هه‌واڵ

تەندروستی فەڵەستین: ٩٠٠ کوژراو و ٤ هەزار و ٥٠٠ بریندارمان هەیە

زێدپرێس

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین کوژرانی ٩٠٠ کەس و برینداربوونی چوار هەزار و ٥٠٠ کەس لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ڕادەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە ڕاگەیەنراوێکدا، کە ئاماری قوربانییانی کەرتی غەززە تا دوێنێ سێشەم ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاند، هێرش و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و ئەوەیشی وەک “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” پێناسە کرد.

بەپێی وەزارەتەکە، ئیسرائیل بە چڕی بۆردمانی گەڕەک و ماڵەکانی کەرتی غەززە دەکات، کە بووەتە هۆی وێرانبوونی ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و ئاوارەبوونی خەڵکەکە؛ لەپاڵ داخستنی دەروازەکان و بڕینی ئاو و کارەبا لەسەر کەرتی غەززە.

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٩٠٠ کەس، کە ٢٦٠یان منداڵ و ٢٣٠یان ژنن، جگە لە برینداربوونی چوار هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکە.

وەزارەتەکە دەڵێ، لە ئەنجامی بۆردمانەکاندا، ٢٢ بنەماڵە بە ١٥٠ ئەندامەوە بە تەواوەتی لەناوچوون و هەروەها ٦ کارمەندی تەندروستی گیانیان لەدەستداوە و ١٥ی دیکە برینداربوون.

هاوکات، ٨ ڕۆژنامەوانیش لە کەرتی غەززە گیان لەدەستداوە و ٢٠ی دیکە برینداربوون.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، ئیسرائیل گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی بە ئامانج گرتووە و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.

وەزارەتەکە، باس لەوە دەکات، کە هێرشەکانی ئیسرائیل لەکاتێکدا دێن، کە سیستەمی تەندروستی کەرتی غەززە تووشی کورتهێنانێکی گەورە بووە؛ بەڕێژەی ٤٤٪ی دەرمان، ٣٢٪ی کەرەستەی پزیشکی، ٦٠٪ی تاقیگە و بانکی خوێن و پێداویستییەکانی دی و لەو چوارچێوەیەشدا، بانگی دامەزراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکان دەکات، بەمەبەستی دابینکردنی دەرمان، کەرەستەی پزیشکی و پێداویستییە فریاگوزارییەکان بۆ نەخۆشخانەکان.

دوا بەدوای هێرشێکی توند و کتوپڕی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززەوە بۆ خاکی ئیسرائیل، لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار ئیسرائیلی و برینداربوونی زیاتر لە دوو هەزار کەسی دی، سوپای ئیسرائیل بەتوندی دەستی بە وەڵامدانەوە و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەدا کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...