سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان

١- له ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، لە ئاکامی ھەندێک فاکتەردا، کۆماری ئیسلامی دەرفەتی بۆ ھەڵکەوتووە چ ڕاستەوخۆ، چ ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەغداوە، گوشارێکی هەمەلایەنەی سیاسی، ئابووری و نیزامی و ئەمنیەتی بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

٢- هەرێمی کوردستان لەمپەرە له بەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەناردەکردنی تیرۆر و نەخشەڕێی دروستکردنی هیلالی شیعە. ھەروەھا ڕێگرە لەوەی که کۆماری ئیسلامی به ئارەزووی خۆی ھەموو عێراق بە تەواویی کونتڕۆڵ بکات. ڕۆڵی هەرێمی کوردستان له لاوازکردنی گرووپە پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی له عێراق و تەنانەت تێکدان و لێکترازانیان حاشا هەڵنەگرە و ڕژێم زۆرتر له هەر لایەنێک هەستی پێکردووە. هەرێمی کوردستان هەزینەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوە له عێراق و ڕاگرتنی هاوپەیمانانی (که دائم له ناکۆکی و دوورکەوتنەوە له کۆماری ئیسلامین) و دروستکردنی کۆریدۆری نیزامی زۆر زۆر بردووەتە سەرێ.

٣ –  چ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا و چ پێشتر، بە پێچەوانەی کۆماری ئیسلامی کە لە بایکۆتی دیپلۆماسی جیهانی چەقیوە و کاربەدستەکانی تەنیا بۆ دانانی پیلانی تیرۆریستی و سەردانی لایەن و گرووپە چەکدارەکان له هاتوچۆدان، هەرێمی کوردستان لە ترافیکی دیپلۆماسی و ھاتوچۆی سەران و کاربەدەستانی باڵای دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی دایە و بوونی دەیان کونسوڵگەری وڵاتان (که ڕۆڵی سەفارتخانەگەلێکی گرنگ دەگێڕن) و به تایبەتی بوونی بنکە و هێزی نیزامی هاوپەیمانان لە هەولێر، خاڵێکی هەرە گرنگە که دوژمنکاری زۆرتر و سەرسەختانەی کۆماری ئیسلامی له دژی هەرێمی کوردستانی هەڵخراندووە.

٤-  بوونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئارەزوو و ئاواتە بەسەرچووەکانی کۆماری ئیسلامی نه تەنیا ناتەبایە، بەڵکوو بووەتە هۆکاری تێکچوون یا لانیکەم لاوازکردن و بە بنبەست گەیاندنی ھەندێک لە پیلانە ستراتیژییە ناوچەییەکانی ڕژێمی ئێران. ساڵانێکە ڕژێم له هەوڵدایە کۆریدۆرێکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و هاژەک له سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سووریا بکاتەوە که بەتەواوی تێیدا ناسەرکەوتوو بووە.

٥-  کۆماری ئیسلامی هەر لەم دوو ساڵەدا، لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی ڕووبەڕوو بووەتەوە. پەنابردن بۆ شەڕ و ڕێکار و ستراتیژی شەڕئەنگێزانە بووەتە سیاسەتی دەرەکی زاڵی کۆماری ئیسلامی. هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی (صدور انقلاب اسلامی) تەواوەن بووەتە دروستکردن و تەیار و پڕچەککردنی گرووپە ئیسلامییەکان و ڕاکێشانیان بۆ کار و کردەوەی تیرۆریستی تۆقێنەر و دڵڕەقانە و کەلک لێوەرگرتنیان بۆ دروستکردنی دیوار و مەودایەک بۆ پاراستنی سنوورەکانی خۆی. هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ناوی نهێنی دوورخستنەوەی شەڕ و نائەمنی له سنوورەکانی ئێرانە به قیمەتی کاولکاریی چەندین پایتەخت، گەلێک له شارە گرنگەکان له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوشتار و ئاوارەیی دەیان ملیۆن کەس له سووریا و عێراق و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن.

٦-  له ناو ئەو کوشتار و ئاوارەیی و وێرانی و کاولکارییە بەرینەدا که بە بەرەکەتی «هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی» و دروستکردنی ھیلالی شیعەوە، خوڵقاوە؛ هەرێمی کوردستان (به هەموو کەم و کووڕییەکان و ھەبوونی ناڕەزایەتی بەحەقی خەڵک) لە ھەموو ڕەھەندەکانەوە گەشەی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە و یەکێکە له ئاوەدانترین هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاوەدانترینە له عێراقدا. هەرێمی کوردستان سێکۆلارە؛ هەرێمی کوردستان بوو توانی داعشێک کە تورکیا و ئێران پاڵپشتی بوون، بە گیانفیدایی پێشمەرگە شکست پێ بهێنێت. هەرێمی کوردستان بوو که هێزی پێشمەرگەی بە چەکی قورسەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ کرد و وەک ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی ھاتە تۆمارکردن.

