سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

فیوداڵیزمی کوردی

چەمکی فیوداڵ وەک زۆر چەمکی تری ڕۆژئاوایی لە ڕێگای کۆمۆنیستەکانەوە هاتووەتە ناو دونیای کوردی. شێوازی مامەڵەی کۆمۆنیستەکان لەگەڵ چەمکەکاندا هەرگیز زانستی نەبووە، بەڵکوو وەک وەسف و زڕاندن بەکاریانهێناوە. من لێرەدا فیوداڵ وەک خەسڵەتێکی زانستی بەکاردەبەم.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

فیوداڵ چەمکێکە لە سەدەی حەڤدە لە لایەن مێژوونووسان و لێکۆڵەرەوانەوە داڕێژرا بۆ وەسفکردنی کۆمەڵێک خەسڵەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەدەی نۆ و دەی ئەوروپا.

 

ئەو خەسڵەتانەی کە ئەم مۆدێلە لە خۆیدا کۆدەکاتەوە بە سویدن بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتاریی کەسە سیاسییەکانی دونیای ئەمڕۆی ئێمە.

 

فیوداڵ سیستەمێکی پلەبەندی دابەشکراوە کە دەسەڵاتی ناوەند ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بۆیە پەنا دەباتە بەر دەسەڵاتە لۆکاڵەکان هەتا هاوکاریی بکەن لەو بارەوە.

Vassalage خەسڵەتی سەرەکی فیوداڵە بەو مانایە کە کوێخا خاوەنی دەسەڵاتی تەواوە لە پانتایی خۆیدا.

 

دەگوترێت کاتێک موسوڵمانەکان هێرشیان کردە سەر ئەوروپا ئەم سیستەمە گەشەی کرد، بەوەی پادشای فەڕەنسا توانای بەرگریی نەبوو، بۆیە زەوی دەدا بە کەسایەتییە لۆکاڵییەکان هەتا خەڵکی بۆ کۆبکەنەوە بۆ شەڕ.

 

لەمڕووەوە فیوداڵ سیستەمێکە بە پێچەوانەی سیستەمی ناوەندی دەوڵەت بە تایبەتی دەوڵەتی نەتەوە، سیستەمێکی دیڤۆڵڤە، یان ناناوەندییە. هەروەها کەسایەتییە لۆکاڵەکان پانتایی و خەڵک و داهات و سیستەمی خۆیان هەیە لە پەیوەندی بە ناوەندەوە. بۆیە خەسڵەتی فیوداڵبوونی قەڵا و زەوی و جووتیار و مزیر و پیاو و شەڕکەرە.

 

بوونی شوێنی تایبەت و گرد و قەڵا و ماڵی گەورە بۆ سیاسیی و کۆلکە سیاسییەکان لە دونیای ئێمەدا دەرخەریی ئەم خەسڵەتە فیوداڵەیە. فیوداڵ ئامانجی مانەوەی خۆی و پانتاییەکەیەتی. ئامانجی خەڵک و گشت و نیشتمان و نەتەوە و ئەمانە نییە. ئەم ڕەفتارانە بنەمای دونیابینی و عەقڵیش دادەڕێژن، بۆ نمونە کەلتووریی سیاسی کوردی زۆر لاوازە کە دێتە سەر چەمکە مۆدێرنەکان. بۆ نمونە چەمکی گشت یان پەبلیک بوونی نییە. سیاسەت وەک خزمەتی گشتی یان یەکخستنی گشت بوونی نییە، بەڵکوو زیاتر خزمەتی خود و ڕەبعەکەیەتی لە بری گشت.

 

فیوداڵی کوردی دەرئەنجامی ئاگایی و ئاگایی بەخود نییە، بەڵکو درێژەپێدەری سیستەمێکی نەپچڕاوی دێرینە. لەبەر نەبوونی ئاگایی، بە سیستەمەکە، ئەوا سیستەمەکە بە ئاسانی بە ئاگایی ناگۆڕێت، چونکە لای خەڵک پێویست ناکات بیری لێبکەنەوە بەڵکوو نۆرماڵ ئاساییە. بۆ نمونە بە خێزانییبوونی سیاسەت لە دونیای ئێمەدا پڕۆسەیەکی مەعریفی و ئاگایی و کەلتووری نەبوو، بەڵکوو ڕوویدا و لای هەمووان ئاسایی بوو.

 

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...