نامەرکەزییەت و بەرپرسیارێتییەکان وەک بزوێنەری گەشەی ئابووری
گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق هەر لە ساڵانی ١٩٢٠ دەستی پێکرد. دوای چەند دەیەیەک لە شەڕ و گەمارۆی ئابووری، عێراق لە پاشخانی دۆخی دوای ناکۆکییەکان، بە ململانێ سیاسی و نەتەوەیی و تائیفییە کێبڕکێکارەکان گەمارۆدرا.
دوای ئەم پرۆسەیە دەرفەتێکی نوێ ڕەخسا بۆ وەبەرهێنانی نەوت و گاز لەم وڵاتەدا، کە وای کردووە ئەم کەرتە گەشە بکات بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوەندی بەرایی پێ بدرێت. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی ناوخۆ، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەست بە گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز کراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠ گرێبەستی هاوبەش بەرهەمهێنان (PSCs)ی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (IOCs) ئەنجامداوە. پەرەپێدانی یەدەگی گەورەی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی عێراق (KRI)لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستی پێ کردووە. سەرەڕای نیشانە جیۆلۆجییە ئومێدبەخشەکان، بارودۆخە سیاسییەکان تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگرییان لە گەڕان و بەرهەمهێنان کرد تاوەکوو دروستبوونی هاوپەیمانی بە ڕابەرایەتی ئەمریکا بۆ لابردنی ڕژێمی سەدام حوسێن.
لەو کاتەوە، ئەم چیڕۆکە سەرنجی میدیا گەورەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، ڕەنگە چاوی زیاتری بە بەراورد لەگەڵ کێڵگە نەوتییە گەورەکانی باشووری عێراق و بەتایبەت بەسڕە لەسەر بێت.
نەوتی کوردستان لەبەر هۆکاری هەمەجۆر گرینگە. نموونەیەکە لە دۆزینەوەی ناوچەیەکی نەوتیی وشکانی نوێ و گەورە، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنی مێژووی ئەم دوایییەیە. ئەم نموونەیە گەشەسەندنی ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە نەوت لە ژێر تەحەددای تەکنیکی مامناوەند، بەڵام نادڵنیایی سیاسی گەورە و ناجێگیردا، پیشان دەدات.
ئەگەر هەرێمی کوردستانی عێراق وەک یەکەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، دەکرێت بەم زووانە وەک بەرهەمهێنەرێکی بەرچاوی نەوت، هاوتا یان بەرهەمدارتر لە عومان، کۆڵۆمبیا، و ئازەربایجان دەربکەوێت، وەک ئەوان یەکەیەکی کاریگەری دەرەوەی ئۆپیک بێت.
سەرەتا، هاوبەشە بەڵێندەرەکان کۆمپانیا بچووکەکانی نەوت بوون، وەک گەڵف کیستۆن، جێنەڕاڵ و وێستەرن زاگرۆس. گەڵف کیستۆن کێڵگەی زەبەلاحی شێخانی دۆزییەوە کە قەبارەکەی بە ١٤ ملیار بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرا، بەمەش بوو بە یەکێک لە کێڵگە نەوتییە وشکانییە گەورەکان کە لە ماوەی زیاد لە ٢٠ ساڵی پێش خۆی دۆزرابێتەوە. لە ٢٠١٢، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل پێشەنگ بوو وەک یەکەم کۆمپانیای سەرەکیی نێودەوڵەتی نەوت، دواتر کۆمپانیای شیڤرۆن، تۆتاڵ و گازپڕۆم.
