دۆسیه‌یاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان ئامادەنین نەوت هەناردە بکەنەوە

زێدپرێس

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (‘APIKUR’) ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر بۆڕی گواستنەوەی نەوتیش بکرێتەوە، هێشتا کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتی کوردستان ئامادەنین بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت تا ئەوکاتەی دڵنیایی لە پێدانی شایستە داراییەکانیان بەگوێرەی مافە گرێبەستییەکانیان نەدرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (‘APIKUR’) لە ڕاگەیەنراوێکدا، پێشوازی لە لێدوانەکەی وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا دەکات، کە ڕایگەیاندووە هێڵی بۆڕی عێراق-تورکیا (‘ITP’) ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئەم دەستپێشخەرییە بە هەنگاوێک بەرەو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نێودەوڵەتی نەوتی هەرێمی کوردستان دادەنێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەپیکور دووپاتی دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر هێڵی بۆڕی عێراق-تورکیایش بکرێتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندامی APIKUR لە دۆخێکدا نابن کە نەوت بۆ هەناردەکردن لەڕێگەی بۆڕییەوە بەرهەمبهێنن، تاوەکوو ڕوون نەبێتەوە، کە چۆن کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت (‘IOCs’) شایستە داراییەکانیان پێدەرێت، کە لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن، ئێستا نزیکەی یەک ملیار دۆلار قەرزی پاشەکەوتکراو و پێنەدراویان ماوەتەوە.

“ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستی هاوبەش لە بەرهەمهێنانیان هەیە (‘PSCs’) مافی ئەوەیان هەیە، پشکی شایستەیی خۆیان لە نەوتی خاو وەربگرن و بە جیا بیفرۆشن”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێت.

زیاتر هاتووە، “لە دۆخی نەبوونی ڕێککەوتن لەسەر پارەدان وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، کۆمپانیا ئەندامەکانمان دەبێت شایستە گرێبەستییەکانیان لە نەوتی خاو بفرۆشن بەو کڕیارانەی کە دەتوانن دڵنیایی لە پێدانی پارەی نەوت بدەن، بۆ نموونە لە ڕێگەی پارەدانی پێشوەختە”.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا و جارێکی دی ئەوە بیردەخاتەوە، کە مافە گرێبەستییەکانیان بە یاسای ئینگلیزی بەڕێوەدەبرێت، هاوکاتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە کۆمپانیاکان لەبەرانبەر هەر پێشهاتێکدا کە دڵنیایی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانیان نەدات، دەتوانن بەڕێگەی داددی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە ناکۆکییەکە چارەسەر بکەن.

ڕاگەیەنراوەکە لە سەر زاری مایڵز کاگینز، گوتەبێژی APIKUR ئاشکرای کردووە، زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگای بۆڕی عێراق-تورکیاوە، بە شایستە گرێبەستییەکانی کۆمپانیاکانەوە، مانگانە بە بڕی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەندامانی ئاپیکور دەیانەوێت کار لەگەڵ حکوومەتەکانی کوردستان و عێراق بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داهاتانە و تەنانەت زیادکردنیشی داهاتەکانیش لەڕێگەی زۆرترین بەرهەمهێنانەوە. ئێمە پێمان وایە ئەمە دەتوانرێت بە خێرایی و بە شێوەیەکی کارا ئەنجام بدرێت، دوای ئەوەی ڕێککەوتن دەکرێت لەسەر ڕێکخستنەکانی پارەدان و ڕێزگرتن لە ڕێکخستنە گرێبەستییەکانی ئێستا”.

APIKUR کۆمپانیایەکی سنووردارە، کە پێکهاتووە لە هەریەک لە DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum کە بەپێی یاسای ئینگلیزی لە ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق چالاکن، دامەزراوە.

کۆمەڵەکە دەڵێت: ئامانج و مەبەستی ئەم کۆمەڵەیە بریتییە لە پێشخستنی هەرێمی کوردستانی عێراق KRI وەک شوێنێکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنەران.

جگە لەوەش، APIKUR  دەڵێت، ئامانجییەتی داکۆکیکردن و نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەندامەکانی بکات، وەک دەنگێکی هاوبەش و کاریگەر بۆ ئەندامەکانی، بەرانبەر بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان چ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، یان شوێنەکانی دیکە کار بکات و مەکۆیەک بۆ ئەندامان دابین بکات بۆ هاوبەشکردنی زانیارییە  پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان و بەکارهێنانیان بە باشترین شێوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...