شرۆڤه‌

ڕەهەندەکانی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس

کارۆخ خۆشناو – شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

 

وەک دەزانین پەیوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا، بە دیاریکراویش لەنێوان ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی. لەسەر ئەم بنەمایە و لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی فەڕەنسا، ڕۆژی هەینی، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، لە کۆشکی ئێلیزێ میوانداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد.

لەو دیدارە مێژووییەدا چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و ئابووری و سەربازی تاوتوێ کران، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە هەستیارەی کە ناوچەکە و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجام دەدرێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێکی قووڵدا تێپەڕدەبێت، بۆیە سەردانەکە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت بە تایبەت لە بوارەکانی (سیاسی، دیپلۆماسی، ئاسایش، ئابووری و کەلتووری) کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.

 

یەکەم: ڕەهەندی سیاسی و دیپلۆماسی

کۆماری فەڕەنسا وەک وڵاتێکی زلهێزی ئەوروپی و جیهانی، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەن مافی ڤیتۆیە، ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەیە، بۆیە برەودان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەڕەنسا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ئێستا ڕووی لە ناوچەکە کردووە. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پارێزراو بێت و بتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، گرنگە برەو بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی بدات لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی و فەڕەنسا بەتایبەتی، چونکە فەڕەنسا لە ڕابردوودا (هاوشان لەگەڵ بەریتانیا) ئەندازیار و دیزاینەری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، هەروەها دەسپێشخەر بووە لە دەرکردنی بڕیاری دژە فڕینی ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایش و دابینکردنی نەوای ئارام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆیە لە ئێستا و داهاتووشدا فەڕەنسا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە فەڕەنسا لە بەرنامەیدا بوو، لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە بەغدا سێیەمین لووتکەی هەرێمیی ساز بکات، بەڵام بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە. بۆیە دەتوانین بڵێین کە بێجگە لە پەیامە ئاشکراکان، پێدەچێت پرسی دیکەش هەبن کە ئیمانوێل ماکرۆن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا باسی بکات، کە تایبەت بن بە دۆخی عێراق و هەڵوێستی عێراق لەم دۆخە ناسکەدا، ئەمە دواتر بە تێپەڕبوونی کات ڕووندەبێتەوە کە ماکرۆن دەیەوێت چ پەیامێک بگەیێنێت بە لایەنە عێراقییەکان.

 

دووەم: ڕەهەندی سەربازی و ئاسایش

هاوکارییەکانی فەڕەنسا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر، ڕۆڵی بەرچاویان گێڕا لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە داهاتووشدا فەڕەنسا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، چونکە فەڕەنسا لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆدا بەردەوام دەبێت لە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لەم ڕوانگەیەشەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی فەڕەنسا لە پاریس کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی پەیوەست بەم بوارە، هەڵبەتە ئەمە جگە لەو دۆخەی ئێستا ناوچەکە و عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، بە تایبەت لە ئەگەری فرەوانبوونی بەرەکانی جەنگی غەززە، ئەوا عێراق و هەرێمی کوردستان دەبنە یەکێک لەو بەرانە، لە گفتوگۆکانی سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بە دڵنیاییەوە ئەمەش تەوەرێک بووە بۆ هەماهەنگی ئەمنی زیاتر لە نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان، وەک خۆبەدوورگرتن لە مەترسییە هەرێمییەکانی ئەم جەنگە.

 

سێیەم: ڕەهەندی مێژوویی

قووڵایی مێژوویی هەروەک قووڵایی ستراتیژیی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەکتەرەکان کاردەکات، بەم واتایە کە ئەو کاتەی لەنێوان دوو ئەکتەر و لایەن سنووری جوگرافیایی بوونی نییە، ئەوە ئەزموونی ڕابردوو و مێژووی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش هەمان کاری قووڵایی ستراتیژیی دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی تایبەت هەیە، کە بنەمای پەیوەندییەکی تایبەت و درێژخایەن دادەڕێژێت.

