شرۆڤه‌
ئاراستەکان

کوردبوون و ئیسلام

لە مێژوودا هەردوو کوردبوون و ئیسلام دوو پایەی سەرەکی شوناس و داڕشتنی دنیابینی کورد بوون. ئێستا هەردوو ئەم دووانە لە قەیراندان، یان بە وردی هەردوو بەرەو پەرتبوون و هەڵوەشانەوە دەچن. ئەم دۆخە تایبەت و ترسناکە. ئێمە لێرەدا باس لە چیەتی ئەم دوو شوناسە ناکەین، بەڵکو زیاتر جەخت لە سەر هۆکارەکانی هەڵوەرانیان و کاریگەرییەکانیان دەکەین.

کوردبوون یان کوردایەتی گەرچی لە ناو کوردی باشوردا هێندە لە ئاستی فیکریدا قسەی لە سەر نییە، بەڵام لە ناو لێکۆڵەوەراندا چەندین قوتابخانەی جیاواز بوونیان هەیە بۆ ڕاڤەکردنیان. ئیدمۆنز لە هەر سەرەتاکانەوە، لە داڕشتی قوتابخانەی پریمۆردیالە، کە بڕوای وەهایە لە کۆنەوە کورد بوونیان هەبووە و نیشتەجێی خاکەکەیانن. قوتابخانەیەکی تر کە ڕەخنەی ئەم قوتابخانەیە دەکات قوتابخانەی ئیتنییە، کە لە ئاستی گشتیدا بیرمەندێکی وەک سمس تیایدا ناسراوە، بەڵام لە دۆخی کوردیدا ڤان برۆنسۆن. بە دیدی ئەم قوتابخانەیە کوردایەتی لە شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵاوە دەست پێدەکات لە سەدەی نۆزدە.

پاشان مۆدێرنەکان دێن، کە بڕوایان وەهایە بە ئاگابوونەوەی کورد بە ئەویتر و خودی، پرۆسەیەکی مۆدێرنە و پاش جەنگی یەکەمی جیهانی دەست پێدەکات. یانی ڕووخانی ئیمپراتۆریەت و سەرهەڵدانی دەوڵەتی کۆلۆنیالی، پاشان نەتەوەیی لە ناوچەکە، عەباسی وەلی و بۆزئەرسەلان لە بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیەن. هەروەها ناسیۆنالیزمی کوردی وەک کاری نوخبە، لای هەقان ئوزئۆغلۆ برەوی پێدراوە.

لە هەموو کونجێکی دنیا قەیرانی ئابووری هەیە به‌ڵام تەنیا لە ناو کورددا قەیرانی ئابووری و ئیداری و حوکمڕانی دەبێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی خود

 

بێئاگایی خەڵکی لەم قوتابخانانە و ئەدەبیاتانە، هۆکارێکە لە پشت هەژاری کوردایەتیەوە لە باشور. داڕوخان یان داڕوخاندنی کوردایەتی بە پلان و پڕۆسە ئەنجامدرا. ئیتلاعاتی ئێرانی ڕۆڵێکی کاریگەریی تیادا بینی. دیارە ڕووداوەکانی وەک شەڕی ناوخۆ، پاشان نادادپەروەیی لە دابەشکردنی سامانی کوردستان، گەندەڵی، بێبەری بوونی بڕێکی زۆر لە خەڵک لە داهات، هۆکارن، بەڵام ئەوەی سەیرە تەنیا لە ناو کورددا قەیرانی ئابووری و ئیداری و حوکمڕانی دەبێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی خود. لە هەموو کونجێکی دنیا قەیرانی ئابووری هەیە، بەڵام نابێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی گشتی. یەمەنییەک، بەنگلادشییەک، ئەفغانییەک، لیبییەک، جەزائیرییەک نەفرەت لە شوناسی خۆی ناکات سەرباری تاڵی و خراپی ژیانی. ئەم پێکەوەگرێدانە، ڕەگی لەو تێزە کۆلۆنیالییە قوڵەدا هەیە ،کە دەڵێت کورد ناتوانێت حوکمی خۆی بکات.

بەستنەوەی کوردایەتی بە حیزبەوە یارییەکی فێڵبازانە بوو، کە لە هیچ کوێی دنیادا بوونی نییە. حیزب هەمیشە نوێنەری بەشێک لە کۆمەڵگایە، نەک هەمووی.

ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە شوناسی کوردبوون یان کوردایەتی مایەی کۆبوونەوەی کورد نییە، بەڵکو زیاتر مایەی پەرتبوونیانە. ئەو شوناسەی تر کە گشتی بوو، ئیسلام بوو. ئیسلام ژیار و بەهاکانی دنیای کوردی دادەڕێژێت. ئیسلامی کوردی، ئیسلامێکی بیرلێنەکراوەیە. دەکرێت بگوترێت زیاتر ئیسلامێکی پیادەکراوە. بەڵام بە هاتنی ئیسلامی سیاسی ئەم دۆخە گۆڕا.

ڕوودانی شۆڕشی ئێرانی وەک ڕووداوێک کە دەوڵەتی ئیسلامی کردە واقیع، هەبوونی پارە و پلان لە سعودیە و قەتەرەوە، ئیسلامی سیاسی کردە پڕۆژەیەکی گەشەکردوو لە کوردستان

 

هاتنی تیۆرەکان لە میسر و پاشان سعودیە، ڕوودانی شۆڕشی ئێرانی وەک ڕووداوێک کە دەوڵەتی ئیسلامی کردە واقیع، هەبوونی پارە و پلان لە سعودیە و قەتەرەوە، ئیسلامی سیاسی کردە پڕۆژەیەکی گەشەکردوو لە کوردستان. سەرەتا هێزە ئیسلامییەکان وەک هێزی عەلمانی کاریان دەکرد. ململانێکانیان لە سەر بە دەستهێنانی کورسی و پێگە و کاریگەریی بوو.

بە زۆربوونی ئیسلامییەکان کۆمەڵێک دیاردەی سەرنجڕاکێش و کاریگەر ڕوویاندا. دروستبوونی ململانێ لە سەر شوناسی ئیسلام خۆی، چیەتی ئیسلام و ئیسلامی پاک و ئیسلامی لادەر هاتنە ئاراوە. لە هەمانکاتدا گۆڕانکارییەکی گەورە کە هاتە ئاراوە هێنانی ململانێکانی ناو کایەی ئیسلامە بۆ ناو دنیای کوردی. مرۆڤی کوردی ئاسایی بە ململانێی موعتەزیلە و زەنادیقە و خەواریج و ئەشعەری و پاشان جۆرە جیاوازەکانی سەلەفی و جیهادی و ئیخوانی و نەهزەویی و زۆری تر ئاشنا نییە. بەشێکی زۆری ململانێکانی ناو ئیسلام توانای یەکلابوونەوەیان نییە، بۆیە لە ئەنجامدا پەرتبوونەکان هەمیشەیین.

ڕەهەندێکی تری ئەم دیاردەیە ڕۆڵ وەرگرتنی ئیسلامە لە بواری دەرەوەی دنیای خۆی. ئیسلام دەبێتە ئامرازی جیۆپۆلەتیکی، ململانێی زلهێزەکان، سیاسەت، بە دەستهێنانی دەنگ و سۆزی جەماوەر، سەرکەوتنی شەخسی کەسەکان، کۆکردنەوەی سامان و خۆش ژیانی، کۆنتڕۆڵکردن و وروژانی کۆمەڵگا و زۆر بواری تر. هەموو ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لە سەر چۆنێتی مامەڵە و پەیوەندی لەگەڵ دیندا. لە زۆر ناوەنددا، دین ڕۆڵی ڕۆحی و ناکۆتایی و هەمیشەیی لە دەست دەدات و دەبێتە کاڵایەک یان شمەکێک لە دنیایەکی بەرخۆردا.

پەرتبوونی دین، بەکاربردنی بۆ بواری تر، وەها لە دین دەکات کە پەرت بێت و خاوەنی یەک هەقایەت و دنیابینی نەبێت. لە ئەنجامدا گرووپ و فیرقەی زۆری لێ پەیدا ببێت. ئەمەش وەها دەکات نەتوانێت ڕۆڵی چیمەنتۆی کۆمەڵایەتی ببینێت کە بیرمەندێکی وەک دۆرکهایم بە بیری دینی دەدات لە سەردەمی فیوداڵی فەرەنسیدا.

دەگوترێت خەتای کوردایەتییە، کە کورد دۆخی خراپە یان یەک نییە، بەڵام ئەوەی بەسەر کوردایەتیدا هات، بە هەمانشێوە بە سەر ئیسلامیشدا هات

 

دەکرێت بگوترێت کوردایەتی و ئاین جووت پارادایمی گەورەی دنیای کوردی بوون و هەردووکیان بە دەست پەرتەوازەیی و قەیرانەوە دەناڵێنن. دەکرێت ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی زۆر جیاوازەوە ببینرێت. هەروەها بەراوردکردنیان ڕەنگە سوودمەندبێت. بۆ نمونە دەگوترێت خەتای کوردایەتییە، کە کورد دۆخی خراپە یان یەک نییە، بەڵام ئەوەی بەسەر کوردایەتیدا هات، بە هەمانشێوە بە سەر ئیسلامیشدا هات، کەواتە ڕەگی پەرت بوون وەک دیاردەیەک قوڵترە لە دنیای کوردیدا.