٧-  شۆڕشی ژینا و ژن ژیان ئازادی زەنگی مەترسییەکی ڕووخێنەری بۆ کۆماری ئیسلامی لێدا. ھەر بۆیە کوردستان وەک پێگەی سەرەکی شۆڕشەکە و حزبەکانی ڕۆژھەڵات که سەرکردایەتی و هێزی پێشمەرگەیان له باشوورە، زیاتر له هەر کاتێک کەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و تووڕەیی و دەیان پلان و پیلانی کۆماری ئیسلامی له دژی کورد و کوردستان لە ھەر دوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشوور.

٨-  لەم دوو ساڵەدا که قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێران، قووڵتر بوونەتەوە، ڕژێم زیاتر پەنای بردە بەر جموجۆڵی تیرۆریستی و تێکدەرانە و نائەمنیەترکردنی ناوچەکە. کۆماری ئیسلامی ڕێگایەکی دیکەی بۆ نەماوەتەوە. شۆڕشی ژینا، خۆڕاگری و شۆڕشی چل ساڵەی کوردستانی ناوچەیی و جیهانی کردەوە و نەتەوەکان و سەراسەری ئێرانی خستە جۆش و خرۆشێکی گەورە. هەر بۆیە ڕژێم گوشارەکانی خۆی لە سەر کوردستان و هەرێمی کوردستان که پێگەی حزبە ڕۆژھەڵاتییەکان بووەتە چەقڵی چاوی، زیاتر و زیاتر کرد. لەو دۆخەدا کە هەرێمی کوردستان نەچووە بن باری زێدەخوازییەکانی ئێران؛ تاران دامودەزگا نیزامی و تێروریستییەکانی ڕاسپارد ڕوو بکەنە پەرەپێدانی هەڕەشە و ھێرشە درۆنی و تیرۆریستییەکان.

٩-  دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و هێرشی تیرۆریستیی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل، کۆماری ئیسلامی، وێڕای ئەوە که لە ئاکامەکانی ئەو ھێرشە تۆقیوە و لەرزی لێنیشتووە؛ گرووپە چەکدارەکانی ژێر فەرمانی خۆی له عێراق و لوبنان و یەمەن و ناوچەکە بۆ دەورگێڕان ھێناوەتە مەیدان. هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، بەشێک لەو ھێرشانەن کە کۆماری ئیسلامی بڕیاردەر و ڕێکخەریانە.

١٠-  کۆماری ئیسلامی که له شکستی قورسی حەماس و له ناوچوونی دەیان فەرماندەی سەرەکیی حەماس و حزبوڵا و کوژرانی فەرماندەکانی سوپای پاسداران له سووریا و (بهپێی هەواڵەکان) تێشکاندنی ١٦ کەشتی له کیش، کەوتووەتە پەلەقاژە و بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕەوانیی ئەو شکستانە، ھێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان چڕتر کردووە.

١١-  دوای هێرشی درۆنی بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامی ڕوونتر دەریخست که دوژمنایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد له هەموو بەشەکانی کۆتایی نایەت و ئەو دوژمنایەتییە ئاوڵدوانەی کۆماری ئیسلامییە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی پێشتر به بیانووی بێ بنەما، هێرشی هاژەکی باڵستیکی کردبووە سەر هەولێر، بەڵام ھێرشە درۆنییەکەی بۆ سەر ئەو بنکەیەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دۆخێکی دژوارتر بۆ ڕژێم پێکدێنێت.

١٢-  سەبارەت بەو دۆخە جیھانی و ھەرێمییەی لە پاش ھێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە پێکهاتووە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەھێزی کوردستانیان بەرانبەر ھێرش و ھەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە پڕۆکسییەکانی لە عێراق دژی ھەرێمی کوردستان، یەکڕیزی و ھاوھەڵوێستی و ھاوکاریی نێوان حزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکانی ھەر پارچەیەکی کوردستان و نێوان پارچەکانی کوردستان پێکەوە، پێویستییەکی ھەنووکەییە.

ڕەزا کەعبی

سیاسەتڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...