لە هەناوی ئەم پەیوەندییە مێژووییەدا چەندین سیاسی و کەسایەتی تایبەت هەیە، وەک دانیال میتران و ئەوانی دیکە. هەروەها فەڕەنسا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆر زوو کونسڵخانەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و پەرەی بە پەیوەندییەکانی داوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە لە کاتی سەختی و تەنگ و چەڵەمەدا، فەڕەنسا یەکێک بێت لەو وڵاتانەی کە لە ئەوانی دیکە خێراتر بەدەم کێشەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت. ئەگەر زۆر نەچینە ناو ڕووداوەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣، سەردانی ئاستبەرزی بەرپرسانی فەڕەنسا وەکو سەرۆککۆمارەکانی فەڕەنسا و وەزیرانی دەرەوە و بەرپرسە باڵا سەربازی و بەرگرییەکانیان بۆ هەولێر و لەبەرانبەردا پێشوازی لە سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و پاشان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قووڵایی مێژوویی ئەو پەیوەندییانە دەردەخات، کە بە گۆڕینی سەرۆکەکانی لە فەڕەنسا و بەپێچەوانەکەشی لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیوەندییانە هەر بەردەوام و بەهێزن.

 

چوارەم: ڕەهەندی ئابووری و وزە

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە فەڕەنسا لەرێی دەریای سپی ناوەڕاست و پاشان لوبنان و سووریا و عێراق دەگاتە کەنداو و بەپێچەوانەکەشی هەر راستە، بۆیە بۆ فەرەنسییەکان لوبنان و سووریا و عێراق پێگەی ستراتیژییان هەیە و لەم نێوەندەشدا ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە فەڕەنسا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە فرەوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی سێکتەری ئابووری و وزە، بۆیە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی فەڕەنسا (تۆتاڵ) وەبەرهێنان لە سێکتەری وزەی عێراقدا دەکات بە بڕی ٢٧ ملیار دۆلار، ئەمەش بەڵگەی گرنگی پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی ناوچەکە و جیهان.

شایانی باسە کە زیاتر لە ٣٥ کۆمپانیای فەڕەنسی لە کوردستان وەبەرهێنان دەکەن. فەڕەنسا نایەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان بکەونە بەر مەترسییەکانی ئەم شەڕە، هەر بۆیە بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی نەکەوێتە نێو ئەو جەنگ و ئاڵۆزییانە کە زیانی بۆ ئاسایش و بەرژەوەندی فەڕەنسییەکان هەبێت و لەم نێوەندەشدا ئارامی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسییەکان زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر پرسە ئابوورییەکان و بەتایبەتی ئاسایشی وزە بۆ ئەوروپییەکان دەبێت.

فەڕەنسا هەم پێویستی بە شوێنی سەقامگیر و ئارام هەیە و هەمیش هاوبەشی جێگەی متمانە و باوەڕپێکراو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی. لە هەر دوو ڕەهەند و بواریشدا هەرێمی کوردستان بۆ فەڕەنسییەکان ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت.

 

پێنجەم: ڕەهەندی کەلتووری و پێکەوەژیان

فەڕەنسا گرنگییەکی تایبەت بە پێگەی پێکەوەژیان دەدات لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم پێگەیە کەموێنەیە لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. ئەم بەها هاوبەشە هۆکارێکە بۆ پاراستنی کەمینەکان و ڕێگرتنیان لەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن.

