شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

خوێندنەوەیەک بۆ دیاردەی توندوتیژی لەجیهاندا

بەبۆنەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانەوە

 

دەستپێك:

ڕۆژە جیهانییەکان کەناڵێکن بۆ بەبیرهێنانەوەی پرس-کێشە کۆمەڵگەییەکان، دواتر هۆشیارکردنەوەی بەکۆمەڵ، ناساندنی ناوک، قوڵایی و ڕەهەندە جیاوازەکانی کێشە و دیاردەکە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجی سەرەکی لەدیاریکردنی ڕۆژە جیهانییەکان، درووستکردنی جوڵە و ڕایەکی گشتی جیهانییە بۆ کەمکردنەوە و ڕێگریکردن و زاڵبوون بەسەر گرفتە بونیادییەکان لە ڕێگەی دانانی ستڕاتیژ و میکانیزمی گشتگیر و دیاریکراوەوە. هەموو ڕۆژێکی جیهانی چیڕۆک-ڕووداوێکی لەپشتەوەیە.

هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، چیڕۆکەکەی کوشتنی سێ خوشکی چالاکە لەلایەن دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەوە. دواتر ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە فۆڕمێکی جیهانی وەردەگرێت. ساڵانە بەدروشم و تێماTheme ی جیاوازەوە ئەم هەڵمەتە بەڕێوەدەچێت بۆ درووستکردنی جۆرێک لە ئاگایی و هۆشیاری. تێمای هەڵمەتەکەی ئەمساڵ “یەکگرتووبن، ڕێگری بکەن لە توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان UNITE! Invest to prevent violence against women and girls”، وادیارە لەگەڵ ئەم تێمایەدا، کۆمەڵێک داتا و ڕاستی Fact and Figures  هەیە لەبارەی دۆخی ژنانەوە دەبێت ئاماژەیان پێ بکەین.

 

ڕاستی و داتاکان Fact and Figures

بۆ ئەوەی لە هۆکارە بنەڕەتی و یارمەتیدەرەکانی توندوتیژی قوڵبینەوە Root causes and contributing factors  و لە وێنە جیهانییەکە تێبگەین، دەبێت چاوێک بخەینە سەر فاکت و داتای نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرانبەر دۆخ و هەلومەرجی توندوتیژی دژ بە ژنان لە جیهاندا.

 

-پرسی ژن کوشتن بەهۆی ژنبوون و هۆکاری ترەوە <Femicide & Homicide>

لە هەر کاتژمێرێک لەجیهاندا، ٥ ژن-کچ لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن تەنیا بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە(ژنبوونیانەوە) ئەوەی لە زمانی کۆمەڵناسی و ئەکادیمیدا پێیدەگوترێت Femicide یان Feminicide.  ٥٦٪ی بەهۆی هۆکاری ترەوە Homicide دەکوژرێن لەجیهاندا.

-لەساڵی ٢٠٢١، لەهەر ٥ ژنێک، یەکێکیان بەر لە ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان کردووە. واتە هاوسەرگیری پێشوەختەیان Early Marriage ئەنجامداوە.

– لە هەر سێ ژنێک، یەکێکیان لەژیانیاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەلایەن هاوسەری ئێستایان یان هاوسەری پێشوویانەوە.

-هەرچەند تاوەکوو ئێستا پێناسەیەکی گشتگیر نییە بۆ توندوتیژی لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە technology-facilitated violence بەڵام لە یەکێتی ئەوروپا لە هەر ١٠ ژنێک یەکێکیان لەتەمەنی ١٥ ساڵییەوە ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی Sexual Harassment بوونەتەوە. لە وڵاتانی عەرەبی، ٦٠٪ ژنان لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

-گۆڕانی کەشوهەوا Climate Change بووەتە هۆی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک، ئاوارەبوون و لەدەستدانی سەرچاوەکانەوە.

-کەمتر لە ٤٠٪ی ئەو ژن و کچانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لە جیهاندا داوای هاوکاری و یارمەتیان کردووە، لەو ڕێژەیەش زیاتر داوایان لە هاوڕێ یان کەسێکی نزیکیان کردووە.

-١٦٢ وڵات لەجیهاندا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی laws on domestic violence  تێپەڕاندووە و پەسەندکردووە. ١٤٧ وڵات یاسای گێچەڵی سێکسیان هەیە لە شوێنی کاردا. لەگەڵ ئەوەشدا، مەرج نییە هەموو ئەو یاسایانە دادپەروەر و بەگوێرەی پێودانگ-ستانداردی جیهانی و لەژێر ڕۆشنایی مافەکانی مرۆڤدا Based on human rights بن.