گۆڕانکارییەکان و ئەو پێشکەوتنانەی کە هەرێمی خۆسەری کوردستان لە چوارچێوەی وڵاتی عێراقدا بەدەستیهێناوە هۆکار بوون لە دەستکەوتنی دەسەڵاتی هەمەجۆر دوای ددانپێدانانی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، لەوانەش، دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن، و دادوەری، لەگەڵ ئەوانەشدا، پەرەپێدانی بەرچاوی یەدەگی پێترۆکیمیایی. سەرەڕای ئەوەش، حکوومەتی هەرێم پەرەی بە زۆر لە کێڵگەکانی نەوت و گاز، قوتابخانەی بنەڕەتی و ناوەندی، خوێندنی باڵا، لەناو قەوارەی کوردستان داوە، بە نموونە، لە ئابی ٢٠١٩، حکوومەتی هەرێم ڕۆژانە ٢٧٢ هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە، هەروەها حکوومەتی هەرێم نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی بە بەهای زیاتر لە ٨.٣ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٩ فرۆشتووە –بەهای فرۆشراو لە ساڵی پێشووتر ٧.٧٥ ملیار دۆلار بووە، هەرچەندە نەوتی خاو بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان یان لەسەر ئاستی ناوخۆ فرۆشراوە بە مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی، چونکە ڕێگە بە حکوومەتی هەرێم نەدراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵە بە نەوت بکات، سەبارەت بەمەش، دانوستان و گفتوگۆی یاسایی بەردەوام لە نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
لە دەستووری عێراق، ٢٠٠٥، لە ماددەی ١١٢(١) دا هاتووە “حکوومەتی فیدراڵی، لەگەڵ پارێزگە بەرهەمهێنەر و حکوومەتە هەرێمییەکان، بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی ئەو نەوت و گازەی لە کێڵگەکان دەرهێنراون، بە مەرجێک داهاتەکانیان دادپەروەرانە بەگوێرەی ڕێژەی دابەشبوونی دانیشتوان لە هەموو بەشەکانی وڵات دابەش بکات، لە هەمان کاتیشدا بڕە داهاتێکی دیاریکراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەک قەرەبوو بۆ ئەو ناوچە زیانلێکەوتووانەی بەهۆی ڕژێمی پێشووتر ناداپەروەرانە بێبەشکراون، دابین بکات، لەگەڵ ئەو ناوچانەی دواتر زیانیان بەرکەوتووە، بە شێوەیەک کە گەشەپێدانێکی هاوسەنگ لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەستەبەر بکات، ئەمەش دەبێت بە یاسایەک ڕێک بخرێت.”
به پێی ماددەی ١١٢، هەموو ئەو گەڕان و بەرهەمهێنانانەی بۆ نەوت و گاز لە ناوچەکانی سنووری کوردستان لە دوای ٢٠٠٥ کراون، موڵکی کوردن.
ماددەی ١١٢(١) سەرنجی لەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازی ئێستایە، بۆیە کێڵگە بەرهەمنەهێنەکان ناچنە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری هاوبەشی کێڵگەکانی نەوت و گازی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر دەقی ماددەی ١١٢(١) لێکبدەینەوە، دەگەین بە ئەنجامی ئەوەی کە هەموو ئەو گەڕان و بەرهەمهێنانانەی بۆ نەوت و گاز لە ناوچەکانی سنووری کوردستان لە دوای ٢٠٠٥ کراون، موڵکی کوردن. بەداخەوە، ئەم ماددەیە بەم شێوەیە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، داهاتی نەوت و گازیش هێشتا وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراوی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتە ناوخۆیییەکان ماوەتەوە.
زۆر لە سیاسەتمەداران و شارەزایانی یاسایی لە بواری ئابووری و یاسادا بیرۆکەکانیان جێگەی مشتومڕن سەبارەت بەم ماددەیە، ئەو بیرۆکانەش دوو لایەنیان هەن:
لایەنی یەکەم: دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا پێی وایە نابێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوت و گاز هەناردەی دەرەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بکات، پێی وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووری جەوهەری بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز نییە. ئەم ناکۆکییەی نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای کرد حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا بەردەوام بێت و ئەم یاسایە لە دادگای باڵای فیدراڵی هەڵبوەشێنێتەوە.
لایەنی دووەم: دەسەڵاتدارانی کوردستان پێیان وایە ئەو هایدرۆکاربۆن و کانزایانەی لە سەر یان ژێر خاکی کوردستان لە دوای ئابی ٢٠٠٥ دۆزراونەتەوە، هەموویان، بەگوێرەی ماددەی ١١٢(١) دەستووری عێراق، موڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقن. بۆیە، دەسەڵاتدارانی کوردستان بە شێوەیەک هەنگاو دەنێن کە کێڵگە نەوتی خاو و گازییە کار لەسەر نەکراوەکانی دوای ئابی ٢٠٠٥، ناچنە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریی هاوبەشی نێوان حکوومەتی ناوەندی بەغدا و حکوومەتی کوردستان، لەبەر ئەوەش، حکوومەتی کوردستان وەک یەکەیەکی فیدراڵی ناوخۆیی دەسەڵاتی تاکی بەسەر ئەو کێڵگانەدا هەیە.
