سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

دوای دە ساڵ لە دروستبوونی داعش

دەوڵەتی خەلافەی داعش كۆتاییهات، بەڵام دەرئەنجام و كاریگەریی كارە تێكدەرەكانی تا ئێستا ماون

لە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، كە پاشخانی دروستبوونی بۆ پڕۆژەی ئەبوموسعەب بەغدادی و ڕێكخراوەی (التوحید والجهاد) و پەیوەندییەكانی بە ڕێكخراوی (قاعیدە) و، دروستبوونی (ئەنجوومەنی شورای موجاهدین)، كە چەترێكی گردبوونەوەی چەندین ڕێكخراوی تیرۆریست بوو دەگەڕێتەوە، دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەی ئیسلامی لە مزگەوتی نوور لە شاری مووسڵ دوای گرتنی ئەو شارە، ڕاگەیاند.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ماوەیەكی ئێجگار كورتدا چەكدارەكانی دەوڵەتی خەلافە ناوچەیەكی فرەوانیان لە سووریا و عێراق گرت و، لە ٣ی ئابی هەمان ساڵدا، شاڵاوی دڕندانەیان بۆ سەر شار و چیای شنگال كرد و، لەوێشدا دزێوترین شاڵاوی جینۆساید دژ بە ئێزیدییەكان ئەنجام درا و، جگە لە ناچاركردنیان بۆ وازهێنان لە ئایینی خۆیان و هەزاران ئێزدی لە گۆڕی بە كۆمەڵدا شەهیدكران، بەشێك لە منداڵ و ژنان لە بازاڕەكانی دەوڵەتی خیلافە بۆ فڕۆشتنی كۆیلە هەڕاجكران و ئەم تاوانانەش هاوكات بوو لەگەڵ تاوانەكانی دیكەی چەكدارانی دەوڵەتی خیلافە، وەك سەربڕینی پێشمەرگە و فڕۆكەوانێكی ئەردەنی و كەسانی دیكە.

لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٤ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر سەرەتا بە بەشداری دوازدە دەوڵەت و دوواییش بوو بە ٨٧ دەوڵەت ڕاگەیەنرا و، شەڕ دژ بە داعش بە بەشداری هێزی پێشمەرگەی باشوور و ڕۆژئاوا دەستیپێكرد و، بە گرتنی (البوغاز) لە سووریا لە ساڵی ٢٠١٩، دەوڵەتی خیلافە كۆتاییهات و، دروشمی (دەوڵەتی ئیسلام دەمێنێتەوە) كە ئەبو محەمەد عەدنانی لە ٢٠١٤ ڕایگەیاند، بوو بە دروشمس (قایل بە ئەنجام و ئارامگرتن) كە لە ٢٠١٩ دوای گرتنی (البوغاز) ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی دەوڵەت ڕایگەیاند.

كارە تیرۆریستییەكانی دەوڵەتی خیلافە لە ماوەی ئەو پێنچ ساڵەدا جیاوازی بەرچاوی لەگەڵ كارە تیرۆریستەكانی گرووپەكانی ئیسلامی سیاسی توندڕەوی دیكە هەبوو، بەتایبەتی لەم بوارانەدا:

ــ دەستبەسەراگرتنی ناوچەیەكی فرەوان لە دوو دەوڵەت، كە عێراق و سووریا بوو.

ــ كۆكردنەوەی زیاتر لە ٤٠ هەزار چەكداری توندڕەو لە ١١٠ دەوڵەت.

ــ دروستكردنی دیاردەی (ژنانی خەلافە)، كە ڕۆڵیان لە كارە تیرۆریستییەكان دەبینی.

ــ ئاڵودەبوون بە خوێنڕشتن و بە زیادەڕۆیی لە ئەنجامدانی كاری دڕندەیی، وەك سەربڕینی خەڵك بە شمشێر و سووتاندن و تۆماركردنی ئەو كارانە بە شێوەی ڤیدیۆ و وێنەی ئاست بەرز و بڵاوكردنەوەیان.

ــ نەهێشتنی دیاردەی مەدەنیەت و تێكدانی باڵەخانە و هەر دیاردەیەك، كە شوناسی شارستانی پێوەبێت.

ــ فەرزكردنی تەرزێك لە ژیان و هەڵسوكەوت لەسەر خەڵك و سزادانی توندی هەر یەكێك سەرپێچی لەو ڕێسایانە بكات، كە ڕەنگدانەوەی توندترین قوتابخانەكانی فقهی ئیسلامی بوون.

