شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

ڕۆڵی قوتابخانە لە پەروەردەی خۆپارێزیی لە ماددە هۆشبەرەکان

قوتابخانە یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە پەروەردەیییەکان کە کۆمەڵگا پشتی پێدەبەستێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسی و زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

قوتابخانە دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت لە پیادەکردنی پەروەردەی خۆپارێزی بۆ قوتابییەکانی، ئەویش لە ڕێگەی: مامۆستا، مەنهەجی خوێندن، چالاکییەکانی قوتابخانە، بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانە و ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتییەوە:

 

یەکەم: ڕۆڵی مامۆستا

مامۆستا، دەتوانێت لە ڕێگەی ئاڕاستەکردنی قوتابییان بەرەو گەشەی گشتگیر و یەکگرتوو لە ڕووی ڕۆحی و دەروونی و جەستەیییەوە، جگە لە ڕۆڵی لە بواری گەشەپێدانی ژینگە و خزمەتکردنی کۆمەڵگادا، لە پەروەردەی خۆپارێزیشدا ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت.

هەروەها بە ڕێنماییکردنی قوتابییان لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی ماددە هۆشبەرەکان و چۆنیەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکاندا. هەر بۆیە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری مامۆستا یەکەم هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری قوتابییان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان و دوورکەوتنەوە لێیان.

 

دووەم: ڕۆڵی مەنهەجی قوتابخانەکان

مەنهەج و بەرنامەی پەروەردەیی ئامرازێکە کە مامۆستایان دەتوانن بە کاری بهێنن بۆ دابینکردنی هەندێک تایبەتمەندی بۆ منداڵان و بۆ کۆمەڵگا. ئەركی قوتابخانە ئەوەیە كار لەسەر پەرەپێدانی هۆشیاریی دەربارەی ماددە هۆشبەرەكان و مەترسییەكانی بۆ سەر تاک و كۆمەڵگا بكات، ئەویش لە ڕێگەی پێدانی زانیاری لەمەڕ چەمكەكانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكان بە خوێندكاران و خستنەڕوویان لە مەنهەجەكاندا.

 

  • لە ڕێگەی مەنهەجەکانی زمانی کوردییەوە دەتوانرێت وانەی خوێندنەوە دابین بکرێت کە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ تاک و کۆمەڵگا ڕوون بکاتەوە، هەروەها دەکرێت فێرخوازەکان ڕاسپێردرێت بابەتێک لەسەر مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بنووسن یان ئامادە بکەن.
  • لە ڕێگەی مەنهەجی زانستەوە چۆنیەتی پاراستنی تەندروستیی گشتیی مرۆڤ و کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر لایەنی جەستەیی و دەروونی ڕوون بکرێتەوە.
  • لە ڕێگەی خولی ماتماتیكەوە دەكرێت ئەو زیانە دارایی و ئابوورییانە ڕوون بكرێنەوە كە بەهۆی بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكانەوە بەسەر ئابووریی وڵاتدا دێن.

 

سێیەم: ڕۆڵی چالاکییەکانی قوتابخانە

قوتابخانە دەتوانێت چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام بدات، بۆ نموونە:

 

  • میوانداریی پسپۆڕانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەنجامدانی سیمینار و پێشکەشکردنی وتار و ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان لەسەر گرنگترین گۆڕانکارییەکان کە بەسەر بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکاندا دێن، بکات.
  • میوانداریی مامۆستایانی ئایینی بۆ ئەنجامدانی سیمینار و پێشکەشکردنی وتار لەسەر هۆشیاری ئایینی، بکات.
  • ڕێکخستنی سەردان بۆ زیندانەکان بۆ ئاشنابوون بەو بارودۆخەی ئەو زیندانییانە تووشی دەبن کە بە تاوانی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزا دەدرێن.
  • سەردانی ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان بکەن لە ژینگەی ناوچەکە بۆ زانینی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی کۆمەڵگای دەکەن.

