سیاسیهه‌واڵ

داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی پەکخستنی پەرلەمان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قووڵی یاسایی و کارگێڕی ڕووبەڕوو دەکاتەوە، هەروەها داوای کردووە دادگای پێداچوونەوە دەست بە کارە ئاساییەکانی بکاتەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، داواکاری گشتی بە “نیگەرانییەکی قووڵ” سەیری دۆخی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێم دەکات و پێی وایە مانەوەی هەرێم بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ پەرلەمانێکی کارا، کە نوێنەری شەرعی گەلی کوردستانە، لەگەڵ دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ، زیانێکی گەورە بە دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و هۆکاری دروستبوونی گرفت و پەککەوتنی یاسایی لە زۆربەی دەزگا دەستورییەکان دەبێت.

 

بەیاننامەکە کە ئەمڕۆ دووشەم، ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بە پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوەی “لە دۆخی پەرلەمانیش جێی نیگەرانی زیاترە” داناوە. سەرۆکایەتی داواکاری گشتی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دەسەڵاتی دادوەری دەبێت سەربەخۆ و بێلایەن بمێنێتەوە و لە هەر جۆرە ململانێ و کێبڕکێی سیاسی و حزبایەتی دوور بخرێتەوە.

 

لە هەمان بارەوە، داوای ڕەچاوی ماددەی (52/بڕگەی دووەم) لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێم کراوە، کە تێیدا کاری حزبایەتی بۆ دادوەران قەدەغە کراوە. بەیاننامەکە داوای لە دادگای پێداچوونەوە کردووە لە زووترین کاتدا دەست بە کارە ئاساییەکانی بکاتەوە، بۆ پاراستنی مافەکانی هاووڵاتیان و بەردەوامی پڕۆسەی دادوەری.

 

داواکاری گشتی، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (1)ی داواکاری گشتی، بانگەوازی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، کردووە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئەوە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەمانەتێکی مێژووییە.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە تا کاتی پێکهاتنی پەرلەمان و کابینەی دەیەم، بەردەوامبوونی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستییەکی دەستوری و یاسایییە، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێم.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button