ئابووریكۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ
ئاراستەکان

کرێکارانی بیانی ساڵانە دوو تا چوار ملیار دۆلاری عێراق دەبەنە دەرەوە

لە نێوان ملیۆن تا ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کرێکاری بیانی لە عێراق هەن، کە تەنیا ڕێژەی ١٠٪یان بە فەرمی تۆمارکراون و زۆرینەیان نایاسایین. کرێکارانی بیانی ساڵانە لە نێوان دوو تا چوار ملیار دۆلار لە سەرمایەی عێراق بۆ دەرەوە دەگوازنەوە.

 

ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق

ئامارێکی فەرمی لەبارەی تەواوی ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق بەردەست نییە، چونکە زۆرینەیان بە نایاسایی و بەبێ تۆمارکردن هاتوونەتە ناو وڵاتەکەوە.

نەجم عوقابی گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتی دەکاتەوە، “کەس ناتوانێت ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کرێکارە بیانییانە دەستنیشان بکات، بەتایبەت کە بەناوی گەشتیاری ئایینییەوە دێنە ناو عێراق و ڕوو لە بازاڕی کار دەکەن“.

“ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەی کە مۆڵەتی کارکردن و ڕەزامەندی وەزارەتی کاریان هەیە، ١٠٣ هەزار کرێکارن“، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کار گوتی. لەو ڕوانگەیەشەوە، ستار عەتابی ئەندامی لێژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێ: “تەنیا ١٠٪ی کرێکارانی بیانی کە لە عێراق کار دەکەن، بە فەرمی تۆمارکراون”، ئاماژە بەوە دەکات کە “داتایەکی ڕاستەقینە لەسەر ژمارە و چۆنیەتی هاتنە ناوەوە و مانەوەی کرێکارە بیانییەکان لە عێراق نییە“.

لێژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشت بە خەمڵاندنەکانی یەکێتی گشتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، ژمارەی کرێکارە بیانییەکان بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کرێکار دادەنێت، وەک ئەوەی جاسم عەلاوی جێگری سەرۆکی لێژنەکە ئاماژەی بۆ دەکات.

پێشتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەکەی بە ٧٥٠ هەزار تا نزیکەی ملیۆنێک کرێکاری بیانی خەمڵاندووە، لەکاتێکدا وەلید نیعمە سەرۆکی یەکێتی گشتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق دەڵێ، ژمارەکە زیاترە لەوەی ڕاگەیەندراوە و ڕەنگە بگاتە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کرێکاری بیانی.

هەندێک لە شارەزایانی ئابووری پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کرێکارانی بیانی کێشەی بێکاری له عێراق و به تایبەت لەناو توێژی گەنجاندا توندتر دەکەنەوە، چونکه بە کرێیەکی کەمتر کێبڕکێی هەمان کار دەکەن و ئەوەش هاوکات کرێی کار کەم دەکاتەوە. ژمارەی زەبەلاحی کرێکارانی بیانی لە عێراق لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە خۆی زیاتر لە شەش ملیۆن گەنجی عێراقی بێکاری هەیە.

 

سەرمای عێراق بۆ دەرەوە

کرێکارانی بیانی بەشێکی زۆر لە داهاتەکانیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان دەنێرن، ئەوەش کاریگەری لەسەر دەرچوونی سەرمایە لە عێراق دەبێت.

بەگوێرەی مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، “حەواڵەی مانگانە بۆ کرێکارانی بیانی لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار کەمتر نییە، ئەمە جگە لە تێچووی نیشتەجێبوون و ژیانیان، کە هاوشێوەی ئەو بڕە پارانەیە کە بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازرێنەوە“. بەو پێیە ئەگەر ڕێژەی حەواڵەی مانگانەی سەرجەم کرێکارانی بیانی بۆ دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای ٢٠٠ دۆلار بۆ هەر کرێکارێک هەژمار بکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانە دەڕوات کە کرێکاری بیانی لێیانەوە هاتوون.

ئامارەکانی لێژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پیشانی دەدەن کە سەرمایەی دەرچوو لەڕێگەی کرێکارانی بیانییەوە، هێشتا زیاترە. لەکاتێکدا ئەو داتا فەرمییانەی کە لە چاودێریکردنی حەواڵەی دارایی کرێکارانی بیانی پێداچوونەوەیان بۆ کردووە، مانگانە زیاتر لە ٣٥٠ ملیۆن دۆلارە، کە ساڵانە یەکسانە بە چوار ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار.

 

بازرگانی بە مرۆڤ

ناوەندە عێراقییەکان ئەو ڕاستییە ناشارنەوە کە لە پشت دۆسیەی کرێکارانی بیانییەوە، دۆخێکی بازرگانی بە مرۆڤ هەیە. زۆر گومان لەوە نییە کە هێز و کەسانێک هەن کە مۆڵەتی کارکردن بۆ کرێکارانی بیانی وەردەگرن و ساڵانە لەو ڕێگەیەوە سەدان هەزار دۆلاریان دەستدەکەوێت.

چالاکوانان دووپاتی دەکەنەوە کە بەشێک لەو کۆمپانیا عێراقییانەی خەریکی قاچاخچێتی کرێکارانی ئاسیایی و بیانیین، پشت بە قورسایی سیاسی دەبەستن یان پەیوەندییان بە لایەنە چەکدارە بەهێزەکانەوە هەیە. ئەوەش یارمەتیدەریان دەبێت لە درێژەدانیان بە کارە نایاساییەکانیان.