ــ لێهاتوویی لە بواری پروپاگەندە و بوونی توانا و ئاستێكی باڵا لە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و ئامرازەكانی و تۆڕەكانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و گەیاندنی هەواڵ و كارەكانیان بۆ تەواوی جیهان.

لە ماوەی پێنج ساڵی كاری سەربازی دژ بە داعش، دەوڵەتی خیلافە لە ساڵی ٢٠١٩ كۆتاییهات، بەڵام خودی ڕێكخراوی داعش لە لایەك و دەرئەنجام و كارتێكردنی كارە تیرۆریستییەكانی لەسەر ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ناوچەكانی حوكمڕانی پێشتری داعش، كۆتایی نەهاتووە.

تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ئێزدی، كە جینۆسایدكران دیار نییە.  قوربانییەكان بەپێی پێویست قەرەبوو نەكراونەتەوە. ململانێی سیاسی و بوونی بارگرژی، ڕەوشی ناوچەی شنگالی ئاسایی نەكردووەتەوە.

بە دیوێكی دیكەوە، تا ئێستا پازدە هەزار چەكداری داعش لە سووریا و عێراق ماون و، جگە لە بوونی پەنجا هەزار خێزانی داعش لە خەیوەتگای هۆڵ كە لە لایەن هێزەكانی قەسد چاودێری دەكرێن و بە بۆمبێكی كاتی دەژمێردرێن.

تا ئێستا ئەوانەی تاوانی جینۆسایدیان ئەنجام داوە، كە بە هەزارانن نە لە دادگایەكی ناوخۆیی و نە لە دادگایەكی نێودەوڵەتی، دادگایی نەكراون.

چالاكییەكانی داعش وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی كۆتایی نەهاتووە و، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە (١١٢١) كاری تیرۆریستی سەربازی، كە (٤٧٧٠) قوربانی لێكەوتووەتەوە لە لایەن سەرجەم چەكدارەكانی داعش لە جیهاندا بە پێنج لقەكەی لە ئەفریقیاوە، ئەنجامدراون و، لقی خوراسانی داعش دووا كاری تیرۆریستیان لە ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٤ لە مۆسكۆ ئەنجام دا، جگە لە كارە تیرۆریستییەكانی ئەو چەكدارانە لە ناوچەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق كە بەردەوامە.

لە ئاكامی خستنەڕووی ئەم تابلۆیە دەردەكەوێت، كە تا ئێستا داعش مەترسییەكی گەورەیە لە سەر ڕەوشی كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان. هۆكاری سەرەكی مانەوەی ئەم مەترسییەش بۆ چەندین هۆكاری جیاواز دەگەڕێتەوە كە بەشێكیان لە ئاستی ناوخۆیی وڵاتێكی دیاریكراودایە و بەشێكی دیكەیان پەیوەندی بە ڕەوشی ئاڵۆزی جیهان و شكستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە لە چارەسەركردنی كێشەكان و، ئەمەش جیهانی خستووەتە سەردەمێكی بەردەوامی توندوتیژی و تیرۆرەوە و، ئەوەی كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكرێت مانەوەی ئایدیۆلۆجی توندترین قوتابخانەی ئیسلامی سیاسییە و، لە هەر كاتێكدا زەمینە بۆ بەردەوامبوونی تیرۆریستان بە ناونیشانی داعش یان لە ئایندە بە هەر ناونیشانێكی دیكە، هەیە.

تا ئێستا بەهۆی نەبوونی حوكمڕانی باش و قوڵبوونەوە و ئاڵۆزبوونی كێشە ناوخۆییەكان، ژینگەی لەبار بۆ كاری توندوتیژی و ژیانەوەی شانە نووستووەكان و دامەزراندنی ڕێكخراوی تیرۆریستی نوێ لە ئارادایە.

تابلۆی ئەم ڕەوشە ناهەموارە هاوكاتە لەگەڵ نەبوونی پڕۆسەیەكی ڕوون بۆ ڕۆشنفیكری و مۆدێرنەتە و عەقڵانیەت لە پانتایی گشتی كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كۆمەڵگای كوردستانەوە.

لێرەشدا ناكرێت زەنگی مەترسی لە بەردەوامبوون و زیندووبوونەوەی تیرۆر لێنەدرێت و، هێزی سیاسی خەمخۆر بۆ دیموكراسی و ئازادی و ئایندەی پیشكەوتن و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، بێباكانە مامەڵە لەگەڵ ئەگەرەكانی ئێستا و ئایندە بكەن.

كاوه‌ مه‌حموود

سیاسه‌تمه‌دار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...