سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئەمریکا و ڕووسیا و چین لە ململانێی ئیسرائیل و ئێران

ئێستا، لە دوای داگیرکردنی غەززە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە، تا ڕادەیەکی زۆر پرسی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، بووە بە پرسێکی لاوەکی، ململانێکە لە نێوان ئیسرائیل و بەرەی ئێرانە. ئەمەش یەکێکە لە کارەسات و هەڵە ستراتیژییەکانی ئەوەی پێی دەڵێن تۆفانی ئەقسا. دۆزی فەڵەستینی بە تەواوی کردە دۆزێکی ئێرانی. کە پەیوەندی نەماوە بە ئازادکردنی خاک و سەربەخۆیی فەڵەستین. بەڵکو ئەو دۆزە ڕەوا و یاسایی و نیشتیمانییە بووە دۆزێکی تیرۆریستی و بەشێک لە هاوکێشەی هیلالی شیعی. بە تایبەت دوای ئەوەی فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و قودس ئامادە نەبوون ببنە بەشێک لە شەڕەکەی غەززە. کاتێک حزبوڵا و حووسی و حەشد و پاسداران لە بەرەی غەززەن، مانای وایە حەماس پرسی غەززەی لە فەڵەستین جیاکردەوە، ئەمەش پێش هەمووان سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە، پاشان بۆ ئێران، فەڵەستین زەرەرمەندی یەکەمە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەرەی ئێران لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکە بەشێکە لە بەرەی چین و ڕووسیا. ئیسرائیل بەشێکە لە بەرەی سووننە (سعوودییە و ئیماڕات و ئوردن و میسر) کە لەسەر ئاستی جیهان بەشێکە لە بەرەی ئەمریکا.  بۆیە بۆ ئەگەر و سیناریۆکانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران پێویستە ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەو سێ زلهێزە لەبەرچاوبگرین.

 

ئەمریکا: هێزی یەکەم و بێڕکابەری ناوچەکەیە، هاوپەیمانێکی تایبەتی ئیسرائیلە، بەو مانایەی پشتگیریکردنی لە ئیسرائیل لە کاتی جەنگ، بێمەرج و بێسنورە. ئەمریکا لەم کاتەدا لەبەر چەندین هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی و ستراتیژی، نایەوێت جەنگی ئیسرائیل و ئێران ڕووبدات. لەناوخۆ پرسی دەنگدان و حوکمی دیموکراتەکان ئێستا فاکتەری سەرەکییە بۆ ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا. لە دەرەوە و لەسەر ئاستی ستراتیژ ساڵانێکی زۆرە ئەمریکا دەیەوێت ئیتر تێوەنەگلێت بە جەنگێکی ئاڵۆز و ماوەدرێژ لەم ناوچەیە. ئەمە جگە لەوەی زیانی فرەلایەنی هەیە بۆ ئەمریکا، تەرکیزی لەسەر ناوچەی زەریای ئارام (چین) کە گرنگترینە بۆ ئەمریکا، کەم دەکاتەوە. بۆیە نایەوێت جەنگ ڕووبدات، چونکە ئەگەر ڕووبدات ناچارە بەشداربێت.

 

چین: لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە ئێستا هێزی سەرەکییە لە ناوچەکە. لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، بە بەراورد بە ئەمریکا، پێگە و ڕۆڵی مایەی باس نییە. چین بە گشتی دەیەوێت ئەمریکا بەردەوام سەرقاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هاوکات لە ڕێگەی هاوکاریکردنی ئێران، پێگە و هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کەم بکاتەوە. بۆ ئەوەی هەژموون و پێگەی ئەمریکا لە نزیک سنورەکانی خۆی کەم و لاواز بکات. ڕوونە هەڵگیرساندنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بە تەواوی ئەمریکا سەرقاڵ دەکاتەوە لەم ناوچەیە. بەڵام چین لەگەڵ ئەم بژاردەیە نییە، چونکە:

 

١.هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە کار لە ڕێڕەوە ئاوییەکان دەکات لە ڕووی ئەمنییەوە. ئەمە نرخی شمەک و گواستنەوە زۆر گران دەکات. ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ هاوردەکردنی وزەی چینی و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا. ئەمەش گورزێکی ئابووری بەهێزە لە چین بە تایبەت کە چەند ساڵێکە کێشەی ئابووری هەیە.

 

٢. لە کاتی جەنگێکی وادا، ئەگەر هەیە ئێران لاواز بکرێت، یاخود ببێتە هۆکارێک بۆ ڕووخانی ڕژێمەکەی لە ئایندەدا. واتە لە دەستدانی بەهێزترین و گرنگترین دۆستی چین (کە دژە ئەمریکایە) لە ناوچەکەدا. ئەمەش لە ڕووی سیاسی و جیوپۆلەتیکیەوە زیانێکی گەورەیە بۆ چین. هاوکات لەوانەیە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیتر ئەمریکا سەرقاڵ نەبێت بەم ناوچەیەوە و بە تەواوی بەرەو سنورەکانی چین بڕوات.