وەزارەتى ناوخۆى عێراق ناوبەناو دیپۆرتکردنەوەى ژمارەیەک کرێکارى بیانى ڕادەگەیەنێت کە مەرجەکانى نشینگە و مانەوەیان پێشێل کردووە. عەمید میقداد موسەوی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەڵێ: “ساڵی ڕابردوو، نزیکەی حەوت هەزار و ٨٦٢ سەرپێچیکار دەستگیرکراون و دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە“.

بەگوتەی فازڵ فەتلاوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەدان هەزار کرێکاری بیانی بەبێ ڕێکخستن و پشکنینی ئاسایش هاتوونەتە ناو عێراقەوە و ئەو لێشاوەیش بەردەوامە. فەتلاوی، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی ڕێکخستن و وردبینیکردنی کرێکارانی بیانی دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی خراپ بەکارهێنان و ڕێگری لە تاوانە ڕێکخراوەکان.

ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای بڕیاری ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەیان، کرێکارانی نایاسایی بەردەوام لە زیادبووندان، ئەمەش دەرگا بەڕووی ترسی ئیستغلالکردن و بەکارهێنانیان لە چالاکیی نایاسایی دەکاتەوە. بەو پێیەی دەتوانرێت لە چالاکییە تاوانکارییە ڕێکخراوەکاندا بەکاربهێندرێن، بەتایبەتی کە بەشێکی زۆریان بە شێوەیەکی نایاسایی دێنە ناو وڵات و لە ناوچە جیاجیاکاندا بڵاودەبنەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، کە هەزاران کرێکاری بیانی بەبێ هەبوونی نشینگە و مافی مانەوە، لە وڵاتەکەدا هەن، ئەو لایەنانەی بۆ کار ئیستغلالیان دەکەن، دەیانشارنەوە و ڕێگریان لێدەکەن لە جوڵەی تەواو ئازادانە لە ناوچەکانی کارەکەیاندا، هەر بۆیەش ئەگەری ئیستغلالکردنیان لە ناوچەکانی کاری باندەکانی تاوانی ڕێکخراو هەیە.

وەلید نیعمە سەرۆکی یەکێتی گشتیی سەندیکاکانی کرێکاران ئاماژە بە هەڵکشانی بەردەوامی ژمارەی کرێکارانی بیانی دەکاتەوە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی “بەشێکیشیان تۆڕی تاوانکاری پێکدەهێنن لە کوشتن، دزی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە“.

کرێکارە بیانییەکان سوود لە کاتەکانی سەردانی ئایینی دەبینن کە لەو کاتەدا ئێرانییەکان ڕوو لە عێراق دەکەن و بە بیانووی ئەوەی خوازیاری سەردانی مەزارگە ئاینییەکانن، لەگەڵیان دێنە ناو عێراقەوە. بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق دانیان بەوەدا ناوە، زۆرینەی کرێکارانی بیانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە دوو ڕێگاوە دێنە عێراق، یەکەمیان لە دەروازە سنوورییەکانی باشوور لەگەڵ ئێران، دووەمیان لە سنووری باکوور لەگەڵ ئێران لە دیوی پارێزگای سلێمانییەوە.

 

بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە

لەسەرەتای ئەمساڵ، عێراق پێدانی ڤیزەی کارکردنی بە هاووڵاتییانی سووریا ڕاگرت، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک لە بڕیارەکەی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی سووری بەتایبەت بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. لەماوەی ڕابردووشدا، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار لەگەڵ باڵیۆزی سووریا و بەنگلادیش کۆبووەوە، لەچوارچێوەی بەرنامەی ڕێکخستنی دۆسیەی کرێکاری بیانی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دوو وڵاتە زۆرترین ژمارەی کرێکاریان لە عێراق هەیە.

لە سەرەتای مانگی شوباتیشدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی گەورەی دژ بە کرێکارانی بیانی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ڕاگەیاند. نەجم عەقابی، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە گوتی: “بەپشتبەستن بە ڕێنماییەکانی وەزیری کار، لیژنەی پشکنین دەست بە ئەنجامدانی سەردان بۆ ئەو خاوەنکارانە دەکات کە سەرپێچی یاسای کار دەکەن لە دامەزراندنی کرێکاری بیانی”.

ساڵی ڕابردوو، ١٢ هەزار و ٢٢٧ کرێکاری بیانی لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقەوە تۆمارکراون، کە سەرپێچی ڕێنماییەکانی کار و مۆڵەتپێدانیان کردووە.

عەقابی جەخت لەوە دەکاتەوە، “هەڵمەتەکان فرەوان و چڕ دەبنەوە لە بەغدا و دواتر سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد “لێژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتەکانی کار و ناوخۆ پڕۆژەکان دەگرێتەوە و دیاردەی هەبوونی کرێکاری بیانی کەمدەکەنەوە لە پڕۆژەکاندا.”

لە ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤، وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەڵمەتێکی بۆ بەدواداچوونی ئەو کرێکارە بیانییانەی سەرپێچی مەرجەکانی نشینگەیان کردووە، لە چەند شوێنێکی شاری بەغدا ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە، تەنیا لەو هەڵمەتەدا ٥٥٥ کەسی بیانیان دەستگیر کردووە، کە بەشێوەی نایاسایی لە عێراق نیشتەجێبوون و سەرپێچییان لە مەرجەکانی نشینگە و مانەوە کردووە.

دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە هەڵمەتێکدا، نیشاندەری ژمارەی زۆری ئەو کرێکارە بیانییانەیە کە بە نایاسایی لە عێراق کاردەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، هاتنی نزیکەی ١٢ هەزار و ٦٥٨ بیانی بۆ ناو بەغدا و پارێزگاکانی دی تۆمارکردووە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...