئاماژە پێداوە. ئەم بڕیارەش لە وەزارەتەکەتان لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە. ئەمەش مەبەست ئەو تەرخانکردنانەیە کە لە یاسای بودجەدا ھاتووە نەک ڕێژەی (١٢،٦٧٪) لە ئینفاقی فیعلی.
ئاماژە بەوەش دراوە کە لەسەر لیستەکانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەخشینی گیراوانی سیاسی و پێکراوانی چەکی کیمیایی لە ھەرێم ڕێککەوتن کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی خەمڵاندن و دابینکردن بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کە دەرەنجامی ئەوە بریتی بووە لە دابینکردنی ١٣ ترلیۆن و ٣٣٤ ملیار و ٥٨٧ ملیۆن دینار، کە دواتر وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق ٤ ترلیۆن و ٢٢٣ ملیار و ٦٢٥ ملیۆن و ١٦٥ ھەزار دیناری تەرخان کردووە، کە بڕی ماوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بریتیە لە ٩ ترلیۆن و ١١٠ ملیار و ٨٣٥ ملیۆن دینار.
دەشڵێ: ئەوەی لە نووسراوەکەتاندا خراوەتە ڕوو بریتییە لە کۆمەڵێک ژمارە و بۆچوون لەسەر ڕوانگەی ناوەندی و تەفسیری یەکلایەنە، وەکوو ھەژمارکردنی بڕەکانی ئیراداتی نانەوتی کە دەچیتە سەر خەزێنەی فیدراڵی بە پێچەوانەی ئەوەی لە یاسای بودجە و مادەی ٢٩ی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ی ھەموارکراو ھاتووە.
ئەوەش ھاتووە بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ناردنی مووچە بەردەوام بێت. بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ھەرێمی کوردستان لە میلاکاتی نوێ و پلەی نوێ بێبەش کراوە، بەبێ ڕەچاوکردنی دادپەروەری لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق، ھەروەک چۆن حکوومەت بە قەرەبووی قوربانییانی پرۆسەکانی ئەنفال و جینۆسایدی بەکۆمەڵی کورد و قوربانییانی چەکی کیمیایی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەڵنەستاوە، لە بەرانبەردا ھەموو پاساوێک بۆ نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بەکار دەھێنن.