 

٣. لە ئەگەری ئەم جەنگە چین لە ڕووی دیپلۆماسی و گوتارەوە پشتگیری ئێران دەکات. بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە هاوکارییەکانی سنوردار دەبن. ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک؛ تا ئەمڕۆش چین نایەوێت ئامرازی سەربازی بەکاربهێنێت بۆ ململانێکردنی هەژموونی ئەمریکا. بەڵکوو دەیەوێت بە خاوی و لە ڕێگەی ئامرازی نەرمەوە ئەو کارە بکات. بۆ ئەوەی پاساو نەدات بە ئەمریکا بۆ درووستکردنی بەرەیەکی دژە چین، هاوشێوەی ڕووسیا؛ هاوکاریکردنی ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر، واتە توڕەکردنی سعوودییە و ئیمارات و ئیسرائیل، کە لە ڕووی ئابوورییەوە ئەمانە گرنگترن. (چین تەماحی زۆرە لە ئیسرائیل بۆ سوودوەرگرتن لە توانا تەکنەلۆژییەکانی و چاودێریکردنی تەکنەلۆژیایی ئەمریکی). هاوکارینەکردنی ئێران لەوانەیە ببێتە مایەی توڕەبوونی ڕژێمی ئێران کە گرنگترینە بۆ چین لە ڕووی سیاسی و جیوپۆلەتیکییەوە.

 

بە کورتی مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە سوودی بۆ چین هەیە، بەڵام توندبوونی زیاتری ململانێکە ئیتر زیانی دەبێت.

 

ڕووسیا: ئێستا گرنگترین پرس بۆ ڕووسیا مەسەلەی جەنگەکەیەتی لە ئۆکڕانیا. پاڵنەری سەرەکی سیاسەتی پوتین لەم کاتەدا بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جەنگە و لێکەوتەکانی. بە تایبەت کە ئێستا دەگوترێت ئۆکڕانیا فڕۆکە ئێف ١٦ەکانی ئەمریکای وەرگرتووە. دوورخستنەوەی ئەمریکا لە ئۆکڕانیا و کەمکردنەوە هاوکارییە سەربازییەکانی، ئێستا گرنگترین ئامانجە بۆ ڕووسیا. هەڵگیرساندنی جەنگی ئێران و ئیسرائیل ئەگەرێکە بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجەی ڕووسیا.

بۆیە ئەگەر هەیە ڕووسیا بەڵێنی پشتگیری دابێت بە ئێران و چەکی پێشکەوتووی پێشکەش بکات. دوێنێ لەگەڵ سەردانەکەی کوریلای فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، سێرگی شویگۆی سەرۆکی ئەنجوومەنیی ئاسایشی ڕووسیا سەردانی ئێرانی کرد. بە کورتی ئێران لەم هاوکێشەیەدا بۆ ڕووسیا، تا ڕادەیەک وەک ئۆکڕانیایە بۆ ئەمریکا دژ بە ڕووسیا. دەکرێت وەک کارت دژ بە یەکتر بەکاربهێنرێن و سازشیان لەسەر بکرێت.

 

لە دوای سووریای پەرتەوازە و وێران و لاواز، ئێران گرنگترین دەوڵەتە بۆ ڕووسیا لە ناوچەکەدا. بەڵام لە ئەگەری هاوکاریکردنی ڕووسیا بۆ ئێران، ئەوا مەبەستی ڕووسیا دژایەتی ئەمریکا و پرسی جەنگی ئۆکڕانیایە، نەک خودی ئیسرائیل. بۆیە لەوانەیە هاوکارییەکان سنورداربن و کاریگەری گەورەی نەبێت دژ بە ئیسرائیل. چونکە پەیوەندی ڕووسیا و ئیسرائیل، پەیوەندییەکی قووڵ و ئاڵۆزە.

 

لای ڕووسیا، هەر لەسەردەمی سۆڤیەتەوە، دەستبردن بۆ سنوورەکانی ئیسرائیل و هەڕەشەی وجودی لە ئیسرائیل، هێڵی سوورە. جگە لەوەی ئیسرائیل و ڕووسیا لەیەک تێگەیشتن و لەوانەیە ڕێککەوتنی نهێنیان هەبێت سەبارەت بە هاوکێشەی سووریا، کە گرنگترینە بۆ ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر ڕووسیا ببێتە هۆکاری زیانگەیاندنی جددی بە ئیسرائیل، ئەوا ئیسرائیل هاوکارییەکی جددی ئۆکڕانیا دەکات، کە تا ئێستا نەیکردووە. هاوکات، لە هاوکێشەی سووریا، ئیسرائیل دەتوانێت گورزی گەورە لە ڕووسیا بدات، وەک چۆن ڕووسیاش دەتوانێت لە سووریاوە گورزی گەورە لە ئیسرائیل بدات. ئێران ئەم هاوکێشەیە باش دەزانێت، بۆیە قورسە بە پشتبەستن و بە متمانەکردن بە ڕووسیا ئەو سەرکێشییە بکات.

 

بەپێی ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، دەتوانین بڵێین ئەمریکا و چین و ئێران نایانەوێت و لەبەرژەوەندییان نییە ئەو جەنگە ڕووبدات. ئیسرائیل و ڕووسیا، لەوە دەچێت، خوازیاری هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە بن.

 

بێگومان، ئەم بابەتە ئەگەر دەیان ڕەهەند و ڕووی هەبێت، لێرە تەنیا ئاماژە بە یەک و دووانی کراوە، ڕەهەندی ناڕوون و نهێنی و کەمی زانیاریش هەیە کە لەوانەیە پێچەوانەی ئەو یەک-دوو ڕەهەندە بێت کە ئاماژەیان پێکرا.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...