سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

هەڵوەشانەوەی حەلبووسی

 

زوو هات و زوو چوو. محەمەد ڕێکان حەلبووسی کە کەربوولییەکان هێنایان، لە دایکبووی سەرەتای هەشتاکانە. کاتێک جەمال کەربوولی پێشنیازی کرد بۆ گرووپێک لە ڕاوێژکاران لە عەممان، یەکێک لە ڕاوێژکاران دژی وەستایەوە بەوەی لاوە، تموحی زۆرە و خەڵکی ئەنبارە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

حەلبووسی لە بنەماڵەیەکی بەعسی هاتووەتە دنیاوە، باوکی لە کۆشکی دیکتاتۆری پێشووی عێراق بەڕێوەبەری گشتی بوو. هەڵکشانی جێگای سەرنج بوو بەوەی لە نەوەی سێیەمی سووننەکانی پاش سەدامە. کاتێک حەلبووسی پاش بڕیاری دادگای باڵا بە دوورخستنەوەی ماڵئاوایی لە پەرلەمان کرد، لە وتارە کورتەکەیدا ئەم دیدە بە ڕوونی دیاربوو. ئەو باسی لەوە کرد کە ئەو لە پێکهاتەیەکە کە نەیدەویست بەشداری پڕۆسەی سیاسی بکات، بەڵام ئەوان هێنایان بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی.

ئەمەشە کە چاودێران حەلبووسی بە پراگماتیست ناو دەبەن. ئەوە بەو مانایە دێت کۆتایی بە خەونی سووننە بۆ حوکمی عێراق و داننان بە حوکمی شیعە و بەشدارییکردن لەگەڵیاندا. ئەم وەرچەرخانە وەهای لێکرد کە قاسم سولەیمانی موبارەکەی بکات، کاتێک یەزنی کوڕی مەشعان جبوری حەلبووسی برد بۆ لای ئەو.

 

حەلبووسی سیاسییەکی خاوەن ڕوانگە نەبوو، بەڵکو وەک زۆرێکی تر، فێری یارییەکە بوو یان ڕێسای یارییەکەی بەباشی پیادە دەکرد. حەلبووسی پارەی وەردەگرت و پارەی دەدا

 

هەڵکشان و داکشانی حەلبووسی زۆر شتمان دەربارەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیقلیمی ئەمڕۆی عێراق پێدەڵێت. حەلبووسی کەسێکی لێهاتوو و سیاسییەکی خاوەن ڕوانگە نەبوو، بەڵکو وەک زۆرێکی تر لە عێراق، فێری یارییەکە بوو بوو. یان ڕێسای یارییەکەی بە باشی پیادە دەکرد. حەلبووسی پارەی وەردەگرت یان بە دەست دەهێنا و پارەی دەدا. بردن و دابەشکردن بەشێکی کۆنی کەلتووری کۆمەڵاتی و سیاسی ناوچەکەیە.

ئەگەر بەوردی تەماشای ڕەفتارەکانی پاش بڕیاری دادگا بکەیت، دەبینیت چەند خەسڵەتێک تیایدا زەق دەبێتەوە کە زۆر شتمان دەربارەی سیاسییەکانی ئەمڕۆی عێراق پێدەڵێت. دیاردەیەک هەیە لە ئەمڕۆی عێراقدا ئەویش ناوی دیاردەی موقتەدا سەدرە. سەدر ئەو کەسایەتییە سیاسییەیە کە هەموو سیاسییەکی تری عێراقی ئیرەیی پێدەبات و هەوڵ دەدات لاسایی زۆر خەسڵەتی بکاتەوە، بەتایبەتی لە بوونی جەماوەرێکی موتیع و ملکەچ هەتا ئاستی پەرستن. کاتێک حەلبووسی داوای کرد کە ئەندامەکانی لە پەرلەمان و حکوومەت دەست بکێشنەوە، هەوڵێک بوو بۆ دەرخەری ئەوەی کە ئەندام پەرلەمان و وەزیرەکان موتیعی ئەون وەک ئەندامەکانی سەدر. بەڵام بوون بە سەدر مەحاڵە، لە بەر هۆکاری زۆر و ئاڵۆز، کە پەیوەندی بە بنەماڵەی سەدری و ئایینی شیعە و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی شوێنکەوتووانی سەدر کە زۆربەیان هەژارانی شیعەن لەگەڵ بوونی هێزی چەکداری دڕ. بۆیە سەدر لە سەرووی یاسا و دادگا و حکوومەت و هەموو شتێکەوەیە.

هەوڵێکی تری حەلبووسی بۆ بە سەدربوون واژۆکردنی کاغەزی سپی بوو بە ئەندامەکانی. پاڵنەری ئەم واژۆیە سەپاندنی دەسەڵاتییەتی بە سەر ئەندامەکانیدا، بە تایبەتی کە توانای میلیشیایی و جەماوەری چەسپیو و ڕەهەندی ئایینی نییە، بەڵام یارییەکەی لە خۆی گەورەتر بوو، بۆیە خزایە تەڵەکەوە.