لە ڕاستیدا پێکەوەبوون لە شێوازەکانی وەک نەتەوە، دەوڵەت، کۆمەڵگا، هەروەها ئینتەرناسیۆنال، هەموو پارادایمی مۆدێرنەن. ڕەخنەکانی پۆستمۆدێرنە بە زۆری لە سەر ئەم پێکەوەبوونانەن و دەخوازن پەرتیان بکەن. دروستکردنی پێکەوەبوون لە ئاستی هاوبەشی، بەرژەوەندی، سوود، و زۆر ڕەهەندی تر، نەبوونەتە بەشێک لە ئاگایی سیاسی مرۆڤی کورد، هەروەها زۆربەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە.

دیاردەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی، یان نەمانی پێکەوەیی، دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی و ئاسایشیی و دەرونناسیدا زۆر کاری لە سەر کراوە. مرۆڤ لە کۆمەڵگای پەرتدا مرۆڤێکی دڵخۆش نییە، بە گشتی باوەڕی بە ئەویتر لاوازە، ڕۆژانە لەگەڵ ڕقێکی زۆردا مامەڵە دەکات، هەرگیز ناتوانێت دەزگا و هێز و سەقامگیری بهێنێتە کایەوە.

کارەکانی ئەم دواییەی جۆناسان هایدت بە زەقی جەخت لە سەر پەیوەندی سۆشیال میدیا و باری دەروونی و داڕمانی دیموکراسی دەکەنەوە

 

بونیادنانی پێکەوەبوون لە دنیای ئەمڕۆدا کارێکی ئێجگار سەختە. تەکنەلۆجیا یەکێکە لە هۆکارە ڕێگرەکان. کارەکانی ئەم دواییەی جۆناسان هایدت بە زەقی جەخت لە سەر پەیوەندی سۆشیال میدیا و باری دەروونی و داڕمانی دیموکراسی دەکەنەوە. هەروەها کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر کوالێتی خوێندن، جۆری گفتوگۆ.

مرۆڤی سەردەمی سۆشیال میدیا پێستی زۆر تەنکە، توانای قبوڵکردنی ڕای جیاوازی نییە، بڕێکی زۆری پەیوەندی بە دنیاوە، لە سەر سۆز ڕاوەستاوە نەک ژیریی. هەموو ئەمانە وەها دەکەن کە ئاسان بێت گرووپی بچووک بچووک پەیدابێت، لە سەر بنەمای شەخسی و دژایەتی یەکتر و درێژەپێدانی بۆ مەبەستی دەستکەوتی شەخسی.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە لە کاتێکدا کێشەکان زۆر دەبن، بیرمەند و بیری قوڵ و داڕشتنی ڕەوتی سێیەم یان سینتەتیز کە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی دژەکان و هاتنە ئارای نوێ بەرهەم دێت، نامێنێت. هەموو بەرژەوەندی هەیە لە درێژەدان بە پەرتبوون. لە ڕاستیدا خوێندنەوە و بیرکردنەوە دەبنە دیاردەی نامۆ و سەیر لە دنیای وەهادا.

یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام بەرەو ڕووم دەبێتەوە، ئەوەیە کە بە زمانێکی نوخبەوی دەنووسم، وروژانی ئەم پرسە نیشانەی ئەوەیە، کە دەبێت بۆ وروژاندن و جوڵاندن و تەعبیئە و ئەو کارانە بنووسیت. ئەمەش خەسڵەتی کۆمەڵگای بیرنەکەرەوەیە.

بە پوختی لە کاتێکدا ئێمە هەموو بنەما هاوبەشەکانمان لە دەست دەدەین، دۆخێک دێتە ئاراوە کە توانای ئەوەشمان لێدەسێنێتەوە، کە بتوانین بیرێکی نوێ یان هاوبەشی نوێ بەرهەم بهێنین. سەردەمێک وەها دەبینرا، کە هاتنی تەکنەلۆجیا نەک دەتوانێت لە بەشێک لە کوردستان، بەڵکو دەتوانێت بە سەر سنورەکانیشدا زاڵ بێت، کەسێکی وەک ئەمیری حەسەنپور، چەمکی گەلی سەتەلایتی داهێنا لە ژێر کاریگەی مێدتیڤی ئەو سەردەمەدا. بەڵام، ئێستا تەکنەلۆجیا لە هەموو شتێک زیاتر، نەک هەر ئێمە، بەڵکو کۆمەڵگایەکی زەبەلاحی وەک ئەمریکای داغان کردووە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...