سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

فەڵەستین بە کوردی

 

لێرەدا دەمەوێت قسە لە سەر ڕەفتار و ستراتیژ بکەم لە هەموو شتێکی تر زیاتر. لەم ڕوەوە ئایا پرسی فەڵەستین چیمان پێدەڵێت وەک کورد؟
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەکەم، کە ئیسڕائیل دروستکرا، لە لایەن بەریتانیاوە، پرسی فەڵەستینییەکان بوو بە ڕێگریی گەورە لە بەردەم بوون و سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیەدا. بە هەمان شێوە کە عێراق لە لایەن ئیستعماری بەریتانییەوە دروستکرا، پرسی کورد بوو بە ڕێگری ئەو پڕۆژەیە. بۆیە چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕێگرییەدا، پرسێکی هاوشێوەیە لە نێوان هەردوو لادا. لە یەکەم دەرکەوتەیدا، پرسی کورد و فەڵەستینییەکان هاوشێوەییەک دروست دەکات بەوەی دەبێت بە پرسی خەڵکێک بەرانبەر دەوڵەت. هاوکێشەی خەڵک و دەوڵەت لە میانەی سیستەمی دەوڵەتیی نێودەوڵەتیدا هاوکێشەیەکی لاسەنگە. دەوڵەت ماف و شەرعیەتی بەکاربردن و قۆرغکردنی توندوتیژیی هەیە، بەڵام خەڵک نیەتی. خەڵک دەبنە تیرۆریست، بەڵام دەوڵەت نابێتە تیرۆریست، ئەگەر پڕا و پڕ تیرۆریستیش بێت. پرسی تیرۆر یانی داماڵینی هەموو مافیک بۆ داخوازیی و داواکاریی. بۆیە ململانێ لەگەڵ دەوڵەتدا هەمیشە لە سەر پێگەی دەوڵەتەکە وەستاوە لە ناو کایەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا. ئەگەر دەوڵەتەکە قبوڵکراوبێت، ئەوا ململانێ لەگەڵیدا سەختە. هەروەها ئەگەر قبوڵنەکراوبێت ئەوا ئاسانترە.

دووەم، ئیسڕائیل ستراتیژی جیاوازی گرتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا. دەکرێت ئەم ستراتیژییانە بکەین بە دوو بەشەوە، ستراتیژ بەرانبەر خەڵک، لەگەڵ ستراتیژ بەرانبەر هێزەکان. سەرەتا قسە لە سەر هێزەکان دەکەین. کاتێک ئیسڕائیل لە شەستەکان و حەفتاکان، لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا دەجەنگا، ئەوان لە بەرەی چەپ بوون. ئەمە بەشێک بوو لە دەرهاوێشتەی دۆخی سیستەمی جیهانی ئەو سەردەمە. لە شەست و حەوت ئیسڕائیل بوو بە جێگای بایەخی ئەمریکا، چونکە دەرکەوت کە هێزێکی کاریگەرە و دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە. ئەمریکا لە سەرەتادا دۆستی ئیسڕائیل نەبوو.

 

لە سیستەمی دەوڵەتیی نێودەوڵەتیدا، دەوڵەت ماف و شەرعیەتی بەکاربردن و قۆرغکردنی توندوتیژیی هەیە، بەڵام خەڵک نیەتی. خەڵک دەبنە تیرۆریست، بەڵام دەوڵەت نابێتە تیرۆریست، ئەگەر پڕا و پڕ تیرۆریستیش بێت

 

ئەمە دەرخەری پەیوەندی نێوان هێزی ناوخۆیی و زلهێزە. ڕۆڵی زلهێز لە دروستکردن و ئیدارەدان و هەندێکجار کۆتایی هێنانی پرسی کورد لە باشور لای کەس نهێنی نییە. هێشتنەوە و درێژەپێدانی ئەو پەیوەندییە زۆر ئاڵۆزە، ئیسڕائیلییەکان لە چەندین ئاستدا کاری لە سەر دەکەن، ئاستی کاریگەریی بوون لە ناوچەکە، ئاستی دیموکراسی بوون (هەرچەندە ئێستا دیموکراسیەتی ئیسڕائیلی نیشانەی پرسیاری لە سەرە، بەڵام بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری چەندین دەیە لە پێشە)، بە لۆبیی کردن، بە بوونی توانای زانستی و ئابووریی، بە بوونی ناوەندی توێژینەوە، بە بوونی میدیای زەبەلاح و چیرۆک و بیرمەند و زۆر زۆری تر.

کورد لە بەر دوو هۆکار توانای نەبووە هیچ کام لەم هەنگاوانە بنێت، یەکەم، خەڵکەکەی بێئاگایە و دووەم، نوخبەکەی تەنیا بەرژەوەندی خۆی لا مەبەستە. خەڵکی کورد حەزی لە ناوی بێناوەڕۆکە، وەک، بڕوانامەی بێ مەعریفە، پۆستی بێکار، ڕۆشنبیریی جنێوفرۆش. بەم ڕەفتار و ئاگاییە ساویلکانە ناتوانرێت کاریگەریی لە دنیادا دروست بکرێت.

ئەمە لە کاتێکدا زلهێزێکی وەک ئەمریکا ئەوەی بۆ کوردی کردووە، مەگەر بۆ ئیسڕائیلی کردبێت، لە پاراستن و پشتیوانی و گۆڕینی عێراق و نووسینی دەستور و تەنانەت مووچە بە چەکدارەکانیشی. بەڵام کورد ناتوانێت سوودمەندی ستراتیژیانەی ئەم هاوکارییانە بێت، چونکە بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار زۆر تەبا نییە لەگەڵیدا و خەڵکی کوردیش نازانێت چ باسە.

 

ئەوەی ئەمریکا بۆ کوردی کردووە، مەگەر بۆ ئیسڕائیلی کردبێت، بەڵام کورد ناتوانێت سوودمەندی ستراتیژییانەی ئەم هاوکارییانە بێت، چونکە بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار زۆر تەبا نییە لەگەڵیدا و خەڵکی کوردیش نازانێت چ باسە

 

سێیەم، ئیسڕائیل لە مامەڵەی لەگەڵ هێزە فەڵەستینییەکاندا، کاتێک کە چەپ بوون، بە دوای ئەوەدا دەگەڕا کە چۆن ڕکەبەرێکیان بۆ دروست بکات. بۆیە بۆ ماوەی بیست ساڵ هاوکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی شێخ یاسین بوو لە پێناو دروستکردنی حەماس. دروستکردنی حەماس لە لایەن ئیسڕائیلەوە لای کەس نهێنی نییە. ئامانجی ئیسڕائیلییەکان دروستکردنی نەیاریی و شەڕی ناوخۆ و پەرتبوونی فەڵەستینییەکان بوو، بە جۆرێک بە خۆیانەوە خەریک بن، نەک ئیسڕائیل.

ئەم ستراتیژەی ئیسڕائیل هاوشێوەی مامەڵەی هێزەکانی ترە لەگەڵ کورددا. شەڕی ناوخۆی کورد لە چەندین لاوە ئیدارە دەدرێت، بە کاراکتەری کوردی خۆی بەڕێوەدەبردرێت. هێزە کوردییە جیاوازەکان بە ئاگایی و بێئاگایی بەشدارن لە هێشتنەوە و درێژەپێدانی شەڕی ناوخۆ، [بۆ نمونە یەک هێزی سیاسی کوردی نییە، لە دەرەوەی زمان و عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆوە قسە بکات]. لە میانەی ململانێی وەهادا خواست و داواکاریی گرووپ و هێزەکان باڵا دەبێت نەک خەڵک و نیشتمان. ئیسڕائیل بە گرتنەبەری سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، یان پەرتبکە و بە شەڕیان بدە و ئیدارەیان بدە، توانای فەڵەستینییەکان بەرەو نەمان ببات و ڕووبەڕووی بژاردەی مردن بکاتەوە لە پێناوە مانەوە.

 

ئامانجی ئیسڕائیلییەکان لە دروستکردنی حەماس، دروستکردنی نەیاریی و شەڕی ناوخۆ و پەرتبوونی فەڵەستینییەکان بوو، بە جۆرێک بە خۆیانەوە خەریک بن، نەک ئیسڕائیل

 

چوارەم، گەندەڵیی نوخبەی دەسەڵاتداری فەڵەستینی و کوردی بە چەندین شێواز پرسی ئەم خەڵکانەیان لاواز کردووە. گەندەڵی نوخبە مانای تەنیا ئەوە نییە کە داهاتی خەڵکی دەدزرێت، بەڵکو کۆمەڵێک کاریگەری کوشندەی هەیە، لەوانە گۆڕینی پرسی خەڵکێک بۆ پرسی کەڵەکەکردنی سامان، هەروەها نەمانی سەنگ لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. لاوازبوون لە بەرانبەر خەڵکدا کە دەبێتە مایەی گەندەڵی زیاتر، چونکە کاتێک هێزێک کە بە ڕەوایی پرسەکەی پشتیوانی ناکرێت ئەوا پێویستی بە سامانە بۆ ڕاکێشانی خەڵک. بۆ نمونە هەموومان دەزانین کە لە کوردستان دەنگدان کردەیەکی ئابوورییە، نەک سیاسی یان نیشتمانی یان خەمخۆریی. بە ئابوورییکردنی دەنگدان یان دیموکراسی یانی کردنی گەندەڵی بە کردەیەکی ناوازەوە بۆ سیستەم.

پێنجەم، لە مامەڵە لەگەڵ خەڵکدا، ئیسڕائیل هەمیشە چەند ستراتیژێکی هەبووە. کوشتن، ترساندن، ڕەوکردن، هەموو لە میانەی ئەم ستراتیژانەدا بوون، لە پێناو چۆڵکردنی فەڵەستین و جێگیرکردنی ئیسڕائیلی. ئێستا یەکێک لەو بژاردانەی کە بەردەوام باسی لێوە دەکرێت گواستنەوەی سەرجەم خەڵکی غەززەیە بۆ دەرەوەی فەڵەستین. لە پاش هێرشەکانی حەماس، ئەم بژاردەیە زیاتر برەوی پەیداکردووە، بە جۆرێک خەریکە لە پلانێکی توندڕەوەوە دەکرێت بە بژاردە. سەرۆکی میسر بە ڕاشکاوانە دژ بەم هەوڵە بوو. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سیسی دژ بە هەوڵی گواستنەوەکە نییە، بەڵکو دژ بە گواستنەوەیانە بۆ سینا، بەڵکو ئەو بیابانی نەقەبی پێ باشە. بە هەمانشێوە عێراق بەردەوام لە هەوڵی جێگۆڕکێ و جینۆساید و گۆڕینی دانیشتوانی عێراقە لە نێویاندا کورد، لە پێناو گونجاندنی لەگەڵ خواست و بەرژەوەندی حوکمداراندا.

 

حەماس هێزێکی ئیخوانییە، بەڵام لە ناو کایەی جیوپۆلەتیکی ئێرانیدایە. بەمجۆرە قەتەر و تورکیا و ئێران وەک کارتێک بە کاری دەبەن

 

شەشەم، لە دەستدانی پرسەکە. حەماس هێزێکی ئیخوانییە، بەڵام لە ناو کایەی جیوپۆلەتیکی ئێرانیدایە. بەمجۆرە قەتەر و تورکیا و ئێران وەک کارتێک بە کاری دەبەن. ئەمە دەرئەنجامێکە هیچ هێزێک ناتوانێت لێی دەربازبێت. ئەم یارییە زۆر ئاڵۆزە، هەمیشە دەربڕینە فۆکۆییەکەم بیردەخاتەوە، کۆندەکت ئۆف کۆندەکت کە یانی بەکاربردنی ئەوەی هەیە. بە مانایەکی تر، فەڵەستین کێشەی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە، کورد کێشەی هەیە، بەڵام ئەم کێشەیە لە کایەی ململانێکانی تر بەکاردەبرێت. ئەمە گرێکوێرەی پەیوەندی کورد و ئەوانیتر بووە. ئێرانییەکان دەڵێن، شەڕ لە غەززە و عەدەن و دیمەشق و مووسڵ دەکەن بۆ ئەوەی لە ناو ئێراندا نەیکەن. بەکاربردن و بە سووک سەیرکردنی ژیان و ژیاری ئەو خەڵکانەیە.

 

-ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی بڵاوکراوەتەوە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...