سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چەند بابەتێكی میتۆدی سەبارەت بە توێژینەوەكانی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرجەم ئەو بابەتانەی دەچنە خانەی لێكۆڵینەوە و خوێندنەوە و شیكردنەوە، سەبارەت بەو بوارانەی لە خانەی (توێژینەوەكانی ئایندە) پۆلێن دەكرێن، گرنگییەكی تایبەتیان لە دانانی نەخشەی سیاسەت و بەرنامەی ئایندەی ئەو بوارەدا هەیە، كە توێژینەوەكانی بۆ تەرخان دەكرێن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

توێژنەوەكان سەبارەت بە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا بواری خستنەڕووی كێشە و گرفتە ئاڵۆزەكانی ئەو ناوچەیە نییە، كە بێگومان پەیوەندی بە ئایندەی كوردستانەوە وەك بەشێكی زیندوو لەو ناوچەیە هەیە. زۆر جار، كە باسی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت ڕاستەخۆ سەرنجەكان بۆ كێشەی فەلەستین و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل دەچێت و، كاتێكیش ئێمە وەك لایەنی كوردستانی، باس لە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، جەخت لەوە دەكەینەوە، كە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا كێشەی فەلەستین و ململانێی عەرەب و ئیسرائیل نییە و، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمانەكەی بوونی هەیە و، بەبێ چارەسەری دیموكراتی عادیلانەی ئەم دۆزە، ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار نابێت.

 

ئەم ئاڕاستەیە لە بیركردنەوە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاستی تێدایە، بەڵام باسكردنی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆمەڵگا و دەوڵەتەكانی ئەم دەڤەرە تەنیا ئەو بابەتە نییە. بابەتەكانی ئاشتی ناوخۆیی كۆمەڵگاكان لە نێو خودی خۆیدا و لەگەڵ بەرانبەردا و، دیاردەی پەرشبوونی كۆمەڵگایەك كە بنەمای یەكگرتنی هەیە و، نەبوونی ئازادییەكانی تاك و پێكهاتە و نەتەوەی جیاواز و، بوونی ئیستبدادی حوكمڕانی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نەبوونی بنەماكانی حوكمڕانی باش و، دواكەوتنی گەشەسەندن و دیاردەی هەژاری و بێكاری و، نەبوونی پڕۆسەی بەرچاوی كاریگەر لە بواری عەقڵانیەت و ڕۆشنفیكری و مۆدێرنە و زیادبوونی توندڕەوی و توندوتیژی، تێكڕای ئەم بابەتانە دەكرێ هێڵی سەرەكی بواری توێژنەوەكانی ئایندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكبهێنێت.

 

گومان لەوەدا نییە هەر بوارێكی توێژینەوە تایبەتمەندی خۆی و بەم پێیە میتۆدی دیاریكراوی خۆی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕاستییە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە هەندێک خاڵی میتۆدی سەرەكی و گرنگ بكەم، كە دەكرێت بە بنەمای سەرەكی و گشتگیری میتۆدی بۆ توێژنەوەكانی ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنرێت.

 

ئەو خاڵە میتۆدییانە بەم جۆرە ڕیزبەند دەكەم:

ـ خوێندنەوە و تێڕوانین بۆ ڕەوشی گشتی لە كۆمەڵگە و دەوڵەتەكانی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوانگەی یاسایەكی گشتی كە چەقبەستوویی و مەنگبوون و مانەوەی دۆخ و ڕەوشی گشتی وەكوو خۆی بەبێ گۆڕانكاری قبووڵ ناكات و، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە هەڵەیەكی میتۆدی گەورەیە و توێژینەوەكان بەرەو ئاقاری خوێندنەوەیەكی ڕەشبینی و نائومێدی دەبات. هیچ شتێك و دۆخێك وەكوو خۆی نامێنێت و گرنگە هەردەم بنەمایەكی میتۆدیی سەرەكییمان لە یادبێت، كە هزرمەندی ماركسیستی ئەمریكی مارشال فریدمن بیرۆكەكەی لە ماركسەوە وەرگرتووە و، لەو كتێبەیدا كە دەربارەی مۆدێرنەتەیە، جەخت لەوە دەكات كە (هەر شتێكی توند دەبێتە با)،  (All that is solid melts into air).  بەم جۆرە گرنگە میتۆدی خوێندنەوە بۆ ئایندە پشت بە ئەگەری حەتمی گۆڕانكاری ببەستێت، نەك مانەوەی ڕەوش لە سەرجەم بوارەكان وەكوو خۆی.

