شرۆڤه‌
ئاراستەکان

بەغدا و هەرێم: بەرەو کوێ؟

ئایا کورد لە عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ با بێین لە بنەماکان بنواڕین. ماوەی ڕابردوو کارم لە سەر پەیوەندی هەرێم و بەغدا کرد بۆ ناوەندێکی بیر. ئەو پرسیارەی بە دوای وەڵامیدا دەگەڕام ئەوە بوو، ئایا هەرێم و بەغدا دەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن؟ بۆ وەڵامی ئەمە پێویستم بە زانینی چییەتی پەیوەندییەکە بوو. ئایا هەولێر و بەغدا چ جۆرە پەیوەندییەکیان هەیە؟ ئەم پرسیارە ئاسان نەبوو وەڵام بدرێتەوە. ئایا پەیوەندییەکە دەستوریی فیدڕاڵییە، وەک ئەوەی لە دەستوردا باسکراوە؟ هەندێک لە نوخبەی کوردی دەڵێن، فیدڕاڵیزم جێبەجێ نەکراوە لە عێراق، بۆیە کێشە هەیە. چارەسەر ئەوەیە کە دەبێت فیدڕاڵیزم فەراهەم بێت. بۆ نمونە فیدڕاڵیەت پێویستی بە بوونی ژووری دووەمی پەرلەمانە، کە لە سەر بنەمایەکی یەکسانتر داڕێژرابێت، نەک لە سەر بنەمای زۆرینە و کەمینەی ژووری گشتی. [لێرەدا نازانم لە ئەدەبیانی کوریدا بۆ ژوورە جیاوازەکانی پەرلەمان چی دەگوترێت، لە زمانە ئەوروپییەکاندا هەردوو ژوور و ماڵیش بەکاردێت، بۆ نمونە لە مۆدێلی وێستمینستەردا ماڵ بەکاردێت، هاوس ئۆف کۆمۆن بۆ نمونە، بەڵام لە مۆدێلی کیشوەری ئەوروپیدا زیاتر ژوور بەکاردێت، بۆ نمونە لە زمانی هۆڵەندیدا کامەر بەکاردێت].  هەروەها نەبوونی دادگای فیدڕاڵیی، چونکە ئەوەی هەیە شەرعیەتی نییە یان لاوازە، بەڵام ئەوەشی کە دەبێت دروست بکرێت، کێشە لە سەرە.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە بەرانبەر ئەمەدا نوخبەی سیاسی عێراقی وەها دەبینێت هەرێم زیاتر لە فیدڕاڵی هەیە. فیدڕاڵ لای ئەوان وەها دەبینرێت، کە مافی پەیوەندی دەرەکی و دەروازە و گرێبەست و واژۆ و سەربەخۆیی ئابووری نییە.

لە دنیادا فیدڕاڵیەت چەندەها نمونەی هەیە. هەندێک فیدراڵیەت هەن تەنیا ئیدارین، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە تاک نەتەوەن، وەک ئەڵمانیا و نەمسا. هەندێک فیدڕاڵی تر هەیە جۆرێک لە سەربەخۆیی و خواستی سەربەخۆیی هەیە، بۆ نمونە سکۆتلەندا و کەتەلۆنیا.

 

لە نێوان سوننە و شیعە و کورددا. کورد نایەوێت ببێت بە خاوەنی عێراق وەک شیعە و سوننە، بەڵکو دەیەوێت وەک خۆی هەبێت یان ئەگەر بۆی بلوێت جودابێتەوە

 

دەستور فیدڕاڵییە، بەڵام فیدڕاڵیزم چەمکێکی کیشە لە سەرە. لە دنیای کوردیدا لێکۆڵینەوەی تایبەتم بەم بوارە نەبینی. بەڵام بیانییەکان کاری زۆری تیۆریی و کردارییان لە سەر کردووە. بۆ ئەوەی بزانین فیدڕاڵیزمی عێراقی دەبێت چۆن بێت، دەبێت سەرەتا بزانین وەڵامی ئەو پرسیارە چییە، ئایا بۆ عێراق لە ناوەندییەوە گۆڕا بۆ فیدڕاڵی؟ ئایا ئامانجی فەرمی هێشتنەوەی یەکێتی عێراقە. عێراق وڵاتی کێیە؟ وەڵامەکەی ڕوون نییە لە نێوان سوننە و شیعە و کورددا. کورد نایەوێت ببێت بە خاوەنی عێراق وەک شیعە و سوننە، بەڵکو دەیەوێت وەک خۆی هەبێت یان ئەگەر بۆی بلوێت جودابێتەوە.