لەلایەکی تریشەوە، بەهاکانی وەک مافی مرۆڤ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، فرەیی یاخود پلۆرالیزم و عەلمانییەت و… هتد، ئەو نۆڕم و بەهایانەن کە فەڕەنسا خۆی بە لانکەی دەزانێت و بەم پێیەش پابەندە بە جێبەجێکردنیان و تەنانەت دەیەوێت لە سیاسەتی دەرەوەشدا دەستیان پێوەبگرێت، هەر بۆیە ئەمە دەرفەتێکی ڕەخساندووە بۆ هەرێمی کوردستان کە لەم بوار و ڕەهەندەشەوە ڕایەڵەیەکی پەیوەندی لەگەڵ فەڕەنسا دروست بکات و پێچەوانەکەشی بۆ فەڕەنساش گرنگە کە لەسەر ئەو بنەمایانە هاوبەشی و پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکان هەبێت و لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، تاڕادەیەکی زۆر هەوڵیداوە لە ئاستی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی ئەم بەهایانە بپارێزێت، بۆ نیشاندانی ئەزموونێکی جیاواز و تەنانەت بە ناڕاستەوخۆ گرێدانی خۆی بە فەڕەنسا و جیهانی ڕۆژئاوایی.

هەر بۆیە بۆ فەڕەنسییەکان زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەموو تێبینی یاخود ڕەخنەکان هەڵگر و پارێزەری ئەم بەها و نۆڕمانە بێت. لەم پەیوەندییەشدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە کەسایەتییەک دەناسرێت کە بەردەوام لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەدا گرنگی بەم بەها مۆدێرنانە داوە و لەم ڕێگەیەوە بە سەرکردەییەکی جێگەی متمانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەناسرێت و هەر ئەمەش بە بەشێک لە نهێنی پێشوازی ئاستبەرز لە نێچیرڤان بارزانی و گوێگرتن لە ڕا و پێشنیاز و ڕێزلێنان لە گوتاری بەڕێزیان لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان، دادەنرێت.

لە ڕوانگەیەکی ترەوە، ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆن سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت سەبارەت بە پرسی هەنووکەیی ئێستای ناوچەکە کە جەنگی حەماس ئیسڕائیلە، لە ڕێگەی دیالۆگ و بە ڕێگەی ئاشتییانە و هەروەها دەستەبەرکردن و ڕێزگرتن لە مافی چارەنووسی فەڵەستینییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەگەڵ ئیسڕائیلییەکان هەر یەک شتن و ئەم وێکچوونە هزری و پابەندبوونە بەهاییە وای کردووە کە لە ڕووی سیاسییشەوە هەمان ێوانگەیان هەبێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی عێراق و ناوچەکە.

ئەم سەردانە ئەڵقەیەکە لە هەوڵێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهاندا، بە مەبەستی پاراستن و بەرەوپێشبردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا. بە تایبەت دوای ئەو هەموو گەمارۆ ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسییانەی کە عێراق بەسەر هەرێمی کوردستانیدا سەپاندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بە تایبەت کاراکتەری نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی بەردەوامی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان بدات لە سەردەمی قەیرانەکانیشدا.

پێدەچێت و پێشبینی دەکرێت، لێکەوتەکانی ئەم سەردانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەبێت و لە هەمانکاتیشدا پەیامێکی دڵنیایی بێت بۆ لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان کە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە ئاستی سیستمی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە مانەوە و بەهێزبوونی دەکرێت، چونکە ئەم جووڵە دیپلۆماسییە دەریخست کە بەپێچەوانەی بانگەشەی هەندێک لایەنی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان هێشتا بەشێکە لە ئەجێندا و پلانی هەرێمایەتی زلهێزەکان لە چوارچێوەی عێراق و ناوچەکەدا.

هەر ئەمەش دەتوانێت لە ئاستی عێراقدا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیش جۆرە سەقامگیری و دڵنیاییەک لەلای هاووڵاتییان دروست بکات و تەنانەت پەیامێکی دیپلۆماسی بێت بۆ دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان کە ئاسایش و سەقامگیری ئەو دەوڵەتانە پەیوەستە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. لە ڕووی ئابووریشەوە ئەم سەردان و پێشوازییە کاریگەری ئەرێنی لەسەر کار و وەبەرهێنان و پلانی کۆمپانیا فەڕەنسی و ڕۆژئاواییەکان دەبێت، کە بۆ هەرێمی کوردستان پاش بڕیاری دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەتوانێت گرنگی و واتای تایبەتی هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...