 

ڕێسایەک هەیە کە دەبێت هەمووان لێی بەئاگابن؛ هەندێک دەتوانن هەڵە و خەتا بکەن، هەندێکی تر ناتوانن. حەلبووسی وەهای لە خۆی دەڕوانی کە گەشتووەتە پلەی ئەوانەی کە دەتوانێت هەڵە بکات و باجەکەی نەدات، بەڵام هەڵە بوو

 

حەلبووسی لە هەوڵی بۆ چەسپاندنی خۆی زەمینەی ڕووخانی خۆی بونیادنا. ئەمە تەنیا خەتای خۆی نەبوو. هەرچەندە بە هەموو پێوەرێکی یاسایی حەلبووسی کەسێکی تاوانبارە، بەڵام لە هەناو یاریگا بێمۆڕاڵەکەی سیاسەتی عێراقی هەنگاوەکانی زۆر ئاسایی بوون. بەشی زۆری سیاسییەکانی عێراق نەک تەنیا سامانی وڵات دەبەن، بەڵکو بکوژی دەیان و سەدان کەسی بێتاوان یان خۆپیشاندەرن. بۆیە پێوەری هەڵە و چەوتی لە هەناو کایەی سیاسەتی عێراقیدا جیاوازە. بەڵام سەرباری ئەمە ڕێسایەک هەیە کە دەبێت هەمووان لێی بەئاگابن؛ هەندێک دەتوانن هەڵە و خەتا بکەن، هەندێکی تر ناتوانن. حەلبووسی وەهای لە خۆی دەڕوانی کە گەشتووەتە پلەی ئەوانەی کە دەتوانێت هەڵە بکات و باجەکەی نەدات. بەڵام هەڵە بوو. سەرباری ئەمە حەلبووسی دەرخەری کۆمەڵێک خەسڵەتی تری تایبەتی کایەی سیاسی ئەمڕۆی عێراقە، لە خوارەوە بە کورتی ئاماژە بە هەندێکیان دەدەم.

یەکەم، کایەی سیاسی عێراقی بوونی نییە، بەڵکو کایەی سیاسی کوردی و سووننی و شیعی تەواو جیاوازن. هەریەک لەم کایانە لە ژێر کاریگەری مێژوو و نەریت و بەها و کەلتوور و دنیابینی و هێزی هەرێمی و یادەوەری و کینە و بوخزی تایبەتی خۆیەتی. حەلبووسی لە ناو کایەی سووننییەوە هات. بە تایبەتی لە نەوەی سێیەم، ئەوانەی کە چیدی هەڵگری یۆتۆپیاکانی پان-عەرەبیزم و پان-ئیسلامیزم نین، هەروەها هەڵگری وەهمی خاوەندارێتی عێراقیش نین. بەڵکو وەک لە خیتابیدا بەردەوام جەختی لێدەکاتەوە هەڵگری خەونی پارێزگاییە.

 

سەرۆکی پەرلەمانەکانی پێشووی سووننە هەریەک لە پارێزگایەکی جیاوازبوون. ئایا ئەم دابەشکردنە ڕێککەوتە یان پلان بۆ داڕێژراوە، بەڵام ئەوەی نهێنی نییە، شوناسی سووننیی، لە هەمانکاتدا شوناسێکی پارێزگاییشە

 

حەلبووسی لە پارێزگای ئەنبارە، سەرۆکی پەرلەمانەکانی پێشووی سووننە هەریەکە و لە پارێزگایەکی جیاوازبوون. مەشهەدانی خەڵکی بەغدایە. سەلیم جبوری خەڵکی شارەبانە، ئەیاد خەڵکی سامەڕایە، نوجەیفی خەڵکی مووسڵ. ئایا ئەم دابەشکردنە ڕێککەوتە یان پلان بۆ داڕێژراوە، بەڵام ئەوەی نهێنی نییە، کە شوناسی سووننیی، لە هەمانکاتدا شوناسێکی پارێزگاییشە یان خۆیان واتەنی مەناتیقییە. خەڵکی پارێزگا جیاوازەکانی ناوچە سووننییەکان هەریەکە و خاوەن شوناسی تایبەتی خۆیەتی. ئایا ئەوە پەرە و بەردەوامی پێدەدرێت وەک بەشێک لە ڕێسای کۆنی بەڕێوەبردنی ئەویتر، کە بە پەرت بکە و زاڵ بە ناسراوە، یان خۆیان ناتوانن بە سەریدا زاڵ بن. دەبینیت چۆن جیاوازی کورد و کورد بە باشی ئیدارە دەدرێت و کوردیش بە ئاسانی دەهێنرێتە سەما.