 

ـ پشتبەستن بە خوێندنەوەی واقیعی بەرجەستەكراو وەك بوونی خۆی و، دەستنیشانكردنی هۆكار و هێزی گۆڕانكاری و نەیارانی پێشكەوتن و پەرەسەندن و گۆڕانكاری، دوور لە پچڕپچڕیی و بەهەندوەرنەگرتنی  كارتێكردنی یەكە و پێكهاتەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك كۆمەڵكا و وەك دەوڵەت لەسەر یەكتر. ئەم ئاڕاستەیە پێمان دەڵێت هیچ دەڤەرێكی ڕۆژهەلڵاتی ناوەڕاست دوورگەیەكی داخراو و دابڕوا لە یەكتر و لە جیهاندا نییە و، ئەمەش  پێویستی  بە دیدێكی گشتگیری سەرانسەری و بە ڕەچاوكردنی كارتێكردن و پەیوەندی ڕاستەخۆی تێكڕای ناوچەكانی ئەم دەڤەرە لەگەڵ یەكتر هەیە و، لە ڕوانگەی ئاڵۆزی و تێكچڕژانی ناكۆكی و ململانییەكان بچینە نێو توێژینەوەكان سەبارەت بە ئایندە و ئەگەرەكانی گۆڕانكاری لەم ناوچەیەدا.

 

ـ بەهەندوەرگرتنی ڕەوشی ئێستای جیهان و ئەو گۆڕانكارییانەی لە دە ساڵی كۆتایی سەدەی بیستەم و یەكەم چارەكی سەدەی بیستویەك لە بواری سیستمی نێودوڵەتی جیهانی و بابەتی جەمسەربوون ڕوویانداوە، بە ڕەچاوكردنی ئەوەی كە تا ئێستا هێزی چەپ و خوازیاری عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی لە سەردەمی پاشگەزبوونەوەی (ڤەگوتنە مەزنەكان)دان و، سەرەڕای وەدەركەوتنی ڕوواڵەتەكانی گۆڕان لە بواری بەجەمسەربوون، جیهان لە هەژموونی تاك-جەمسەری دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی جەمسەری هەرێمایەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێنەپەڕیوە.

 

ـ بەهەندوەرگرتنی ناكۆكی و ململانێیەكانی خودی و ناوخۆیی و لۆكاڵی هێزە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگایەكی دیاریكراوی تایبەت و كارتێكردنی ئەو ڕەوشە لۆكاڵییە لە بواری پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگای بەرانبەر لە بواری تێڕوانینە جیاوازەكان و بەرژەوەندییە ناكۆكەكان.

 

ـ ڕەچاوكردنی دیاردەی دابەشبوون و زۆنگەری لە نێو كۆمەڵگایەك كە چاوەڕێی لەیەكچوون و كاركردن بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانی لێدەكرێت، كە ئەمە ئاڵنگارییەكی گەورەی ڕەوتی پێشكەوتن و هەنگاونانە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوی دەستوریی.

 

ـ بەهەندوەرگرتنی دیاردە سیاسییە نوێیەكان لە نموونەی بوونی دەوڵەتی قووڵ و ڕێكخستنی ژیانی حزبایەتی لەسەر بنەما نەریتییەكان و ڕۆڵی ناوچەگەری و پێگەی خێزانی و تایفەگەری لەسەر سروشتی ژیانی حزبایەتی و سیاسی.

 

ـ كەڵەكەبوونی قەیرانە سیاسییەكان، كە بوونەتە هۆی نەبوونی ئاسایش و ئاشتی و، قورسایی دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی كۆمەڵگا و دەوڵەتانی ناوچەكە و نەبوونی چارەسەری ئامادەكراو بۆ یەكلاكردنەوە و هێنانەدی ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە ناوچەكەدا، هۆكاری ئەمەش بۆ شكستی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و نەبوونی میكانیزمی گونجاو و لەبار بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ئاڵۆزەكان دەگەڕێتەوە، جگە لە نەبوونی هێزی كۆمەڵایەتی كارای ناوخۆیی بۆ خستنەڕوو و كاركردن بە بەرنامەیەكی سیاسی شیاو بۆ هێوركردنەوە و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو.

 

ـ كارتێكردنی قەیرانی ناوەندە سەرمایەدارەكان و قەیرانی ئۆلیگارشی حوكمڕان لە دەوڵەتە سەرمایەدارە وابەستەكان بە ناوەندەكانەوە، كە بوونەتە هۆی كاركردن بۆ مانەوەی قەیرانەكان و بوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕەپانی ململانێیە جیهانییەكان و بەكارهێنانی شێوازی نوێ لە ململانێیەكاندا.

 

ئاماژەكردن بەم خاڵانە وەك میتۆدی گشتگیر سەرەتایە بۆ دروستكردنی پەیوەندی ئۆرگانی نێوان سیاسەت و زانست و، دوورخستنەوەی توێژینەوەكان لە ئارەزوو و خولیای سیاسی دەسەڵات و، قورتاركردنی گوتاری سیاسی لە دروشم و پۆپۆلیستی بەناو بەرهەڵستكار و هەنگاوانان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندیش لە میتۆدی هەر بوارێكی جیاواز لە توێژینەوەكان بۆ ئایندە.

 

* ئەم بابەتە لە كۆنفرانسی (كێشەی كورد و دواڕۆژێكی چۆن) لە ئامەد لە 1ی حوزیران پێشكەشكراوە.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...