 

تێچووی ئابووری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی

Economic costs of violence

دیارە تێچووی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لە جیهاندا لە ڕووی ئابوورییەوە، بەشێوەی ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ، بینراو و نەبینراو، زۆر دەکەوێت لەسەر دەوڵەت. بۆ نموونە؛ مووچەی ئەوانەی لە شەڵتەرەکانی پاراستنی ژنان لە جیهاندا کاردەکەن ڕاستەوخۆ و بنیراوە، بەڵام تێچووی ڕزگاربوو و قوربانی Victim & Survivor و تاوانبار ناڕاستەخۆ و نەبینراوە و تێچووەکەی لەسەر حکوومەت و کۆمەڵگە دەکەوێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک ڤێتنام، ١.٤١ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی توندوتیژی دەچێت لەکۆی داهاتی بەرهەمی نیشتیمانی Gross Domestic Product.

-ساڵانە لە میسر ژمارەیەکی زۆر ڕۆژی کارکردن Working days بەفیڕۆدەچێت لە توندوتیژی خێزانیدا، هاوکات ١٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە کەرتی تەندروستیدا خەرج دەکرێت.

-تێچووی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی Gender Based Violence  لە یەکێتی ئەوروپا EU لە ٢٠٢١دا ٣٦٦ ملیار یۆرۆ بووە. لە ٧٩٪ی ئەو تێچووەش بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بووە.

 

توندوتیژی سێکسی Sexual Violence

لە ٦٪ی ژنان لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە. هاوکات ١٥ ملیۆن کچی هەرزەکاری تەمەن (١٥-١٩) ساڵ ڕووبەرووی سێکسی بەزۆر بوونەتەوە لەجیهاندا.

 

بازرگانیکردن بە ژن Trafficking in women

بە تەنیا لەساڵی ٢٠٢٠دا لە هەر ١٠ مرۆڤێک کە بازرگانی پێوەکراوە، ٦ی ژنە (٤ کچ و ٢ژن) کە زیاتریان بەدبەکارهێنانی سێکسییە.

 

توندوتیژی لە قوتابخانەدا

لە جیهاندا، لە هەر سێ قوتابییەکی کچ تەمەن (١١-١٥) ساڵ لە قوتابخانەدا، یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە لەلایەن هاوڕێکەیەوە.

 

خەتەنەکردنی ژنان Female Genital Mutilation

بەلایەنی کەمەوە ٢٠٠ ملیۆن ژن و کچی تەمەن (١٥-٤٩) ساڵ لە جیهاندا، بەهۆی خەتەنکردنیانەوە ئازار دەچێژن لە ٣١ وڵاتدا کە هێشا خەتەنە تێیاندا قەدەغەنەکراوە.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس

بەپێی ڕووپێوییەکی جیهانی، ٧٣٪ی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی سەرهێڵ On-line بوونەتەوە بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردن و لەکایەی سیاسەتدا.

 

هۆکارەکانی توندوتیژی

لە ئەدەبیاتی توندوتیژیدا بەشێوەیەکی گشتی دوو گرووپ/کاتیگۆری لە هۆکار دیاریکراون: یەکەم: هۆکاری بنەڕەتی Root Cause کە هەردوو پایەی (نایەکسانی جۆری کۆمەڵایەتی Gender inequality و خراپ بەکارهێنانی هێز Abuse of power) لەخۆدەگرێت.

 

دووەم: هۆکاری یارمەتیدەر Contributing Factors

وەک نەبوونی پەروەردە Lack of education و ژینگە و داب و نەریت و هەژاری و ململانێ و نەبوونی سیاسەتی پاراستن و زۆر هۆکاری تر.

 

دووماهی:

تێگەیشتن لە دیاردەی زەبروزەنگ و توندوتیژی، پێویستی بە ڕامان و وردبوونەوەیە لە پێکهاتە و سیستەمی کۆمەڵایەتی، سروشتی گرووپەکانی، کۆدەزگا و پەیوەندی و نۆڕمەکانی و … هتد هەموو توندوتیژی یان زەبروزەنگێکی بەرهەمهاتوو و ئامادە، زەمینە و هەلومەرجی تایبەت بەخۆی هەیە، بەتایبەت توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی GBV و SGBV کە پاڵنەر و هۆکار و دەرهاوێشتەکانی فرەچەشن و فرەڕەهەندن و دەبێت بە ڕێگەی ئامرازی فرە بوارەوە Inter-disciplinary field مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و لێی بکۆڵرێتەوە، بەتایبەت توێژینەوەی زانستی بەردەوام، بوونی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە زەبروزەنگ و بەرهەمهێنانی داتای پاک و تازە، بەتایبەت کاتێک دیاردەی توندوتیژی بەوە دەناسرێت کە دینامیکیەتێکی زۆری تێدایە و بەردەوام خۆی دەگۆڕێت و بەرهەمدەهێنێتەوە.

 

تێبینی: داتاکان لەلایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەیان Data collection بۆ کراوە، بەمیتۆدی تایبەت بەخۆیان.

 

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...