دووەم، سووننەی عێراق لەوەدا لە کورد و شیعە جیاوازن کە کورسی و دەسەڵات بەشێکە لە کەلتووری سیاسییان. زمانی دەربڕینی ڕێزی دەسەڵاتی سووننە لە عێراقدا زۆر جیاوازترە لە زمانی دەربڕینی کورد و شیعە. کورد چونکە لە مێژوودا دەسەڵاتی نەبووە، خاوەن زمان و کەلتووری دەسەڵات نییە. بۆ ئەوانەی کە لە هەوادا دەژین ئەمە ڕەنگە ڕەهەندێکی پۆزەتیف بێت، بەڵام دواجار نیشانەی نەبوونی ئاگایی و شارەزایی دەسەڵاتییە. بۆیە لە ناو سووننەدا هەرکەسێک کورسی هەبێت پێگەی بۆ درووست دەبێت، هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە. بۆیە لابردنی حەلبووسی بە هەموو شێوەیەک کۆتایی ژیانی سیاسیەتی.

سێیەم، لە میانەی توێژینەوەکەمان دەربارەی سەرهەڵدانی حوکمی شەخس و خێزان لە عێراق، کە بەم زووانە لە دووتوێی کتێبێکدا بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی بڵاودەبێتەوە، ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە هێزە نوێیەکانی ناو کایەی سیاسی عێراقی خێراتر بەرەو حوکمی شەخس و خێزان دەڕۆن بە بەراورد بە هێزە تەقلیدییەکان. کۆمەڵێک هۆکاری زۆر هەیە لە پشت ئەم دیاردەوە، لەوانە کەلتوور، میدیا، ئابووری، لەگەڵ بوونی تێگەیشتنێکی ساویلکە لای خەڵک، کە هەندێک کەسایەتی هەیە، توانای زیاتر و باڵاتری هەیە لە ئەوانی تر، بە کورتی یانی کاریزمان، کە بۆ خۆی ڕەگی لە باوەڕی دینیدا هەیە. ئەمە بە تایبەتی لە سەردەمی پارە و میدیادا کەسەکان دەتوانن لایەنە لاواز و ناشیرینەکانیان بە پارە بشارنەوە. ئەم هەڵکشانەی حەلبووسی، هۆکاری لابردنی بوو، دیارە تەنیا لە بەر خۆی نا، بەڵکو لە بەر سووننە بە گشتی. لە عێراقێکدا کە دەبێت شیعە حوکمی بکات، نابێت سووننە جارێکی تر یەکگرتوویی و هێز بەرهەم بهێنن و بڕوا بەوە بهێنن کە دەبنە خاوەن دەسەڵات.

 

لە ناو سووننەدا هەرکەسێک کورسی هەبێت پێگەی بۆ درووست دەبێت، هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە. بۆیە لابردنی حەلبووسی بە هەموو شێوەیەک کۆتایی ژیانی سیاسییەتی

 

چوارەم، هێشتا ئەمریکا بە لابردنەکە ڕازی نییە و بە نادەستوری لە قەڵەم دەدات. لە ڕاستیدا لە ڕۆڵەکانی دادگای باڵا نییە کە دەستوەردان لە کەرتی تەشریعدا بکات، هەموو کارەکانی ناوبژیوانی نێوان دەسەڵاتە جێبەجێکەرەکانە. ئەمە بنەمای جیاکاری دەسەڵاتەکانە. جیاوازییەکان لە کەرتی تەشریعدا سیاسیین. بەڵام دەرئەنجام لاوازبوونی عێراقێکە کە کورد و سووننە هیچ پێگە و ڕۆڵکیان تیایدا نییە. بۆ نمونە ئێستا لە مشتومڕی ئەوەی کە کێ جێگەی حەلبووسی بگرێتەوە، دەبینین کە کەسایەتییە شیعییەکان بڕیاردەرن و هەریەک لە کەسایەتییە دیارەکانی شیعە کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پڕکردنەوە ئەو شوێنە. بە جۆرێک کە کابرای سووننە تەنیا کاتێک لە سەر کورسییەکە دادەنیشێت کە کەسایەتییەکی شیعە بۆی دابینکردبێت و هەر کاتێک ویستی دەتوانێت کورسییەکەی لە ژێڕ ڕاکێشێت.

دیارە دەبێت ڕەهەندی کاتیش لە بەرچاو بگرین. بۆ حەلبووسی کە نزیکەی ساڵێکە دەعوای لە سەرە ئێستا لا دەبردرێت؟ تەنیا جیاوازییەک لە نێوان ئێستا و ماوەی ڕابردوودا، هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنەکانی شارەوانییە. ئایا حەلبووسی لابردرا بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکەوتنی زۆری بکرێت و پاشان بەرەو فیدڕاڵیەتی سووننە هەنگاو بنێت؟

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...