عێراق کە زۆربەی تەمەنی سوننە بووە، ئێستا بە پڕۆسەیەکی چڕی بەشیعەبووندا دەڕوات، لە ئاستی سیاسی و کەلتووری و فەرهەنگی و یاساییەوە. ئەمەش وەها دەکات کە عێراقی فرەیی یان ناناوەندێتی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە شیعە لە هەر پازدە پارێزگاکەی عێراقی عەرەبی لیستی هەڵبژاردنیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ، تەنانەت لە ئەنباری تەواو سوننەشدا.

لێرەدا نەبوونی فیدڕاڵیزمێکی ڕوون بۆ عێراق هەمیشە دیموکراسی دەگۆڕێت بۆ ئامرازی سەپاندنی زۆرینە بە سەر ئەوانیتردا. کەواتە، وەک مەحموود مەمدانی لە کەیسی ڕوەندادا پێمان دەڵێت، دیموکراسی چارەسەر نییە، بەڵکو ڕەنگە هۆکاری قڕکردن بێت. دیارە قڕکردن تەنیا ئەوە نییە خەڵک بگریت و زیندەبەچاڵی بکەیت، بەڵکو ئاوارەکردن، پەراوێزخستن، برسیکردن، ڕێگەنەدان بە گەڕانەوە، هەموو بەشێکن لەو پڕۆسەیە یان زەمینەسازن. ئەگەر تەماشای کوردانی ئێزیدی و کوردانی شیعەی حەمرین بکەین، دەبینین لە سەردەمی ئەم حکوومەتەی عێراقدا هەردوو ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.

کێشەی سەرەکی شیعە نەبوونی باوەڕە بە خۆی و هەروەها نەبوونی شەرعیەتە. بۆیە زۆر دەترسێت لە هەموو ئەگەرێک، بە تایبەتی لە لایەن سوننەوە. ئەمە بەڕوونی لە دۆخی (جورف السەخر)دا دەیبینین.

 

پێکەوەبوونی سیاسەت و هێزی ڕووت زەمینەی ئەوەی ڕەخساند کە هاوسەنگی هێز، ببێت بە ڕێسای سەرەکی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا

 

دەستوری عێراق بە ئەنقەست لە لایەن نووسەرانییەوە بە ناڕوون نووسراوە، هەتا پاشان ڕێگا بە پڕۆسەی سیاسی بدات بگاتە چارەسەر لە سەر پرسەکان. ئەمە زۆر بە تایبەت لە ئەو بوارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، وەک خاک، سامان، دەسەڵات و پەیوەندیی. بەڵام سیاسەت وەک هێز گەشەی کرد. پێکەوەبوونی سیاسەت و هێزی ڕووت زەمینەی ئەوەی ڕەخساند کە هاوسەنگی هێز، ببێت بە ڕێسای سەرەکی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا.

پڕەنسیپی هەرە سەرەکی هاوسەنگی هێز ئەوەیە کە بەهێز خاوەنی ڕەواییە. بەهێز بۆی هەیە ئەوەی دەیەوێت بیکات و لاوازیش دەبێت ئەوە بچێژن کە دەبێت یان ناچارن، وەک تیوسەدایس لە جەنگی پۆلۆپینەسیان هەڵیهێنجا.

ئێستا بەغدا کورد واتەنی داشی سوارە. بەم پێیە لە پڕۆسەیەکی لە قاڵبداندایە هەتا هەموو تواناکانی هەرێم کۆتایی پێبهێنێت و بیکاتە یەکەیەکی ناوخۆیی کۆنتڕۆڵکراو. لەم پێناوەدا دادگا و یاسا و بودجە و زۆر ئامرازی تر بەکاردەهێنێت. لێرەدا دادگای فیدڕاڵی هەم وەک ئامراز و هەم ئەکتەرێکی سیاسی ڕۆڵ دەبینێت. ڕۆڵی دادگا لەم پڕۆسەیەدا ئەوەیە کە هەرێم وەک بەغدا لێبکات، یان لێبکاتەوە. ئەم پڕۆسەی هۆمۆجنیویەتی دژ بە پڕەنسیپی فیدڕاڵییە کە دەبێت چوارچێوەیەک بێت بۆ فرەیی. دیارە سواری داشی دادگای باڵا، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە دادگا لە هەرێم سیاسییە، هەروەها سیستەمی هەرێم ناشەرعییە و ئاسانکاری دەکات بۆ دەستوەردان.

