دادگای فیدڕاڵی حەوت سکاڵای پێکهاتەکانی کوردستانی ڕەت کردەوە

ئەمڕۆ دووشەم، ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٤، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق حەوت سکاڵای یاسایی ڕەت کردنەوە، کە پێشتر لەلایەن کەسایەتی و نوێنەرانی پێکهاتەکانی تورکمان، مەسیحی و ئەرمەن سەبارەت بە دابەشکردنی کورسییەکانی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرا بوون.
سکاڵای یەکەم لەلایەن یەریوان نیسان مارکۆس ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمار کرا بوو. داواکار لە سکاڵاکەیدا داوای کردبوو بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی مادەی (٢)ی سیستەمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدرێت و لەو چوارچێوەیەشدا کورسییەکی کۆتا بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان بکرێت، بەڵام داوایەکە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە ڕەت کرایەوە.
سکاڵای دووەم لەلایەن پارێزەر ئازاد عەبدولحەمید لە دژی سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدڕاڵیی عێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و وەزیری پلاندانان تۆمار کرا بوو. سکاڵاکار بەهەمان شێوە داوای لە دادگای فیدڕاڵی کرد، بڕیارێک لەسەر نادەستووریبوونی مادەی (٢)ی سیستەمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربکات، بەڵام دادگا سکاڵاکەی ڕەت کردەوە.
هاوکات سکاڵای سێیەم لەلایەن زیا پترۆس کەسایەتی مەسیحی و سەرۆکی پێشووی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەدژی سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆمار کرا بوو، سکاڵاکار بەهەمان شێوە داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردبوو، بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی ماددەی (2)ی سیستەمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات و لەو چوارچێوەیەشدا پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کلدان و ئاشووری و سریانی و کورسییەک بۆ ئەرمەن تەرخان بکرێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی، سکاڵاکەی ڕەت کردەوە.
هاوکات سکاڵایەکی دیکە کە لەلایەن هەریەک لە ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح سەرۆکی هاوپەیمانی حامورابی، جینان جەبار بۆیا سەرۆکی پارتی جڤاتی نیشتمانی کلدان و ڕۆبینا ئۆیمەلک عەزیز جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی شلامە بۆ کاروباری مەسیحی لەدژی سەرۆکی کۆمسیۆن تۆمار کرابوو، سکاڵاکاران داوای بڕیارێکیان لە دادگای فیدڕاڵی دەکرد، لەسەر نادەستووریبوونی مادەی (٢)ی سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بە هەمان شێوە داوای تەرخانکردنی پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی (کلدان، ئاشووری و سریانی) و کورسییەک بۆ ئەرمەن، بەڵام دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی ڕەت کردەوە.
سکاڵایەکی دیکە، کە لەلایەن هەریەک لە ئازاد ئیکرام بەهرام سەرۆکی لیستی میللەتی تورکمان و محەمەد سەعدددین ئەنوەر سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان تۆمار کرابوو، بەهەمان شێوە داوایان لە دادگای فیدڕاڵی دەکرد، بڕیار لەسەر نادەستووریبوونی مادەی (٢)ی سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی تورکمان تەرخان بکرێت، بەڵام سکاڵاکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ڕەت کرایەوە.
سکاڵایەکی دیکە کە لەلایەن هاووڵاتییەک بەناوی سەرکەوت حەمید عەبدولقادر لە دژی سەرۆکی کۆمسیۆن و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرا بوو، سکاڵاکار داوای دەکرد، دادگای فیدڕاڵی بڕیارێک بدات لەسەر نادەستوورییبوونی مادەی (٢)ی سیستەمی تۆمارکردنی لیستی کاندیدەکان و ماددەی (١)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام سکاڵاکە ڕەت کرایەوە.
هاوکات، حەوتەمین سکاڵا کە لەلایەن باوەڕ عومەر ڕەسووڵ بەرپرسی لقی هەولێری ڕێکخراوی بارش(ڕێکخراوێکی تورکمانییە) تۆمار کرابوو، داواکار داوای دەکرد، دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەسەر نادەستوورییبوونی ماددەی (2)ی سیستەمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدات و پێنج کورسی کۆتا بۆ تورکمان تەرخان بکرێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵی هاوشێوەی سکاڵاکانی دیکە، ئەم سکاڵایەشی ڕەت کردەوە.