شرۆڤه‌

ئایا هەوادارانی حەماس لە باشور ئاگاداری ئەم تاوانەی فەڵەستینییەکانن؟

 

ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ڕێکخراوی ڕوانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ هەواڵێکی لەمەڕ ڕۆڵی فەلەستینییەکان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بڵاوکردەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵەکە بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و نیشتەجێکردنی خێزانی چەکدارە عەرەبەکانی ئەدلب و حەڵەب لەسەر موڵک و ماڵی کوردان، فەڵەسینییەکان هەستاون بە دروستکردنی ١٨٠ یەکەی نیشتەجێبوون لە ناحییەی جەندریسی سەر بە عەفرین. ڕوانگەی سووری ئاماژە بە مەترسی ئەم پڕۆژە ڕەگەزپەرەستییە دەدات کە تورکەکان بە پشتیوانی و کۆمەکی دارایی هەریەک لە قەتەری و کوێتی و فەڵەستینییەکان دەکات.

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم مستەوتەنەیەی فەڵەستینییەکان لە جەندریس بۆ عەرەبەکانییان دروست کردووە، یەکێکە لەو ١٠٠ مستەوتەنەیەی کە تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، لە عەفرین لەلایەن ڕێکخراوە فەڵەستینی و کوێتی و قەتەرییەکان و بە سەرپەرشتی میتی تورکی دروستکراون. لەم گەلەکۆمەکییەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفریندا، ڕێکخراوە بەناو خێرخوازە فەڵەستینییەکان پشکی شێرییان بەردەکەوێت.

تاوانی فەڵەستینییەکان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین هێندە زەق و فرەوانبوو، لە سەرەتای ئەمساڵدا نوێنەرانی عەفرین ناچاربوون کە سەردانی کونسوڵخانەی فەڵەستین لە هەولێر بکەن و بە دەیان بەڵگە و دۆکیومێنت  بخەنە دەستی قونسوڵی فەڵەستینی. تەنانەت دەسەڵاتی فەڵەستینیش نەیتوانی ئینکاری ئەم تاوانە بکات و بەڵام نەشهاتە پای ئەوەی ڕێگری لەم ڕێکخراوانە بکات، یان لانی کەم بانگهێشتییان بکات و نیگەرانی دەسەڵاتی فەڵەستینی و گەلی کوردیان پێ بگەیەنێت.

ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان بە ئاشکرا و بە شانازییەوە و وەک ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی باس لە تێوەگلانییان لەو تاوانەی بەرانبەر بە کورد دەکەن. ئەوان لە میدیا و سۆشیال میدیا بانگەشەی کۆمەک کۆکردنەوە بەمەبەستی درووستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێ (مستەوتەنات) لە عەفرین دەکەن و لە مەراسیمی ئاشکرا و لەبەردەم کامێراکان خانووەکان بەسەر خێزانە عەرەبەکاندا دابەش دەکەن.

گرفتەکە ئەوەیە، تەنیا ڕێکخراوێک و دووان نین کە لە داگیرکردنی زەوی و زار و خانووبەرە و گوند و شارۆچکەکانی حەفرین تێوەگلاون. زیاتر لە دەرزەنێک لەو ڕێکخراوانە و لەسەرجەم ناوچەکانی فەڵەستین، لە غەززە و کەناری ڕۆژاوا و قودس بەشداری ئەم گەلەکۆمەکێیەن.

هەندێک نموونەی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەشدارن لەم پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بریتین لە:

 

– جمعية العيش بكرامة- فلسطين 48،

– اتحاد جمعيات عرب فلسطين 48،

– جمعية سخاء،

– جنی الخیر

-جمعیە طیبە

– جمعییە سبیل المجد

-جمعية الفلاح الخيرية

 

سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین بەیانێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی لە تێوەگلانی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان لەم داگیرکارییەدا دەربڕی،  بەڵام، ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان لەسەر ئەم تاوانەیان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین بەردەوامن. بۆ نموونە، ١٠ ڕۆژ دوای بەیاننامەی وەزیرەکەی فەڵەستین، لە مەراسیمێکدا، ڕێکخراوی (اتحاد جمعيات عـرب فلسـطيـن)، سەدان خانوویان کە لە کۆمەڵگایەکدا درووستکردبوو بەناوی (مجمع بيت المقـدس السكني)، بەسەر خێزانی چەکدارە توندڕەوەکانی سوریدا دابەش کرد. دوو مانگ دواتر و لە ئاداری ئەمساڵدا، (جمعية العيش بكرامة) لە میدیاکاندا پڕۆژەی درووستکردنی مستەوتەنەیەکی ١٠٠ یەکەی نیشتەجێی لە عەفرین بۆ خێزانی چەکدارە عەرەبە توندڕەوەکانی ڕاگەیاند.

جێگای ئاماژەیە کە جگە لە عەرەبەکانی سوریا، بە هەزاران خانەوادەی فەڵەستینی و عێراقی و تورکستانی لە عەفرین نیشتەجێکراون و دەکرێن. مەترسیدارترین تاوانی فەڵەستینییەکان دەرهەق بە کورد پڕۆژەی نیشتەجێکردنی ٧٥٠ خێزانی فەڵەستینییە لە عەفرین، کە ڕێکخراوێکی فەڵەستینی بەناوی (جمعية الفلاح الخيرية) پێی هەڵدەستێت.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ڕێکخراو و فیرقە جیهادی و ئیخوانییەکانی کوردستان، کە لە میدیاکاندا سەفەربەلکیان بۆ پشتیوانی حەماس ڕاگەیاندووە، ئاگاداری ئەم تاوانەن کە فەڵەستینییەکان لە عەفرین ئەنجامییان داوە و دەدەن؟

ئەگەر لایەنگرانی حەماس، بەتایبەت حزب و گرووپە سیاسییەکانی سەر بە فیرقەی جیهادی و ئیخوانی لەم تاوانەی فەڵەستینییەکان لە عەفرین بێئاگان، ئەوە جارێک خەتایە، خۆ ئەگەر ئاگادارن و ڕەزامەندن بەرانبەر بەو تاوانە، یان بێدەنگن لە ئاستیدا ئەوە هەزار جار خەتایە و دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی.

بۆ ئەوەی کارتەکان تێکەڵ نەکرێن، ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک بانگەشە نییە بۆ ئەوەی هاوسۆزی ئەو موعاناتانە نەبین، کە ئێستا فەڵەستینییەکان بەرەوڕووی بوونەتەوە، بەڵکو بانگەشەیە بۆ هاوسۆزییەکی هاوسەنگ و تەندروست. گەیاندنی پەیامە بە فەڵەستینییەکان کە سەرەڕای ئەوەی هەرگیز لەو تاوان و خیانەتانەتان خۆش نابین، بەڵام وەک مرۆڤ و وەک هاودین هاوسۆزی ئێوەین لەو میحنەتەی ئێستای تێوەی گلاون.

ئارام ڕەفعەت

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...