دابەشبوونی کۆمەڵگا بە سەر جەمسەرەکان، بە تایبەت جەمسەربەندی قوڵ و توندی سیاسی (استقطاب السیاسی) مەترسی لەسەر سیستەمی دیموکراسی دروست دەکات. بۆ نموونە، ڕێگە دەگرێت لە سازانی یاسایی لەپێناو دەرکردنی یاساکان، پەنابردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە دەرەوەی دادگاکان. تەنانەت هەندێ جار دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەردەکێشێت بۆ پەنابردنی لایەنەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی چەک و توندوتیژی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، هەروەها ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ دەستێوەردانی دەرەکی .
نیگەرانیم لە داهاتوی هەرێم لەو کاتانە زیاتر دەبێت، کە دەبینم ئەو ڕق و کینە سیاسییەی ناوخۆییمان و ئەو پەرتەوازەییە چەند زیانی بە کورد و پرسە ڕەواکەی و مافەکانی گەیاندووە. هەمیشە ئەو وتەیەی دۆستێکی بیانیم لە کۆتاییەکانی (شەڕی داعش) دێنێتەوە یاد، کە پێی گوتم، وریابن دۆخی وڵاتەکەتان وەکوو ئەفغانستان و لوبنانی لێ نێت .
لێکترازانی سیاسی سەخت، لەو کاتانەدا زۆر زیان بە وڵات دەگەیەنێت، کە دامەزراوە فەرمییەکان لاوازبن و توانای کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکەیان نەبێت، یان لەو کاتەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هێزەکانی سەپاندنی یاسا، ببنە بەشێک لە جەمسەربەندییەکان .
هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جیۆپۆلیتێکی ئاڵۆزەوە و ئێمە لەو ناوچەیەدا زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی تر پێویستیمان بە یەکگرتنی ناوخۆیی هەیە
لەبەر درککردن بە مەترسی زیاتری ئەو لێکترازانە و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمەکەمان و بۆ ئەوەی بەدەردی دۆخی ئەفغانستان و لوبنانی لێ نەیەت، هەروەها لەبەر ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرهەمدار بۆ یەکگرتنی ناوخۆیی لە هەرێم نەهاوێژراوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جیۆپۆلیتێکی ئاڵۆزەوە و ئێمە لەو ناوچەیەدا زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی تر پێویستیمان بە یەکگرتنی ناوخۆیی هەیە، هەر بۆیە من و خەڵکانی وەکو من ناچاربوون بە بەردەوامی باس لە گرنگییەکانی یەکگرتن و مەترسییەکانی ناتەبایی بکەن.
بە دیدی من، ئەوەی ئێمە دەتوانین بە یەکگرتن و سیاسەتی ژیرانە و بە ئاشتییانە و کاری پێکەوەیی لەو سەردەمەدا بەدەستی بهێنین، بە پەنابردنەبەر توندوتیژی و بە پەرتەوازەییمان لە ناوخۆ، بە ئاسانی لە دەستی دەدەین.
ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی لێکترازان و سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات نەدۆزرێتەوە، ناتوانین ڕووبەڕووی ئەو ئالنگارییە دارایی و سیاسییانەی لە بەغداوە ڕوبەڕووی هەرێم دەبنەوە، ببینەوە. هەروەها ناتوانین هەڕەشەکانی وەکو دیاردەی گەندەڵییش کەم بکەینەوە، هەرچەند ئەگەر قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، دروشمی زۆربەی پارتە سیاسییەکانیش بێت.
لی کوان یوی باوکی دامەزرێنەری سەنگاپورا دەڵێت، گەر گەندەڵی لە ئاستی هەرەباڵا و لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە وڵاتێکدا بڵاوببێتەوە، تەنیا چارەسەرکردنی بە شۆڕش دەبێت
بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی فرەوان و لە هەموو ئاستەکاندا مەترسی جددی بۆ سەر کۆی سیستەمی سیاسی وڵاتان دروست دەکات، تا ئەو ڕادەیە کە لی کوان یوی باوکی دامەزرێنەری سەنگاپورا دەڵێت، گەر گەندەڵی لە ئاستی هەرەباڵا و لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە وڵاتێکدا بڵاوببێتەوە، تەنیا چارەسەرکردنی بە شۆڕش دەبێت.
بەڵام لە ڕاستیدا ئەنجامی شۆڕشەکانیش هەمیشە باش و بە دڵی شۆڕشگێڕان نابێت.
شۆڕش بە مانای هەڵچوون و سەرهەڵدانی جەماوەر بۆ گۆڕینی کۆی سیستەمی سیاسی و فەرمانڕەواکانیان، کە ڕووداوێکی ڕادیکاڵی هەمەلایەنە، دژ بە دەسەڵاتی خۆسەپێن، کە دەرفەتی گۆڕینی بە ڕێگای دیموکراسی ئەستەم بێت، جیاوازە لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان.
پەنابردنەبەر شۆڕش هەمیشە هەڵبژاردنێکی باش و بێزیان نییە، هەر بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی و بۆ دوورخستنەوەی وڵات لە ئەگەری شۆڕش، بریتییە لەوەی کە لە پاڵ ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی خێرا و ڕیشەیی، پڕۆسەی گەشەسەندن و پەرەسەندنی بەردەوامی سیاسی، ئابووری، یاسایی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەبچێت .
کە ئەوەش لە سایەی هەبوونی دادپەروەری و حوکمڕانی باش دەستەبەر دەبێت. عەدالەتیش بەبێ یاسای دادپەروەرانە و مۆدێرن و بەبێ هێزی سەپاندنی یاسای نیشتمانی بێلایەن، نایەتە دی.
کۆکردنەوە و پێدانی هەموو دەسەڵاتەکان بە کەسێک هەروەک مۆنتسیکۆ دەڵێت: دەبێتەوە هۆی ئەوەی گرنترین دەسەڵات کە دادپەروەرییە لێی بسەندرێتەوە
لە وڵاتانی دیموکراسی پێشکەوتوودا زۆر هۆشیارن لەوەدا، کە هێزی ڕەها لە دەستی تاقمێک یان تاکەکەس کۆنەبێتەوە، بۆ ئەوەی دادپەروەری بپارێزن، چونکە کۆکردنەوە و پێدانی هەموو دەسەڵاتەکان بە کەسێک هەروەک مۆنتسیکۆ دەڵێت: دەبێتەوە هۆی ئەوەی گرنترین دەسەڵات کە دادپەروەرییە لێی بسەندرێتەوە .
سەرەڕایی دۆخێکی زۆر نالەبار، بەڵام ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییداین، ئەو تەنگەژە و قەیرانانە دەرفەتی شاراوەیان تێدایە، گەر بیاندۆزینەوە و پێکەوە هێزی ناوخۆمان و عەقڵانیەت لە سیاسەتدا پەیڕەو بکەین.