 

چوارەم: ڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەکان

بۆ ئەوەی ئیدارەی قوتابخانە سەرکەوتوو بێت لە بەدەستهێنانی پەروەردەی خۆپارێزی لە ماددە هۆشبەرەکان، دەبێت خۆی بەڕووی کۆمەڵگەی دەوروبەریدا بکاتەوە و گرنگترین ئەو کێشانە دەستنیشان بکات کە تێیدا هەن، ئەویش ئەمانەی خوارەوە:

 

  • پەرەپێدانی ڕێساکانی ڕەفتار و یاسای قوتابخانەکان کە ئامانجیان دامەزراندنی ڕەفتاری دروستە کە بەرەنگاربوونەوەی تاوان بەگشتی بێت، لەوانەش تاوانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و دانانی یاسای پابەندکەر بە خوێندکاران بۆ پەیڕەوکردنی ئەم ڕەفتارە.
  • بەشداریپێکردنی قوتابییان لە بەڕێوەبردنی پۆلدا، بە دابەشکردنی خوێندکاران بەسەر گرووپی بچووک بۆ بەدەستهێنانی کارلێککردن و ڕاهێنانی خوێندکاران لەسەر یاساکانی ڕەفتاری ئەرێنی کە پاڵنەریان دەبێت بۆ پابەندبوون بە ئادابەکانی کاری قوتابخانە و دوورکەوتنەوە لە تاوان.
  • چاودێری شێوازی ڕەفتاری خوێندکاران بۆ ئەوەی تێبینی ئەو گۆڕانکاریانە بکەن کە لەوانەیە لە ڕەفتارەکانیاندا ڕوو بدەن، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی پێشوەختەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان.
  •   گرنگیدان بە چالاکییەکانی کاتبەسەربردن لە کاتی پشووە کورت و درێژەکاندا بەمەبەستی دابینکردنی بەدیلی ئەرێنی کە خوێندکاران لەو کەشوهەوایە دوور بخاتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • دامەزراندنی سیستەمێک بۆ چاودێریکردن و بەدواداچوونی ڕۆژانە بۆ ئامادەنەبوون لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە.

 

پێنجەم: ڕاوێژکاری كۆمەڵایەتی

دەتوانرێت ڕۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئەمانەی خوارەوە چالاک بکرێت:

 

  • ڕێکخستنی پێشبڕکێ لە نێوان خوێندکاران و تیشکخستنەسەر ڕەفتاری باش لە مامەڵەکردن و دانانی نموونە لە چاکە و بەرزنرخاندنی ڕۆڵی قوتابخانە و مامۆستایان لە پەروەردەکردنی خوێندکاران سەبارەت بە ڕەفتاری لادەرانە بە گشتی و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەتی.
  • بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە، بەو پێیەی گرنگترین جۆمگەکان کە پەیوەندییان بە کۆمەڵایەتیکردنەوە هەیە.
  • بنیاتنانی کەناڵەکانی پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ قوتابییان بۆ ئەوەی لەو کێشانە بکۆڵرێتەوە کە ڕەنگە خوێندکاران ڕووبەڕوویان ببنەوە کە لەوانەیە ببنە هۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • پێویستە ڕاوێژکار لەگەڵ مامۆستایان هاوکار بن بۆ دۆزینەوەی پێشوەختەی ئەو قوتابییانەی کە ڕەفتاری بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان پیشان دەدەن.
  • گرنگیدان بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەنێوان قوتابخانە و دامودەزگاکانی تایبەتمەند بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
  • ڕاوێژکار ئامۆژگاریی قوتابییان دەکات بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ تاک و کۆمەڵگا.

بەم شێوەیە دەبینین قوتابخانەکان دەتوانن بەشداری بکەن لە خۆپارێزی لە ماددە هۆشبەرەکان کە قوتابییان و تەنانەت کۆمەڵگا بەگشتی لەم مەترسییە دەپارێزێت کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان ببێتەوە.

فەهمی کاکەیی

هونەرمەند و نووسەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...