وەک بەردەوامییەک بۆ دوا قسەم لەسەر نامەرکەزی، دەتوانم چەند پێشنیازێکی یاسایی گرنگ بۆ چارەسەری دۆسییە پێوەستە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکوومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستان بکەم:
- هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی دەستووری عێراق سەبارەت بە هاوبەشیپێکردنی دەسەڵاتە یاسایییەکانی پێوەست بە کەرتی نەوت و گاز و کانزاکانی تر لە سنووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
وەک شارەزایانی وزە پێشنیازی هەموارکردنەوە و لێکدانەوەی ڕوونتر بۆ ماددەی ١١٢ دەکەین، بۆ ئەوەی مشتومڕەکان لەسەر ئەم ماددەیە نەمێنن
بە گەڕانەوە بۆ ماددەی ١١٢(١)، بەهۆی ئەوەی دانوستانەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ئەرێنی لە نێوان حکوومەتی ناوەند و ناوخۆیی، هەروەها حکوومەتی هەرێم لەڕووی ئابوورییەوە لە بواری نەوت و گاز پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش سەرنجی زۆر لە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، لە هەمان کاتیشدا دروستبوونی مۆدێلی ئابووری نوێ بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی گاز لە کۆمەڵە ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، وەک شارەزایانی وزە پێشنیازی هەموارکردنەوە و لێکدانەوەی ڕوونتر بۆ ماددەی ١١٢(١) دەکەین، بۆ ئەوەی مشتومڕەکان لەسەر ئەم ماددەیە نەمێنن و خزمەتێکی زیاتری خەڵک بکات، هەروەها کاری زیاتر بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بنەمای نامەرکەزی بۆ دەستەبەرکردنی پێویستی و داواکاری هاووڵاتیان. بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتە خۆجێیییەکان، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەسڕە، پێشنیازی باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارە کارگێڕی و ئابوورییەکانی شاری کەرکووک دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی کەرکووک بێبەش نەبن لە سوودبینین لە سامانە سروشتییەکان و پڕۆگرامی پێترۆدۆلار.
نامەرکەزیبوونی دەسەڵاتەکانی کۆکردنەوەی داهات کاریگەرییێکی بەهێزتری لەسەر ئەدای کارکردن هەیە بە بەراورد لەگەڵ نامەرکەزی دەسەڵاتی خەرجکردن
- نامەرکەزیی دارایی باشترین ڕێگەچارەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێگەیەکە بۆ پەرەپێدانی داهاتی نیشتمانی. بە تایبەت، نامەرکەزیبوونی دەسەڵاتەکانی کۆکردنەوەی داهات کاریگەرییێکی بەهێزتری لەسەر ئەدای کارکردن هەیە بە بەراورد لەگەڵ نامەرکەزی دەسەڵاتی خەرجکردن. بۆیە، نامەرکەزی دارایی لە هەندێک لە هەرێمە ناوخۆیییەکانی جیهان خواستی لەسەرە، وەک، سکۆتلەندا، ئێرلەندای باکوور، وێڵز و حکوومەتە ناوخۆیییەکانی دیکەی بەریتانیا. نموونەیەکی تر لە وڵاتی بەلجیکا پارێزگای ئەنتوێرپە، کە بە پایتەختی هەرێمی فلاندەرز دادەنرێت، ئەم دوو نموونەیە پشتگیری لە ئاڕگومێنتەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی نامەرکەزی دارایی زیاتر دەکات، چەقبەستوویی لەم حاڵەتەدا ئاستەنگی خستووەتە سەر گەشەی ئابووری و ژیانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە، ئەم ئەزموونە نێودەوڵەتییە نوێیانە لەم جۆرە وڵاتانەدا گەشە دەکەن و بەخێرایی داواکارییەکانی نامەرکەزیی ڕیشەیی دەسەڵاتەکان لەناو حکوومەتی ناوەندیدا زیاد دەکەن.
- ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێشنیازێکی دیکەیە بۆ جێبەجێکردنی نامەرکەزی ڕیشەییتر لەسەر بنەمای دەنگی هاووڵاتیان و دەستنیشانکردنی خواستەکانیان بۆ نەهێشتن یان کەمکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان. کاریگەری گشتپرسییە دارایییەکان لەسەر بڕیارە یاسایییەکانی حکوومەتە ناوخۆیییە لاوەکییەکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی ناوخۆدایە. بۆ نموونە، لە ئاستی کانتۆنەکانی سویسڕادا، هەموو کانتۆنەکان دەسەڵاتی ئەنجامدانی جۆرێک لە ڕیفراندۆمی دارایییان هەیە، لە حاڵەتی فێدراسیۆنی سویسڕادا، ڕیفراندۆمە دارایییەکان بەسەر پێنج جۆردا دابەش دەبن کە بریتین لە، ڕیفراندۆمی دارایی بۆ خەرجییە گشتییەکان، ڕێککەوتنەکانی کەرتی گشتی، باج، پشکی پڕۆژەکان، کڕین و فرۆشتنی زەوی و زار. هەروەها، ژمارەی واژۆی پێویست بۆ ئەوەی هەڵبژاردەیەک بچێتە دەنگدانەوە و ئەو ماوەیەی دەتوانرێ واژۆکان بۆ گشتپرسییەکی دارایی تێدا کۆبکرێنەوە، زۆر هەمەچەشنە لە نێوان کانتۆنەکاندا. لە کانتۆنی ئۆبواڵدن ٠.٤٩٪ واژۆی هەموو دەنگدەران پێویستە، لە کاتێکدا ڕێژەی پێویست ٤.٢٨٪ لە کانتۆنی جورا. ماوەی کۆکردنەوەی واژۆکانیش لە ٣٠ ڕۆژەوە بۆ ٩٠ ڕۆژ بەگوێرەی کانتۆنەکان دەگۆڕێت. بۆیە، ئەم جیاوازییە لەسەر ئاستی کانتۆنەکان تاقیگەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گشتپرسییە دارایییەکان لەسەر ناوەندگەرایی حکوومەت دابین دەکات.
لە نەبوونی فاکتەرە دەرەکییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری و ئابووریی قەبارە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، نامەرکەزیکردنی چالاکییەکانی حکوومەت خوازراوترە.
سەبارەت بە بەکارهێنانی نامەرکەزی بواری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانین مۆدێلی کانتۆنەکانی سویسڕا وەک نموونە بهێنینەوە، لە هەمان کاتیشدا زیاتر بە تیۆرەکەی ئۆتێس (١٩٧٢) پاڵپشتی دەکرێت، کە تیۆرە نامەرکەزییەکەی وەک ڕێبەرێک بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتە دارایییەکان لە نێوان چینە جیاوازەکانی حکوومەتدا پێشنیاز دەکات، “لە نەبوونی فاکتەرە دەرەکییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری و ئابووریی قەبارە بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، نامەرکەزیکردنی چالاکییەکانی حکوومەت خوازراوترە.” بە لەبەرچاوگرتنی مۆدێلە ئەزموونییەکەی سویسڕا و تیۆری ئۆتێس بۆ نامەرکەزی دارایی، هەرێمی کوردستان دەتوانێت دانوستانی زیاتر لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات، بۆ بەجەمسەرکردنی نامەرکەزیی دارایی لە نێوان هەردوو لایەن.
حکوومەتی هەرێم لە سەدا سێی یەدەگی سەلمێنراوی گازی جیهانی لەژێر دەستدایە، کە قەبارەکەی بە ٢٠٠ تریلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت. ئەم یەدەگانە هەرێمی کوردستانیان خستووەتە پلەی هەشتەم لە لیستی گەورەترین یەدەگە سەلمێنراوەکانی جیهان
لە زۆر لە وڵاتانی فیدراڵی وەک سویسڕا، نامەرکەزیی دارایی لەڕێی ڕیفراندۆمی دارایی لەسەر ئاستی کانتۆنەکان بە پشتبەستن بە ڕێژەی دەنگدەران بەدەست دێت. کێرڤی ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەشەکردن و بەرزبوونەوەدایە دوای ڕاکێشانی سەرنجی زۆر لە کۆمپانیا تایبەت و زەبەلاحە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوە و گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت لە گەلێک پارچەی جیۆلۆجی هەرێمی کوردستان. بەدەر لە داهاتی نەوت، حکوومەتی هەرێم لە سەدا سێی یەدەگی سەلمێنراوی گازی جیهانی لەژێر دەستدایە، کە قەبارەکەی بە ٢٠٠ تریلیۆن مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت. ئەم یەدەگانە هەرێمی کوردستانیان خستووەتە پلەی هەشتەم لە لیستی گەورەترین یەدەگە سەلمێنراوەکانی جیهان، دوای ئیماڕات، لە هەمان کاتدا لەسەروو عێراقەوە دێت، کە خاوەنی ١١٢ تریلیۆن مەتر سێجایە. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستییان بە سەقامگیری سیاسی زیاترە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دارایی و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق.