سیاسیشرۆڤه‌

بۆچی حەماس ئەو هێرشەی ئەنجامدا؟

 

وا دەردەکەوێت کە حەماس و ئێران و حیزبوڵا چاوەڕوانی ئەو وەڵامە توند و فرەوان و وێرانکەرەی ئيسڕائيليان نەدەکرد بۆ سەر غەززە. چەند هۆکارێکی گرنگ هەیە لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکەی حەماس دژ بە ئيسڕائيل:
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

١. چەند ساڵێکە ئیسڕائیل لەناوخۆدا کێشەی سياسی گەورەی هەیە. هاوکات لەگەڵ کێشە ئابوورييەکان. حەماس پێی وابوو ئیسڕائیل لە ڕووی سياسی و ئابوورييەوە، ئامادەیە تەنيا وەک جارەکانی پێشوو وەڵام بداتەوە، نەک زۆر بەهێزتر و توندتر و فرەوانتر.

٢. حەماس کەرتی غەززە بەڕێوە دەبات. کە ژیان تيايدا لە نزمترين و خەراپترين ئاستە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سياسی و خزمەتگوزاری و شەفافيەت و ئازادی و ئيدارييەوە. بۆ بەدەستهێنانی شەرعيەتی سياسی لە غەززە، تەنيا پشت بەو جۆرە هێرشانە دەبەستێت. چونکە گوزەران لە کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستین کە بەشێکی لە لایەن فەتح و دەسەڵاتی فەڵەستینيیەوە حوکم دەکرێت، باشترە لە هیی کەرتی غەززە. شەرعيەتی مقاوەمە و جيهاد و بە سەربازیکردنی غەززە، تاکە ئامرازی حەماسە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.

٣. خەريکبوونی ئەمريکا بە جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا و پرسی چين، هەروەها ئەو بۆچوونەی کە باوە و پێی وایە کە ئەمريکا ساڵانێکە هەوڵدەدات خۆی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەم ناوچەیەوە خەريک نەکات، هۆکارێکە کە وای لە حەماس کرد وابزانێت ئەمريکا هەوڵدەدات فشار لەسەر ئیسڕائیل بکات، کە جەنگ ڕانەگەيەنێت و وەڵامێکی سنوردار بداتەوە. چونکە زۆرێک لە فەڵەستینييەکان پێيان وایە بەبێ گڵۆپی سەوز و پشتگيری ئەمريکا، ئیسڕائیل یەک لایەنە ناچێتە جەنگەوە. بەڵام ئەمريکا نەک پشتگيرييەکی ئاسایی، بەڵکو جوڵەی بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگری خۆی کرد بەرەو دەريای ناوەڕاست. هەر چەند ئەو جوڵە گەورەیە هۆکاری تريشی هەیە، نەک تەنيا جەنگەکەی ئیسڕائیل، چونکە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆش بەشداری جەنگەکە بکات، ئەوا پێويست بە سێ کەشتی فڕۆکەهەڵگر ناکات بجوڵێنرێنەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە چوارچێوەی ململانێی ئەمريکا و چين، دووبارە بایەخێکی تايبەتی بۆ دروستبووە لای ئەمريکا.

٤. دەنگۆیەک هەیە کە پێی وایە سەرەتا پلانەکە ئەوە بووە، کە لەگەڵ هێرشەکەی حەماس، حيزبوڵاش هێرش بکات. یاخود بەشداری جەنگەکە بکات، ئەگەر ئیسڕائیل جەنگی ڕاگەياند، بەڵام دەگوترێت فشارەکانی لایەنەکانی تری لوبنان وای کرد حيزبوڵا پەشيمان ببێتەوە و بترسێت لەو پلانە. ميدياکارێکی نزيک لە حيزبوڵا لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی ئەگەر بە تەواوی بەشداری جەنگەکە بکەين و ئەگەر ئیسڕائیل هاوشێوەی غەززە بەيروت و شارەکانی لوبنان کاول بکات، ئەوا لوبنان پێويستی بە ٣٠ مليار دۆلار دەبێت دوای جەنگەکە، کە لە دۆخی سياسی و ئابووری ئێستای لوبنان، دابينکردنی ئەو بڕە پارەیە مەحاڵە. لە ڕووی ميدياییەوە هەندێک کێشە و ناکۆکی و گلەیی لە نێوان حەماس و حيزبوڵا سەریهەڵدا، واديارە ئێران کپی کرد. بەپێی ئەم خاڵە، حەماس پێي وابوو ئەگەر حيزبوڵاش بەرەیەکی شەڕ بکاتەوە، ئەوا ئیسڕائیل لەبری کاردانەوەی توند، هەوڵدەدات شەڕەکە کۆتایی پێبهێنیت.

٥. دەستبەسەرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ديلی ئیسڕائیل و گواستنەوەیان بۆ غەززە، یەکێک بوو لە کارتەکانی حەماس بۆ ڕێگرتن لە وەڵامێکی توندی ئیسڕائیل. بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەو کارتە سووتاوە. هەر بۆیە دوو ڕۆژ پێش ئێستا حەماس ڕايگەياند ديلەکانی ئیسڕائیل ئازاد دەکەن بەرانبەر بە ئازادکردنی ديلە فەڵەستینييەکانی لای ئیسڕائیل. کەواتە حەماس بۆی دەرکەوت پرسی ديلەکان کارتێکی کارا نييە بۆ وەستاندنی هێرشەکەی ئیسڕائیل.

٦. ڕۆڵی ئێران گرنگە لەبەرچاوبگيرێت. لەسەر بنەمای خاڵەکانی سەرەوە، ئێرانيش ويستی گورزێک لە ئیسڕائیل بدات، لە بەرانبەر ئەو هەموو گورزەی ئیسڕائیل لە سووريا لە ئێرانی دەدات. پرسی ئاساییکردنەوەی پەيوەندييەکانی سعوودييە و ئیسڕائیل دەکرێت وەک هۆکارێکی لاوەکی بێت، چونکە سعودييە و ئێسرائيل ئێستاش نەبێت، ساڵێک یا دووانی تر پەيوەندييەکانيان بە فەرمی ئاسایی دەکەنەوە. ساڵانێکە لە ڕووی واقعييەوە پەيوەندييەکانيان ئاسایيە، تەنيا ئەوە ماوە بە فەرمی و ئاشکرا و فرەوان بکرێت. لەگەڵ چەندين هۆکاری دیکەی پەيوەنديدار بە ئێرانەوە.

٧. حەماس چاوەڕوانی ئەم هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەی نەدەکرد لە لایەن ئێران و حيزبوڵا و تەنانەت تورکياشەوە. تا ئەمڕۆ کە غەززە بەشێکی زۆری کاول کراوە، سەدان هەزار فەڵەستینی بێماڵ  و حاڵ بوونە، حيزبوڵا ڕۆژانە چەند موشەکێکی سادە و بێکاريگەر ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەکات، تەنيا بۆ ئەوەی بڵێت ئێمەش هاوخەمی غەززەين، کە سەد ساڵی تريش ئەو جۆرە هێرشەی حيزبوڵا بەردەوام بێت، کاريگەری نابێت لەسەر جەنگەکە. ئێران لەولاوە لە ڕێگەی ميليشياکانيەوە چەند هێرشێکی ناسک و بێزيانيان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمريکا، لە ڕووی فەرميشەوە ئێران وەک ڕێکخراوە مەدەنييە نێودەوڵەتييەکان داوای ڕاگرتنی جەنگەکە دەکات. ئەردۆگان چەند شيعرێکی بەهێزی دژ بە ئیسڕائیل خوێندەوە لە ئەستەنبول! قەتەريش بە فەرمی بێلایەنە و تەنيا کەناڵی ئەلجەزيرەی خستووەتە کار دژ بە ئیسڕائیل، کە ئەوەش ئەوەندەی زیانی بۆ فەڵەستینييەکان هەیە، زیانی بۆ ئیسڕائیل نييە. حەماس و ئەلجەزيرە یەکەم ڕۆژی جەنگەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە ئیسڕائیل هەيبەتی شکا و ئيتر ئەمە سەرەتای کۆتایی هاتنی ئیسڕائیلە، بەڵام دەرکەوت ئەو هێرشەی حەماس کە بووە هۆکاری ئەم وەڵامەی ئیسڕائیل، وێنەی ئیسڕائیلی زۆر تۆقێنەر و ترسناکتر کرد. ئەو هەڵوێستە لاواز و ترسە گەورەیەی ئێران و گرووپەکانی سەر بە ئێران بەڵگەن، کە چەند ترساون لەوەی غەززە لە وڵاتەکانی ئەوانيش دووبارە ببێتەوە.

پرسياری گرنگ ئەوەیە ئایا ئیسڕائیل ئەگەر هەموو غەززەشی کۆنتڕۆڵ کرد، دوای ئەوە چی دەکات؟ لە دەرەفەتێکی تر لەسەر ئەو پرسيارە دەنووسم.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...