بەغدا لەم پڕۆسەیەدا لە دۆخێکی کافکاییانەدایە. دۆخی کافکایی لەم پرسەدا یانی هەبوونی ئاڵۆزییەکی زۆر لە بڕیارداندا، دیارنەبوونی بڕیاردەری سەرەکی، زنجیرە ئەکتەرەکان بەردەوام بە شێوازی جیاواز، فشار و هەوڵی گۆڕانکاریی و دەستوەردان دەدەن. هەرێم هەتا بێت ناچارە زیاتر زەلیل و ملکەچ بکرێت. ئەمەش وەهای کردووە، کە کرۆکی پەیوەندییەکە و پەیوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای زەلیلی بێت.

 

پەرتبوونی کورد، پەنابردنی بۆ هێزە شیعییە توندڕەوەکان، هەڵپەی هێزی کوردی بۆ سەرکەوتنی خۆی وەک کەس و هێز هەموو زەمینەسازن بۆ کۆتایی ڕۆڵی کورد

 

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، کە هەتا چەندێک هەرێم لاواز دەکرێت. لە ئەدەبیات و مێژووی زاڵ و مەزڵومدا، ڕۆژئاوا وەک مۆدێلێک زۆر دڕندەیە. ڕۆژئاواییەکان لە هەر کوێ بە سەر هەر لایەکدا سەرکەوتووبن، کارێکی وەهایان کردووە کە هەموو تواناکان لە نەیارەکانیاندا بسڕنەوە. تەماشای خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکاکان و ئوسترالیا و ئەو جێگایانە بکە. لێرەدا بە تەواوی نازانین کە کێ بڕیاردەرە لە بەغدا، حکوومەت (سوودانی)، چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئێران یان هەموویان. هەندێک کەس پێیان وایە ئێران لە هاوکێشەکەدا نەبێت باشترە، هەندێکی تر وەهایان دەگوت کە بە پێچەوانەوە، بەبێ ئێران خراپتر دەبێت، چونکە ئێران نایەوێت عێراق زۆر لاوازبێت یان زۆر بەهێزبێت، بۆیە مانەوەی کورد وەک هێزێک لە خزمەتی ئەم هاوکێشەدایە. ئەگەر سەیری سوننە بکەین وەک مۆدێل، ئەوا تێکشکان و زەلیلکردن ناکۆتایە. پەرتبوونی کورد، پەنابردنی بۆ هێزە شیعییە توندڕەوەکان، هەڵپەی هێزی کوردی بۆ سەرکەوتنی خۆی وەک کەس و هێز هەموو زەمینەسازن بۆ کۆتایی ڕۆڵی کورد.

لە لای کورد خۆیەوە، دۆخەکە باشتر نییە. لە بەر نەبوونی ئاگایی و خواست بە دەزگایی بوون، کورد هەوڵی نەداوە پرسی خۆی بە دەزگایی بکات. لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکی کوردی لە عێراقدا بوونی نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە هێزە سیاسییەکان و پاشان کەسایەتییە سیاسییەکان بازرگانی سیاسی بەم پرسەوە دەکەن. بۆیە چارەسەرنەبوونی پرسەکە، بە سوودی زۆرێک لە نوخبەی سیاسییە.

بەم پێیە، ئەکتەرەکانی ناو کایەی سیاسی یان ئەکتەرەکانی نێوان کورد و عێراق هەموو پرسەکە وەها دەبینن، کە کێڵگەیەکە بۆ بەهێزبوون و مانەوەی خۆیان. ئەمەش وەهایکردووە کە پرسی کورد، پرسێکی سەرەکی نەبێت، بەڵکو هەتا ئاستێکی زۆر لاوەکی بێت. هەم کورد و هەم عێراق پێویستیان بە لەقاڵبدان و ڕوانگەی جیاوازە بۆ ئەم پرسە. ئەگینا دۆخی هەڵکشان و داکشان، دەستوەردان و بەکاربردنی دەرەکی، نەبوونی چارەسەر لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی دەبێت بۆ سەردەمانێکی زۆر.

 

-ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی بڵاوکراوەتەوە و بە ڕەزامەندی نووسەرەکەی لە زێدپرێس دانراوە

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...